شاندی ڕیفراندۆم؛ بەغدا هەموو شتێکی خستینە بەردەم بۆ دواخستنی ڕیفراندۆم، بەڵام ئێمە ڕازی نەبووین

هەولێر-KDP.infoشاندی ڕیفراندۆم کە لە بەغدا بوو، زیاتر لە ٤٠ کۆبوونەوەی ئەنجام داوە و لایەنە عێراقییەکان زۆر شتیان خستووەتە بەردەمیان بۆ ئەوەی ڕیفراندۆم دوا بخرێت، بەڵام وەک ئەندامێکی شاندەکە دەڵێ، ئەوان ڕازی نەبوون.
بۆ ماوەی یەك هەفتە شاندی باڵای ڕیفراندۆم لە بەغدا بوون و زیاتر لە 40 كۆبوونەوەیان لەگەڵ لایەنی حكوومی و لایەنە عێراقییەكان و باڵوێزەكان ئەنجام دا، لە هەموو ئەو كۆبوونەوانەدا باسیان لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی كوردستانیان كرد، لایەنەكانیش ددانیان بەوەدا نا، كە مافی خەڵكی هەرێمی كوردستانە چارنووسی خۆی دیاری بكات، هەروەها بەوەش ڕازی نەبوون ڕیفراندۆم لە بەغدا دوا بخەن.
(ماجد بازرگان)، ئەندامی شاندی باڵای ڕیفراندۆم بۆ بەغدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: ''كۆبوونەوەكانی ئێمە لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان و باڵوێزەكان باش بوو، لەبەر ئەوەی ئێمە بۆ ئەوە چووبووینە بەغدا، كە پەیامی خەڵكی كوردستان ببەین بۆ حكوومەت و لایەنە سیاسییەكان و پێیان بڵێین، ئێمە خۆمان ئامادە كردووە بۆ ڕیفراندۆم، لەبەر ئەو پێشەڵكارییانەی كە لە ماوەی 14 ساڵی ڕابردوودا بەرامبەر بە گەلی كوردستان كراون. هەموویان لەگەڵ ئەوە بوون كە گفتوگۆكان بەردەوام بن، ئێمە بە هیچ شێوەیەك ڕازی نەبووین لە بەغدا ڕیفراندۆم دوا بخەین، ئەوان هەموو شتێكیان خستە بەردەم ئێمە كە ڕیفراندۆم دوا بخەین، بەڵام ڕازی نەبووین، ئێمە گوتمان گفتوگۆكان بەردەوام دەبن، چ لە پێش ڕیفراندۆم، چ لە دوای ڕیفراندۆم، ئەوان هەندێك تێبینیی ئێمەیان بردووە بۆ سەركردەكانی خۆیان بۆ ئەوەی گفتوگۆی لەسەر بكەن و لە ماوەی دوو هەفتەدا وەڵامەكانیان بۆ ئێمە دێننەوە و لە هەولێر گفتوگۆی لەسەر دەكەین.''
(وەحیدە یاقوو هورمز)، نوێنەری كریستییانەكان لە پەرلەمانی كوردستان بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستانی ئاشکرا كرد: ''چوونی شاندی باڵای ڕیفراندۆم بۆ بەغدا و كۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان شتێكی زۆر باش بوو، چونكە شاندی كوردستان بە ئەوانی ڕاگەیاند، هەرێمی كوردستان بڕیاری خۆی دەدات، بۆ ئەوانیش دیار بوو كە هەرێمی كوردستان دەیەوێت ڕیفراندۆم بکات و سەربەخۆ بێت، هەروەها بۆ ئەوان ڕوون بووەوە، كە هەرێمی كوردستان بۆچی دەیەوێت سەربەخۆ بێت، لەگەڵ ئەوەی شاندەكە ڕازی نەبوو بە دواخستنی ڕیفراندۆم، بەڵكو تەئكیدیان لەوە كردەوە كە ڕیفراندۆم لە كات و ساتی خۆیدا ئەنجام دەدەرێت، بەوەش بۆ لایەنە عێراقییەكان دیار بوو، كە ئەوە بڕیاری خەڵكی كوردستانە و لە كاتی خۆیدا كە 25/9ـیە جێبەجێ دەکرێت، بۆیە چوونی ئەو شاندە شتێكی باش بوو تا بەغدا هیچ بیانوویەكی بۆ نەمێنێتەوە، هەتا بیانوو بۆ وڵاتانی جیهانیش نامێنێتەوە.''
لە لایەكی دیكەوە، (مونا قەهوەچی)، ئەندامی لیژنەی باڵای ڕیفراندۆم بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كورستانی ڕوون كردەوە: ''سەردانی شاندی باڵای ڕیفراندۆم بۆ بەغدا، سەردانێكی باش بوو، باشە گفتوگۆ و ڕێككەوتن هەبێت، بەڵام پێم وا نییە بگەینە دەرئەنجامێك بۆ چارەكردنی كێشەكان، بۆیە بەدیلی ڕیفراندۆم، لای ئێمە تەنیا سەربەخۆییی كوردستانە.''
(مونا قەهوەچی) ئاشكراشی كرد: ''لەم هەفتەیەدا ئەو لیژنەیەی سەردانی بەغدای كردبوو لەگەڵ سەرۆكی هەرێم و لیژنەی باڵای ڕیفراندۆمی هەرێمی كوردستان كۆ دەبێتەوە و ڕاوبۆچوونی ئەوان وەردەگرین، بەڵام دواخستنی ڕیفراندۆم مەحاڵە و قابیلی قسەكردنیش نییە، چونكە ئەوە بڕیاری خەڵكی كوردستانە، بۆیە بەدیلی ڕیفراندۆم لای ئێمە تەنیا سەربەخۆییی كوردستانە.''
ڕابین شێروانی




