٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

کۆمسیۆن: بۆ ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمیش ئامادەکاری کراوە، ئۆفیسیش دەکەینەوە

سەرچاوە: KDP.info

 

ھەولێر-KDP.info-  گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی لە ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئامادەکارییەکان بۆ پرۆسەی ریفراندۆم بەردەوامی ھەیە و بە ھەمان شێوەی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، بۆ ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێمیش ئامادەکاری دەکرێت.

گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی لە ھەرێمی کوردستان(شێروان زرار)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند " ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی ریفراندۆم بەردەوامی ھەیە و، لەئێستادا ئەوەی گرینگە گرێبەستێک کراوە بۆ کڕینی کەلوپەلی لۆجستی بۆ رۆژی دەنگدان لە پرۆسەی ریفراندۆم، لەوانە کابینە و سندووقی دەنگدان، ئەو کەلوپەلانە تەنھا بۆ ھەرێم نییە و بۆ ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێمیشە."

(شێروان زرار) گوتیشی، لەئێستادا ئامادەکاری ناوخۆیی دەمێنێت کە شوێنی دانانی سندووقی دەنگدان و دیاریکردنی بنکەکانی دەنگدانە، دەشێ ئەمەش لە ماوەیەکی کەمدا بکرێت.

گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی لە ھەرێمی کوردستان هەروەها گوتی، "ئامادەکاری بۆ کردنەوەی ئۆفیس لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارە هەرێمیش، داوای میلاکمان لە ئەنجوومەنی وەزیران کردووە ھاوشێوەی پارێزگاکانی دیکە، چونکە پێویستمان بەوە ھەیە ئۆفیسی سەرەکی لە کەرکووک و مووسڵ بکەینەوە، ئینجا ھەرکاتێک ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندیی دا، ئێمەش بە زووترین کات ئۆفیسەکانان لەو شوێنانە دەکەینەوە و دەستبەکار دەبن."

بڕیارە رۆژی٢٥ی مانگی دابێ، پرۆسەی ریفراندۆم لە ھەرێمی و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم بەرێوە بچێ، بۆ ئەو مەبەستەش کۆمسیۆن لە ئامادەکارییەکانی بەردەوامە.

بڵند ئیبراھیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار