پارتی پاکێجێکی شەش خاڵیی دایە گۆڕان؛ مەحموود محەمەد: چارەی سەرجەم کێشەکان لەخۆ دەگرێت

سلێمانی-KDP.info- ئەمڕۆ لە سلێمانی پارتی دیموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان کۆ بوونەوە و لە کۆبوونەوەکەدا پارتی پاکێجێکی شەش خاڵیی دایە گۆڕان کە چارەی سەرجەم کێشەکان لە خۆ دەگرێ.
پارتی دیموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان ئەمڕۆ لە سلێمانی سەبارەت بە چارەکردنی دۆخی کوردستان و پێوەندیی نێوانیان کۆ بوونەوە؛ پێوەست بە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە (مەحموود محەمەد)، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، کە ئەندامی شاندەکەیە، بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن ئاشکرای کرد کە پارتی پاکێجێکی شەش خاڵیی داوەتە گۆڕان و، چارەی سەرجەم کێشەکان لەخۆ دەگرێت.

گوتەبێژی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بە خاڵەکانی پاکێجەکە کرد، کە ئەمانەن:
١- ڕێکخستنەوەی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانمان.
٢- کاراکردنەوەی پەرلەمان.
٣- بەکارهێنانی تەواوی توانای ناوخۆیی و دەرەکی بۆ پشتیوانیکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەوڵەکانی چاککردن و ڕێکخستنەوەی بواری ئابووری و باشترکردنی بژێوی ژیان و مووچەکانی هاونیشتیمانیان.
٤- بابەتی ڕیفراندۆم وەکو پرسێکی نەتەوەیی و نیشتمانی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و تواناکانمان بخەینە گەڕ بۆ ئەنجامدان و سەرخستنی.
٥- لەگەڵ تەواوی لایەنەکانی بەشدار لە پرۆسەی سیاسیی کوردستاندا هەوڵ بدەین کەشوهەوایەکی سیاسیی کۆمەڵایەتی و ئیعلامیی گونجاو ئامادە بکەین بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان لە کاتی خۆیدا.
٦- پشتیوان و هاوکار بین لە بەرنامەی چاکسازیدا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، کە ئێستا لە لایەن دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی هەرێمەوە لە چوارچێوەی یاسا و ڕێساکاندا بەڕێوە دەچێت.
شایانی باسە شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان، بریتیی بوون لە: (فازڵ میرانی)، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی، بە ئەندامێتیی هەڤاڵانی مەکتەبی سیاسی (ئازاد بەرواری، مەحمـوود محەممەد، جەعفەر ئیبراهیم، عێزەددین بەرواری و ڕێبوار یەڵدا)، کە لەگەڵ (عومەری سەیدعەلی)، ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان و ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕان کۆ بوونەوە.
خێڵان بەختیار




