ماجد بازرگان: ھەموولایەکمان ئاگادار کردۆتەوە، ڕیفراندۆم لەكاتی خۆیدا دهكرێت

بهغدا-KDP.info- ئەندامێکی لیژنەی شاندی ھەرێم بۆ بەغدا دەڵێت، ھاوپەیمانی شیعەکان داوا دەکەن ریفراندۆم دوابخرێت تاوەکو گفتوگۆکان دەگەنە ئەنجامێک، ئێمەش داوامانکردووە ریفراندۆم ئەنجام دەدەین و گفتوگۆکانیش تاوەکو دوای ریفراندۆم بەردەوام دەبن، بڕیاریشە ئەمشەو کۆبوونەوەیەکی گرنگ لە نێوان ھەردوولا ئەنجامبدرێت.
(ماجد بازرگان) ئەندامی لیژنەی شاندی هەرێم، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "ئەمڕۆ لەگەڵ چەند لایەنێکی دیکە کۆبوونەوە ئەنجامدەدەین و، بڕیاریشە شەو کۆبوونەوەیەکی گرنگ لە نێوان ھاوپەیمانی نیشتیمانی و شاندی ھەرێمی کوردستان ئەنجامبدرێت، چونکە ئەوان چەند پڕۆژەیەکیان ھەیە و ئێمەش پڕۆژەی خۆمان ھەیە".
(بازرگان) گوتیشی، "ھاوپەیمانی شیعەکان داوا دەکەن گفتوگۆکان بەردەوام بن تاوەکو دەگەنە ئەنجامێک ریفراندۆم دوا بخرێت، بەڵام ئێمە بەوە رازی نین و وتوومانە ریفراندۆم ئەنجام دەدەین و باگفتوگۆکانیش بەردەوام بن".
لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم لە وادەی خۆیدا (ماجید بازرگان) گوتی، "بە ھەموو شێوەیەک سووربوونی خۆمان لە بارەی ئەنجامدانی ریفراندۆم بە ھەموو لایەک راگەیاندووە"، ناوبراو ئاماژە بەوەش دەکات لەوای گەڕانەوەی شاندەکەیان بۆ ھەرێمی کوردستان، دوای تاوتوێ کردنی ئەنجامی سەردانەکەیان بڕیاری تر دەدرێت.
بڵند ئیبراھیم




