عەدنان كەركووكی: ھەموو لایەنەكان دژی دروستكردنی حەشدی شەعبین لە كەركووك

كەركووك-KDP.info- گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كەركووك_گەرمیانی پارتی ڕایگەیاند، بە ھیچ جۆرێك رێگە نادرێت لە كەركووك ھێزی حەشدی شەعبی بە شێوەیەكی فەرمی دروست بكرێت و، ھەموو لایەنە كوردییەكانیش دژی دروستكردنی حەشدی شەعبی و ھەر ھێزێكی دیكەن جگە لە پێشمەرگە.
(عەدنان كەركووكی)، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوتی، "دەمێكە ناونووسین بۆ دروستكردنی ھێزی حەشدی شەعبی بەردەوامە، بەڵام بە شێوەیەكی فەرمی نییە و بە ھیچ جۆرێك ئیدارەی پارێزگا رێگە بە دروستكردنی ھێزی حەشدی شەعبی نادات، بەڵام كەسانێك كە جاشن، دەیانەوێت ئەو كارە بكەن و ھەندێك ھاووڵاتییش ناوی خۆیان دەنووسن بۆ بژێویی ژیانیان كە ژمارەشیان زۆر كەمە و بەو شێوە نییە كە باس دەكرێت".
(كەركووكی) گوتیشی، ھەموو لایەنەكانی كەركووك یەكھەڵوێستن و دژی دروستكردنی ھێزی حەشدی شەعبین، جگە لەوەیش نەك حەشدی شەعبی، بگرە رێگە بە ھیچ ھێزێكی توركمان و سوننەكانیش نادەن لە ناوچەكەدا دروست بكرێت جگە لە ھێزی پێشمەرگە.
دەشڵێت، ئەوانە دەیانەوێت لە رێگەی پارەوە ئەو خەڵكە بۆ خۆیان راكێشن، چونكە پارەیەكی باشیان پێ دەدەن بۆ ئەوەی رازییان بكەن، بەڵام ئەوانەی پەیوەندییان پێوە دەكەن، ژمارەیان زۆر كەمە.
ئەمەیش لە كاتێكدایە، دەنگۆی ئەوە بڵاو كراوەتەوە كە گوایە جارێكی دیكە نانووسكردن لە سنووری پارێزگای كەركووك دەستی پێ كردووەتەوە بۆ ئەوەی ھێزێكی حەشدی شەعبی لە ناوچەكەدا دروست بكرێت.
بڵند ئیبراھیم




