٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

شارەزایەکی نێودەوڵەتی: ئێران دەیەوێت لەسەر ئاستی فەرمیی و باڵادا مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا بکات

سەرچاوە: KDP.info

 

هه‌ولێر-KDP.info-  شارەزایەکی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان وەڵامەکەی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ وەزارەتی پیشمەرگەی کوردستان، بە وەرچەرخانێکی ئەرێنی دەزانێت.

لێدوانێکی سەرلەشکری ئێران لەسەر پرسی ریفراندۆم، بووە هۆی وەڵامدانەوە لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستانەوە، دواتریش وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە فەرمیی وەڵامی وەزارەتی پێشمەرگەی دایەوە.
لەوبارەوە (د.رێبوار بابکەیی) شارەزا لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و مامۆستای زانکۆی سەڵاحەددین، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "باشترە بۆ وڵاتی ئێران لەگەڵ هەرێمی کوردستان نەرم بێت"، ناوبراو نموونە بە بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی دەهێنێتەوە و دەڵێت، "وەکچۆن ئێران باوەشی بۆ حەماسی سوننەمەزهەبی فەڵەستینی کردەوە، بۆ کوردستانیش بەو شێوە بێت، چونکە سوودی بۆ خۆی دەبێت".

دژایەتیکردنی کۆماری ئیسلامی ئێران بەرانبەر هەرێمی کوردستان لەسەر پرسی ریفراندۆم دەیکات، هۆکاری خۆی هەیە و (بابکەیی) لەبارەوە گوتی، " لە دوای ریفراندۆم ئەگەر کوردستان ببێتە دەوڵەت، هاوسەنگیی وڵاتانی شیعە و سوننەمەزهەب لە ناوچەکەدا دەگۆڕێت، ئێرانیش ئەو گۆڕانکارییە بە قازانجی خۆی نابینێت".

دوێنێ دوو شەممە رێککەوتی ٢١-٨ وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە رێی (بەهرام قاسمی) گوتەبێژی فەرمیی وەزارەتەکەیەوە، وەڵامی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستانیان دایەوە، بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵنێری (تەسنیمی) ئێرانی سەرلەشکر (باقری) سەرۆکی ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران، گوتبووی، "ریفراندۆم موستەحیلە و نابێت بکرێت"، گوتەبێژی وەزارەتی پێشمەرگەش بە فەرمیی و لە وەڵامێکدا رایگەیاند، بە گشت لایەکی رادەگەیەنن، کە قسەکردن لەسەر مافەکانی خەڵکی کوردستان کاری ئەو بەڕێزە نییە و ئەوە بە دەستتێوەردانێکی ئاشکرا لە کاروباری ناوخۆی کوردستان هەژمار دەکرێت، جیا لە خەڵکی کوردستانیش کەس بۆی نییە قسە لەسەر مافەکانی بکات.

وەڵامدانەوەی کۆماری ئیسلامی بە شێوەی فەرمیی و لە رێی وەزارەتی دەرەوەیانەوە، نەک لەسەر ئاستی تاک، بەڵکە (رێبوار بابکەیی) بە وەرچەرخان و پێشوەچوونی ئەو وڵاتە و گۆڕانی شێوازی مامەڵەی ئەو وڵاتەی دەگێڕێتەوە، گوتیشی، "گواستنەوەی خیتابی ئێران لە تاکەوە بۆ ئاستی وەزارەتی دەرەوە، کە وەڵامی وه‌زاره‌تی پێشمەرگەی حكوومه‌تی هەرێمی کوردستانیان داوەتەوە، پێشوەچوونێکی روونە، کە ئەو وڵاتە دەیەوێت لەسەر ئاستی فەرمیی و باڵادا مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا بکات".

چاودێرێکی سیاسییش لەسەر ئەو باوەڕەیە، کە ئێران باش دەزانێ کە گەلی باشووری کوردستان بڕیاری داوە لە ٢٥ـی مانگی دابێ، بڕیار لە مافی چارەنووسی خۆی بدات، ئینجا سەرباری ناڕەزایەتییەکەی بۆ ئەم پرسە چارەنووسسازە، کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی وەزارەتی دەرەوەیدا کە وەڵامی وەزارەتی پیشمەرگەی کوردستانی دایەوە، ناڕاستەوخۆ دداننانە بە سەروەریی باشووری کوردستان و مامەڵەکردنە لەگەڵ واقیعدا.

خێڵان بەختیار

هەواڵی پەیوەندیدار