شاندەکە بە بەغدا دەڵێت زیاتر لە ٥٠ماددەی دەستووریتان پێشێل کردووە

ھەولێر-KDP.info- بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە، شاندی پێکهاتوو لە ئەندامانی ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم، بە ئەجێندای ئامادەکراوەوە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنە عێراقییەکاندا، بچێتە بەغدا، ئەندامێکی شاندەکە کە نوێنەرایەتیی مەسیحیان دەکات، رایدەگەیەنێت، بە کاربەدەستانی بەغدا دەڵێن: پێشێلکاری لە 55 ماددەی دەستووری عێراقدا کراوە، شارەزایەکی یاساییش پێشێلکردن و جێبەجێ نەکردنی ئەو ماددانە، بە خاڵی بەهێزی شاندی کوردستان ناو دەبات.
لە کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ریفراندۆمدا، بڕیار درا، شاندێکی ھەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی پرۆسەی ریفراندۆم سەردانی بەغدا بکات، و (شەممە)ی رابردووش بۆ دانانی ئەجێندای سەردانەکە، شاندەکە لەگەڵ سەرۆکی ھەرێمی کوردستاندا کۆ بوونەوە و تێیدا ئەجێندای سەردانەکەیان پەسەند کرد.
لەوبارەوە، نوێنەری مەسیحیەکان لە نێو شاندی باڵای ھەرێمی کوردستان بۆ بەغدا (رۆمیۆ ھەکاری) بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "بڕیارە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ (دووشەممە)، شاندی ھەرێمی کوردستان بەرەو بەغدا بەڕێبکەوێت"، ناوبراو ئاماژە بە رۆژی گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنەعێراقییەکانیش دەکات، کە رۆژی سێشەممە لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان دەست پێ دەکەن، "بڕیار وایە لەگەڵ ھەموو لایەنەکان کۆ بوونەوە ئەنجام بدەین".
ماوەی چەندین ساڵە ھەرێمی کوردستان لە ھەوڵی بەردەوامدایە بۆ ئەوەی کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا چارەسەر بکرێت، بەڵام بەغدا بە ھیچ شێوەیەک پابەندی ئەو رێککەوتنانە نەبووە، کە ھەرێمی کوردستان و بەغدا ئەنجامیان داوە، شاندەکە لەو سەردانەدا (کارت)ی خۆیان ئامادە کردووە، ناوبراو وتیشی: "جگە لەوەش فایلێک ئامادە کراوە، کە بەغدا 50 پێشێلکاری لە زیاتر لە 50 ماددەی دەستووریدا کردووە".
لە درێژەی لێدوانەکەیدا (رۆمیۆ ھەکاری) گوتیشی: "لەوسەردانەمان لەگەڵ لایەنە عێراقییەکاندا باسی ریفراندۆم و سەربەخۆییی کوردستان دەکەین، هاوکات ھۆکاری ئەو بڕیارەی سەرکردایەتیی کوردستان داویەتی بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم، هەڵبەت ھەوڵ دەدەین بە لێکتێگەیشتن لەگەڵ عێراق بگەینە ئەنجامێکی باش".
(ئازاد ئەبوبەکر) شارەزای یاسایی و ئەنامی پیشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی، لەمەڕ ئەو پێشێلکارییە دەستوورییانەی ناوەند کردوونی، وتی: "بەغدا ژمارەیەکی زۆری ماددەی دەستووری پێشێل کردووە، ئەوانەی زۆر دیارن ماددەی ١١٢یە، کە باسی نەوت دەکات بە ھاوبەشی دەربێت و بفرۆشرێت و یاسای بۆ دەربکرێت، بەڵام تائێستا ئەو یاسایە نییە و لە پەرلەمان نەتواندراوە پەسەند بکرێت"، ناوبراو ئاماژە بە ماددەی ٤٧ دەکات، کە پەیوەستە بە ئەنجوومەنی فیدراڵەوە، کە تائێستا موماتەڵەی پێدەکرێت و ئەو پڕۆژە یاساییە لە پەرلەمان ھەیە و پەسەند نەکراوە، وتیشی: "ماددەی ١٤٠ کە باسی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم دەکات، جێبەجێ ناکرێت و ماددەی نۆ کە باسی سوپای عێراق دەکات، کە ھاوسەنگی ھەبێت و ھەموو پێکھاتەکان تێیدا بەشدار بن، ئەوەش جێبەجێ نەکراوە".
ئەو شارەزای یاساییە ڕوونیشی کردەوە، کە جگە لەو ماددانە، چەندین ماددەی دیکەش پێشێل کراون، وەک ماددە یاساییەکانی ئازادی و داھاتی عێراق، ئەوەش خاڵێکی بەهێزە بۆ شاندی کوردستان.
بەغدا دەیتوانی لە رێی جێبەجێکردنی ئەو ماددە دەستوورییانەوە کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا چارەسەر بکات، وەک ئەو ئەندامەی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق وتی: "لەبەر ئەوەی دەستوور جێبەجێ نەکراوە، کێشەکانیش کەڵەکە بوون، ئەمانە هۆکار بوون کە ئەمڕۆ، ھەرێمی کوردستان بەرەو ریفراندۆم ھەنگاو بنێت".
ئەو شاندەی سەردانی بەغدا دەکات لە حەوت کەس پێکدێت: نوێنەری پارتی دیموکراتی کوردستان (رۆژ نوری شاوەیس)، نوێنەری یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان (سەعدی ئەحمەد پیرە)، نوێنەری یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان (محەممەد ئەحمەد)، نوێنەری مەسیحیان (رۆمیۆ ھەکاری)، نوێنەری تورکمانەکان (ماجد بازرگان) و نوێنەری کوردانی ئێزدی (ڤیان دەخیل).
بڵند ئیبراھیم




