سەعدی پیرە: ئەوەی لە د. ڕۆژ و لەسەر زاری منەوە نەگوترابێ، ڕاست نییە

هەولێر-KDP.info- دەربارەی دەنگۆی ئەوەی کە گوایە شاندی باڵای ڕاپرسی لەگەڵ حکوومەت و لایەنە سیاسییەکانی عێراقدا، باسی پارە و پۆستی کردبێ، (سەعدی ئەحمەد پیرە) ڕایگەیاند، ئامانجی چوونی شاندەکە بۆ بەغدا، دیالۆگ بووە لەبارەی ڕاپرسی بۆ سەربەخۆیی و، هەرچیی دیکە لێرەولەوێ باس کرابێ، ڕەت دەکەنەوە.
(سەعدی ئەحمەد پیرە) ئەندامی شاندی کوردستان بۆ بەغدا، کە هاوکات ئەندام و گوتەبێژی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانە، ئاماژە بە ئامانجی چوونی شاندی ئەنجوومەنی باڵای ڕاپرسی بۆ بەغدا گوتی، "بۆ ئەوە بووە کە دیالۆگ لەگەڵ لایەنی عێراقی دەست پێ بکات و پێشوازی باشی لێ کرا و، ئامانجەکەمان کە سەربەخۆییە بە ئەوانمان گەیاند."
دوێنێ دووسەممە، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لەسەر زاری (مەلابختیار) کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی یەکێتییەوە، لەبارەی گفتوگۆی نێوان شاندی باڵای ڕاپرسی بۆ بەغدا بڵاوی کردووەتەوە، کە ڕەنگە بە گەڕانەوەی شاندەکەی کوردستان لە بەغداوە، بابەتی دواخستنی ڕاپرسی گفتوگۆی لەبارەوە بکرێ و، لە کۆبوونەوەکانیشدا بابەتی پۆست و دانەوەی قەرزەکانی هەرێمی کوردستان باس کراون.
لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا کە ئەمڕۆ سێشەممە بۆی ساز درا، (پیرە) لەوبارەوە جەختی کردەوە، "هەندێ کەناڵ و کەسایەتی قسەی لەبارەی کۆبوونەوەکانەوە هەبووە، بەڵام هەرچیی (د. ڕۆژ) و من نەمانگوتبێ، ڕاست نییە، جا لەبەر ئەوە کە لێرەولەوێ باسوخواسێک لەسەر زاری منەوە گوترابێ کە گوایە من زانیارییم دابێ، ناڕاستە و کە باسی لەوجۆرە هەبووبی، من خۆم دەیڵێم."
ئەو ئەندامەی شاندی کوردستان بۆ بەغدا، کە نوێنەرایەتیی یەکێتیی نیشتیمانی دەکات، دووپاتی کردەوە، "لە هیچ کۆبوونەوەیەکدا نە پۆست نە پارە باس نەکراوە، خۆی ئێمە باسی پێشێلی دەستوورمان کردووە کە عێراقی نوێ لەسەر بنیاتن نراوەتەوە. بۆیە ئەم باسانە بە تووندی ڕەت دەکەینەوە."
گوتیشی، بڕیارە کە سبەینێ چوارشەممە، شاندی کوردستان لەگەڵ ئەنجوومەنی باڵای ڕاپرسی بۆ سەربەخۆیی کۆ ببێتەوە و ئەوەی کە دەستیانکەوتووە، دەیخەنە بەر باسەوە و، دواتر زانیاری لەبارەی نێوەرۆکەکەی بۆ مێدیاکان ئاشکرا دەکرێ.




