٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

''ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ مانەوە لە عێراق درەنگ کەوتووە؛ بڕیارە دروستەکە ڕیفراندۆمە''

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  شاندی ڕیفراندۆمی کوردستان لە بەغدا بۆ لایەنە عێراقییەکانی دەرخست، کە بەغدا خەرقی دەستووری کردووە و تازە ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ مانەوە لەگەڵ عێراق درەنگ کەوتووە، بۆیە وەک چاودێران دەڵێن، بڕیارە دروستەکە ئەنجامدانی ڕیفراندۆمە.

  لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی ''عوکاز''ی سعوودی، (سەرۆک بارزانی) جەختی لە سووربوون لەسەر ئەنجامدانی ڕاپرسی بۆ سەربەخۆییی باشووری کوردستان کردەوە و گوتی، لە ئەنجامدانی پرۆسەی ڕیفراندۆم پاشەکشە ناکەین.

لەمبارەیەوە چاودێری سیاسی و ماموستای زانکۆ، (د. ساڵح مەلا عومەر) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''وەفدی ھەرێمی کوردستان چووەتە بەغدا بۆ ئەوەی زەمینە خۆش بکات بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، نەک بۆ ئەوەی کێشەکان لەگەڵیان چارە بکات، نەک بۆ ئەوەی ئەوان قبووڵی بکەن، یان نا. چونکە پێویستە بۆ ئەنجامدانی ئەو پرۆسەیە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بکرێت.''

لەبارەی دەنگۆی ئەوەی کە شاندی ھەرێمی کوردستان پاشەکشەی لە ڕیفراندۆم کردووە و ئامادەیی بۆ دانوستان دەربڕیووە، (د. ساڵح مەلا عومەر عیسا) گوتی: ''ھەندێک لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن دەنگۆی ئەوەیان بڵاو کردووەتەوە، کە شاندی ھەرێم لە بەغدا سازشی کردووە، ڕیفراندۆم ئەنجام نەدرێت و بۆ چارەکردنی کێشەکان گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا دەکات، بەڵام پەیامی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، کە باسی لەوە کرد، ھەرێمی کوردستان بە ھیچ شێوەیەک لە ئەنجامدانی پرۆسەی ڕیفراندۆم پاشگەز نابێتەوە و لە کاتی خۆیدا بەڕێوە دەچێت، ئەو دەنگۆیەی ڕەت کردەوە.''

(د. ساڵح مەلا عومەر عیسا) گوتی: ''بە پێی ئەو ئەزموونەی لەگەڵ بەغدامان ھەیە ھیچ ئومێدێک نەماوە بۆ ئەوەی لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەکان بگەینە ڕێککەوتنێک لەگەڵ بەغدا، بۆیە ھەرێمی کوردستان لە وادەی خۆیدا پرۆسەی ڕیفراندۆم ئەنجام دەدات.''

(عیسا) ڕاشیگەیاند: ''پەیامی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان کە پێداگیری دەکات لە ٢٥/٩ پرۆسەی ڕیفراندۆم ئەنجام بدات، پەیامێکە بۆ جیھان و ناوخۆ و بەغداش، کە گەلی کورد ڕیفراندۆم ئەنجام دەدات، ئینجا بەغدا ئەمە قبووڵ بکات، یان نا، پرۆسەکە بە سەرکەوتوویی ئەنجام دەدرێت.''

چاودێری سیاسی (موئەید تەیب) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''چوونی شاندی ھەرێمی کوردستان بۆ بەغدا ئەرێنییە، چونکە تەنیا لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان کۆبوونەوەیان ئەنجام نەداوە، بەڵکو سەردانی باڵوێزخانەی ئەمەریکا و ئێران و کەسایەتیی دیاری عێراقی و مەرجعیەتی شیعەکان کراوە، بۆیە ھەر ھەوڵێکی دیپلۆماسی بۆ ڕوونکردنەوەی دۆزی گەلی کورد کارێکی ئەرێنییە.''

(موئەید تەیب) ئاماژەی بە خاڵێکی گرینگ کرد کاتێ گوتی، ''لەو سەردانەی شاندی ھەرێمدا بۆ بەغدا ڕوون بووەوە کە ئەوان پابەندی دەستووری عێراق نەبوونە، بۆیە ھەر ھەوڵێک بۆ جێبەجێکردنی دەستوور، ھیچ ئەنجامێکی نابێت و کاتەکەی درەنگە بۆ جێبەجێکردنی و ناکرێت چیتر چاوەڕێی بەغدا بکەین، چ ھەڵوێستێکی دەبێت و میللەتی کورد لە ٢٥/٩ بڕیاری خۆی دەدات و لە پرۆسەی ڕیفراندۆمدا دەنگ دەدات.''

لەسەر ئەو باوەڕەیشە کە گەلی کورد یەکەم جارە ئەو دەرفەتەی بۆ ھاتووەتە پیش بۆ ئەوەی بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات، چونکە لە ڕابردوودا خەڵکانی دیکە بڕیاریان لە چارەنووسی گەلی کورد داوە و ھەمیشە کوردستان دابەش کراوە و دژایەتی کراوە و زوڵم و زۆرداریی لێ کراوە و پیلانیان دژی گێڕاوە، بۆیە دەرفەتێک ھاتووەتە پێش و پێویستە لەدەست خۆمانی نەدەین و نابێ بەرامبەر ھیچ فشار و ھەڕەشەیەک دەستبەرداری ئەوپرۆسەیە بین.

بڵند ئیبراھیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار