شێخ مەحموود حەفیدزادە: با لە ڕقەوە پشت نەکەینە نیشتیمان و، ئەم دەرفەتە لە دەست نەدەین

سلێمانی-KDP.info- ئاماژە بە پێشێلکاریی دەستوور و پشتگوێخستنی ماددەی ١٤٠ لەلایەن دەستەڵاتدارانی عێراقەوە و، بابەتی راپرسی بۆ سەربەخۆیی لە باشووری کوردستان، (شێخ مەحموود حەفیدزادە) ڕایدەگەیێنێ، "زۆر گرینگە لە سلێمانی و لە هەموو کوردستاندا سەبارەت بە بەڵێ دەنگ بدەین" و دەڵێ، "با لەبەر خاتری کەس نیشتیمانمان خۆش نەوێت، بەڵکو بە ئەرکی خۆمانی بزانین خزمەتی بکەین، هەروەها با لە رقی هیچ کەسیش پشت نەکەینە نیشتیمان، ئەوەی لە بەرژەوەندیی گەلەکەمانە بە دڵ و بە گیان ئەنجامی بدەین٠"
"ئەوەی شەراکەتی نیشتیمانی تێکدا و متمانەی نەهێشت عێراق بوو"
ئێستا باشووری کوردستان لە ئاستانەی هەنگاونان بۆ سەربەخۆییە و وەک بڕیاری لێ دراوە، ٢٥ـی مانگی دابێ، پڕۆسەی ڕاپرسی بەڕێوە دەچێت و، لە ڕێیەوە کوردستانیان بە دەنگدانیان بۆ ئەم پرسە، بڕیار لە چارەنووسی خۆیان دەدەن.
بڕیاردان لە کاتێکدایە کە، پاش ١٤ ساڵ لە ڕووخانی ڕژێمی بەعسی سەرکوتکار و بنیاتنانەوەی عێراقێ نوێ لەسەر بنەمای دەستووری نوێ بۆ ئەو وڵاتە کە سەدا هەشتای عێراقییەکان دەنگیان بۆی داوە، کەچی هێشتا بڕیاربەدەستانی بەغدا ماددە دەستوورییەکانی پێوەست بە شەراکەتی حەقیقی و مافەکانی کورد پێشێل دەکەن.
لەمبارەوە (شێخ مەحموود حەفیدزادە) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، "ئەوەی شەراکەتی نیشتیمانی تێکدا و متمانەی نەهێشت عێراق بوو!، بۆ نموونە ماددەی ۱٤٠ـی دەستوور کە بە لای ئێمەی گەلی کورد و سەرکردایەتییە سیاسییەکەیەوە گرینگیی لەڕادەبەدەری هەیە لە ڕووی بیروباوەڕ و ویژدانیشەوە، یەکێکە لە ئامانجە گرینگەکان؛ کە بەداخەوە لە دوای چەندین ساڵ چاوەڕوانی، هیوامان لەسەر جێبەجێکردنی هەڵچنی بەو ئومێدەی ئەو ستەمە گەورەیەی کە دەرهەق بە گەلی کورد کرا لە سەردەمی حوکمەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراقەوە، لە سەردەمی عێراقی نوێدا قەرەبووی هەموو ئەو تاوان و پێشێلکاریانە بکرێتەوە بەتایبەت جێبەجێکردنی ماددەی ۱٤٠. بەڵام عێراقی نوێ ئەو داوا و مافە ڕەوایەی کوردی پشتگوێ خست و پێشێلی دەستووری کرد."
(شێخ مەحموود حەفیدزادە) زۆرتر لەسەر ئەم پرسە هەڵوەستە دەکات و ڕایدەگەیێنێ "تا بە هێز و قارەمانەتیی پێشمەرگەی کوردستان و خوێنی شەهیدان، ئەو جەستە بەزۆر دابڕاو و داگیرکراوە لکێنرایەوە بە خاکی پیرۆزی کوردستانەوە، لەم عێراقە نوێیەدا هەستمان بە شەراکەتێکی ڕاستەقینە نەکردووە. تائێستا دەیان ماددەی دەستوور پێشێل کراون و، خواستێک نابینین بۆ پێکەوەژیان؛ لەبەر ئەم هۆکارانە کورد دەبێت هۆشیارانە بجووڵێتەوە و پێداگری لەسەر مافەکانی بکات، بەهەر ڕێگایەک کە گونجاو بێت و بەرژەوەندییە باڵاکانی تێدا بدۆزێتەوە.
"هەرگیز چاوەڕێی ئەوە نەبین بە دیاری و خەڵات، بڵێن ئەمە دەوڵەت و پێشکەشتان دەکەین"
رەخساندنی دەرفەتی لەبار بۆ وەها پرسێکی نیشتیمانی و نەتەوەیی کە راپرسییە بۆ سەربەخۆیی، لێرەولەوێ زۆر دەگوترێتەوە و (شێخ مەحموود حەفیدزادە)ش باوەڕی وایە، کە بێگومان ڕەخساندنی هەلومەرجی لەبار و زەمینە گرینگە بۆ گەلی کورد لە پێناو هێنانەدی ئەم ئامانجە پیرۆزە، "چونکە هەموو دەزانین لە ڕووی جیۆپۆلەتیک و هەڵکەوتەی جیۆگرافییەوە ئاستەنگی گەورەمان بۆ دروست کراوە، هەر ئەوەش وایکردووە لە چەند سەدەی ڕابوردووەوە تائێستا کورد نەیتوانیوە بەو مافە ڕەوا و سرووشتییەی خۆی شاد بێت."
هاوکات جەخت دەکاتەوە لەوەی کە "بەڵام دەبێت ئەوەش بزانین، هەرگیز چاوەڕێی ئەوە نەبین بە دیاری و خەڵات لەسەر سینییەک، بڵێن ئەمە دەوڵەت و پێشکەشتان دەکەین، شتی وا ڕوو نادات هەرگیز. بەڵکو دەبێت بوێرانە خەباتی بۆ بکەین و سوور بین لەسەر ماف و داواکارییەکانمان، هەل و دەرفەتەکان بقۆزینەوە.
من پێم وایە بە یەکڕیزی و یەکگرتووییی گەلەکەمان، هەموو ئەو ئاستەنگانە نامێنن و کورد دەگاتە دوامەنزڵگای ئامانجەکانی کە سەربەخۆییی کوردستانە، جا ئەمڕۆ بێت یا سبەی."
"گرینگە هیچ دەرفەتێک لە دەست نەدەین"
سەرباری جیاوازی لەبارەی میکانیزم و کاتی بڕیاردان لە چارەنووس لە ڕێی ڕاپرسی بۆ سەربەخۆیی باشووری کوردستان لە نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکاندا، کۆی لایەنەکان کۆکن لەوەی هەلومەرجی هەرێمی و نێودەوڵەتی بۆ بڕیاردان لەبارە.
(شێخ مەحموود حەفیدزادە) پێوەست بەم باسە گوتی "زۆر گرینگە بۆ ئێمەی کورد هۆشیارانە هەڵسوکەوت بکەین و هیچ دەرفەتێک لە دەست نەدەین لەئێستا و ئایندەدا، بزانین چۆن هەنگاو هەڵدەگرین چۆن بەرژەوەندییەکانمان دەپارێزین."
ئەو جەخت دەکاتەوە "بێگومان لە بەرژەوەندیی گەلی کوردستاندا دەبێت هێز و سەرکەوتنی هەرگەلێک لە یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیاندایە.
ئومێدەوارم بە گشتی پارت و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، کۆتایی بە ناکۆکییە سیاسییەکانیان بهێنن و لەم قۆناغەدا یەکگوتار و هاوهەڵوێست بن، کە زۆر گرینگە."
خاڵی لاوازی گەلی کورد، بە درێژاییی مێژووی ڕزگاریخوازییەکەی کە بۆ دربازبوون لە ستەم و گەیشتن بە مافە ڕەواکانی بووە، جۆریک لە پەرتەوازەیی و نەبوونی یەکڕیزیی نێوان هێزە سیاسییەکانی بووە، پەیامی (شێخ مەحموود حەفیدزادە) لەمبارەوە ئەوەیە "پەیامی من هەمیشە ئەوەیە ئێمە دەبێت بزانین خاڵی لاوازمان ئەوەبووە، کە بە درێژاییی مێژوو پەرتەوازە و یەکگرتوو یەکڕیز نەبووین، شکستەکانیشمان هەر بۆ ئەو هۆکارە دەگەڕێتەوە. بۆیە پێویستە هەمیشە تەبا و هاوهەڵوێست بین، بەتایبەت لەسەر پرسە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکان، لەئێستایشدا کە ئەم باتە هاتووەتە پێش، پێویستمان بە یەکڕیزی و هاوهەڵوێستی هەیە تا پێکەوە بڕیار بدەین لەسەر بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەکەمان."
"پێویستە هۆشیارانە هەڵسوکەوت بکەین"
(شێخ مەحموودی حەفید) ۸٠ساڵ پێش ئێستا لە وتارێکدا دەڵێت: "ئازادیی گەلان بەندە بە یەکگرتنیانەوە. هەر لەو وتارەیدا دەڵێت: دەبێت گەل خۆی تێبکۆشێ بۆ پێکهێنانی کیانی خۆی"، لەبەر ڕۆشنایی ئەم گوتانەی (شێخی نەمر)، (شێخ مەحموود شێخ کاوە حەفیدزادە) دەڵێ "لە هەموو بارێکدا پێویستە هۆشیارانە هەڵسوکەوت بکەین و، لەبەر خاتری کەس نیشتیمانمان خۆش نەوێت، بەڵکو بە ئەرکی خۆمانی بزانین خزمەتی بکەین، هەروەها با لە رقی هیچ کەسیش پشت نەکەینە نیشتیمان، ئەوەی لە بەرژەوەندیی گەلەکەمانە بە دڵ و بە گیان ئەنجامی بدەین٠"
هێڤیار هەڵەبجەیی




