ئامادەکاری تەواو کراوە بۆ پێشوازیکردن لە خوێندکاران، لەئەمرۆوە دهست پێدهكات

ھەولێر-KDP.info- وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەڵێ، لە ئەمڕۆوە قوتابیانی پۆلی دوانزەی وێژەیی و زانستی دەتوانن، داواکاری بۆ وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگا حکوومییەکان بە سیستهمی ڕاستەوخۆیی زانکۆیی لە (٣٧٧) بەش و کۆلێژی زانکۆ و پەیمانگەکانی ھەرێمی کوردستان دەست پێبکەن.
وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی (عەباس ئەکرەم)، ڕایگەیاند، "دوای ئەوەی ساڵی ڕابردوو بەسەرکەوتوویی توانرا سیستهمی وەرگرتنی ڕاستەوخۆی زانکۆیی جێبەجێ بکرێ، بۆیە وەزارەتەکەمان بڕیاری فراوانکردنی ئەو سیستمەی داو، بۆ ئەمساڵی خوێندن (٣٧٧) بەشی زانستی بەسیستهمی وەرگرتنی راستەخۆی زانکۆیی خوێندکار وەردەگرن، جگە لە کۆلێژەکانی (کۆمەڵەی پزیشکی، ئەندازیاری، بەشی یاسا، بەشەکانی زیندەوەرزانی و کیمیا و کۆمپیوتەر لە کۆلێژەکانی زانست، بەشی زمانی ئینگلیزی لە کۆلێژ و سکوڵەکانی زمان و زانستە مرۆڤایەتییەکان و ئەدەبیات) کە وەک ساڵانی پێشو لە ڕێگەی (زانکۆلاین) خوێندکاران دەتوانن داواکاری پێشکەش بکەن، کە دواتر لەلایەن وەزارەتەوە کاتی کارابونی ڕادەگەیەنرێت. لەوەرگرتنی ڕاستەوخۆی زانکۆیی ڕێژەی (٣٠%)ی کۆنمرە بۆ تاقیکردنەوەی بەش یان کۆلێژ دەبێت و، ڕێژەی (٧٠%)ی کۆنمرەی پۆلی دوانزەی ئامادەیی ھەژمار دەکرێت."
(ئەکرەم) گوتیشی، "لەئەمڕۆوه ١٥ـی ٨ـی ٢٠١٧ـەوە داواکاری بۆ وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگە حکوومییەکان بەسیستمی راستەوخۆی زانکۆیی دەستپێدەکات و داواکاری ڕاستەخۆ لە تۆماری کۆلێژ/ پەیمانگا دەبێت و، خوێندکاران دەتوانن سەردانی ئەو کۆلێژ و پەیمانگایانە بکەن کە ئارەزووی دەکەن، لەیەک کاتدا دەتوانن داواکاری بۆ سێ بەشی جیا پێشکەش بکەن، لەھەمان کاتدا ئەو خوێندکارانەی کە تاقیکردنەوەیان بۆ خولی دووەم ماوە بەھەمان شێوە دەتوانن فۆرمی وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگەکان بەدەست بھێنن، لە ھەموو زانکۆکان ئامادەکاری تەواو کراوە بۆ پێشوازیکردن لە خوێندکاران، ھەروەک ئاگاداری خوێندکارانیش دەکات، کاتێک کە سەردانی تۆماری کۆلێژ و پەیمانگەکان دەکەن بۆ خۆتۆمارکردن و بەدەستھێنانی فۆرم دەبێ ژمارەی ئەزموونی و ئەنجامی پۆلی (١٢)ی ئامادەیی پێشکەش بە تۆمار بکات، تا لەلایەن تۆماری زانکۆ وە پۆلینی داواکارییەکان بەپێی مەرجەکان بکرێت."




