تاریق جامباز: جیھان پشتگیری لە داواکاریی گەلی کوردستان دەکات

هەولێر-KDP.info- چاودێرێکی سیاسی پێی وایە، چوونی شاندی باڵای ریفڕاندۆم بۆ بەغدا ھەنگاوێکی باشە و، بەلەبەرچاوگرتنی ئەزموونی ڕابردووی نێوان هەولێر و بەغدا، پێی وایە، عێراق ئامادە نابێ ددان بە مافەکانی کورددا بنێت.
دوێنێ شاندی باڵای ئەنجوومەنی باڵای ریفڕاندۆم سەردانی بەغدای پایتەختی عێراقی کرد و، وەک بڕیار بوو لە چوارچێوەی سەرەدانەکەیاندا چەندین دیدار و کۆبوونەوەی گرینگیان ئەنجام دا، کە مەبەست لێیان گەیاندنی پەیامی گەلی باشووری کوردستانە بۆ ئەنجامدانی ریفڕاندۆم بۆ سەربەخۆیی.
(تاریق جامباز) جاودێری سیاسی و شارەزا لە کاروباری عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند "چوونی شاندی ئەنجوومەنی باڵای ریفڕاندۆم بۆ بەغدا و دانوستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکاندا، ھەنگاوێکی باشە تا ھەموو ھەوڵێکی خۆمان بدەین و وەک ھەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی ئاشتیانە لە دەوڵەتی عێراق جیا ببینەوە، بەڵام ھەرگیز بەغدا ئامادە نییە ددان بە مافە رەواکانی گەلی کوردستاندا بنێت و بەوە رازی بێت ئێمە خۆمان چارەنووسی خۆمان دیاری بکەین، چونکە لە رابردوودا ئەزموونێکی زۆرمان ھەیە لەگەل بەغدا و چەندین جار بەڵێنیان داوە و جێبەجێیان نەکردووە."
پەیوەست بە گونجاویی کات و ھەڵوێستی لایەنە سیاسییەکانی عێراق لەھەمبەر ریفڕاندۆم، (جامباز) گوتی "بە بڕوای من باشترین دەرفەتە ئێمە ئێستا لە عێراق جیا ببینەوە نەک دوای بخەین بۆ کاتێکی دیکە، چونکە جیھان ئاگادارە لەو داواکارییەی کوردستان بۆ سەربەخۆیی و بایی خۆمان پشتگیری دەبێت."
ئەو ڕوونی کردەوە، چەندین سەرکردەی عێراقی لە ھەرێمی کوردستان خەباتی خۆیان درێژە پێداوە و بە ھاوکاری و هەرێمی کوردستان چوونەتە سەر تەختی دەستەڵات، "کەچی لەبەرانبەر ھەر پرسێکی پێوەست بە مافەکانی گەلی کوردستان، نەمانبینین بەرگری لە ھەرێمی کوردستان بکەن، ئەوەش نیشانەی ئەوەیە چیتر چاوەڕێی عێراق نەکەین مافەکانمان دابین بکات."
شاندی ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم، دووشەممەی ڕابرد چوونە بەغدا، دوێنێ سێشەممەش چەندان دیدار و گفتوگۆیان ساز دا، وایش بڕیارە، ئەمڕۆ چوارشەممە، دیدارگەلێکی دیکە ساز بدەن و لە نێویاندا لەگەڵ (نووری مالیکی)ـدا کۆ ببنەوە کە بە یەکێک لە هەرە دژەبەرە سەرسەختەکانی مافەکانی گەلی کوردستان ناوی دەبرێ.
قائید میرۆ




