ئیلیخان: توركمانەكان ناكەونە ژێر كاریگەریی كەسانی وەك مالیكی

بەغدا-KDP.info- جێگری سەرۆككۆماری عێراق، كۆبوونەوە لەگەڵ چەند حزبێكی توركمانیدا دەكات و پێیان دەڵێت، هەرچی لە دەستتان بێت بیكەن بۆ ئەوەی ڕیفراندۆم لە كەركووك و ناوچەكانی دیكە سەر نەكەوێت.
(نووری مالیكی)، جێگری سەرۆككۆماری عێراق، دوێنێ ئێوارە كۆبوونەوەیەك لەگەڵ بەشێك لە حزبە توركمانییەكانی كەركووك دەكات و ئاگاداریان دەكاتەوە كە، هەرچی لە دەستیان دێت بۆ رێگریكردن لە ریفراندۆم بیكەن، (محەممەد ئیلیخان)، سەرۆكی پارتی گەشەپێدانی توركمان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، "(نووری مالیكی) دەیەوێت توركمانەكان بكاتە كارتی گوشار بۆ رێگریكردن لە پرۆسەی ریفراندۆم، بەڵام هیچ كاتێك توركمانەكان ناكەونە ژێر كاریگەریی كەسانی وەك (مالیكی) و، ئەوانەیشی لەگەڵ ئەودان، گوزارشت لە بۆچوونی هەموو توركمانەكان ناكەن، چونكە گەلی توركمان شانبەشانی گەلی كوردستان وەك پێكهاتەیەكی جیاواز لەسەر خاكی كوردستان خەباتیان كردووە و ئێستایش لە خەباتكردن بەردەوامین تا ئەو كاتەی مافی گەلی كوردستان بەدەست دێت".
(ئیلیخان) ئەوەیشی خستە روو، "هەموو رێگاكان لە دژی هەرێمی كوردستان تاقی كرانەوە، بەڵام هیچ رێگایەك سەری نەگرت و نەیتوانی ببێتە لەمپەر لە بەردەم پرسە نەتەوەییەكاندا، بۆیە كەسانی وەك (مالیكی) دەبێت لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بكرێت لەسەر كەوتنی مووسڵ، نەك ئێستا توركمانەكان كۆ بكاتەوە و فەرمانیان پێ بكات".
كارزان سەباح هەورامی




