ههڵمهت غەریب: بەرژەوەندیی ئابووریی ئەمەریكا، لە كوردستان پارێزراوترە وەك لە عێراق

ھەولێر-KDP.info- مامۆستایەكی زانستە نێودەوڵەتییەكان دەڵێ، لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا دوو جۆر مامەڵە ھەیە لەگەڵ دەوڵەتاندا، پێم وایە ئەمەریكا مامەڵە شاراوە ستراتیژییە سیاسییەكەی لەگەڵ ھەرێمی كوردستاندا بەكار دەھێنێت، بۆیە بە ئاشكرا پشتگیریی ڕیفراندۆم ناكات بۆ جیابوونەوە لەو وڵاتەی خۆی داگیركەریەتی و، بەرژەوەندییە ئابوورییەكانیشی لە كوردستان پارێزراوترن.
(ههڵمهت غەریب)، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، "ئەمەریكا لە چوارچێوەی نێودەوڵەتیدا لە مامەڵەی یاسایی ئەو لێدوانە دیپلۆماسیانەی دەیدات زۆر تەواوە و ھیچ كێشەیەكی نییە، چونكە ئەمەریكا پابەندە بە پاراستنی بنەماكانی یاسایی نێودەوڵەتی و ھەروەھا پرەنسیپەكانی ئەمەریكا و نەتەوەیەكگرتووەكانیش كاریگەری لەسەر ئەوە دروست دەكەن كە نابێـت دەوڵەتان دەست وەردەنە كاروباری ناوخۆی دەوڵەتی ترەوە، لەبەر ئەوە ئەمەریكا لە ڕووە دیپلۆماسییەكەیەوە، یاخود لە ڕووە فەرمییەكەی یاسایی نێودەوڵەتیدا بەو شێوازە مامەڵە دەكات، بەڵام دیوێكی گرینگی دیپلۆماسییەت و سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریكا، بریتییە لە مامەڵەی ئەوەی كە لە ئێستادا ھەیە، دیپلۆماسییەت ئەگەر یەك دیوی بۆ سیاسەتی دنیا و بۆ ڕاگەیاندن ئاشكرا بێت، بێگومان لە پشتیەوە شتێكی تری ھەواڵگری ھەیە، ڕۆڵی یەكلاكەرەوە دەگێڕێ لە مەسەلەی ستراتیژییەتی داڕشتنی دیپلۆماسی یاخود سیاسەتی دەرەوەی وڵاتێكدا، بۆ ئەمەریكایش دیوی دووەمی مامەڵەی دیپلۆماسی، ئەمری واقیعە، باوەڕم وایە ئەمە لەگەڵ ھەرێمی كوردستاندا بەكار بھێنرێت، ناكرێ ئەمەریكا بە شێوازێكی ڕاستەوخۆ و بە شێوازێكی راشكاو پشتگیریی ڕیفراندۆمێك بكات كە بۆ دابەشكردنی دەوڵەتێكە، بۆیە ئەگەر لە ڕووی یاسایی نێودەوڵەتییەوە تێی بگەین ئەمەریكا بە ڕەسمی ناڵێت لەگەڵ ڕیفراندۆمێكی دەوڵەتێكم بۆ دابەشبوون، بەڵام كاتێك كە ئەم حاڵەتە ڕوو دەدات، ئەمەریكا ناچارە ئەو ھەڵوێستەی ھەبێ."
(غەریب) گوتیشی، "خاڵێكی تر لە ستراتیژییەتی ئەمەریكا ئەوەیە، ئیدارەی (ترەمپ) تا ئێستا خەریكی ئامادەكردنی ڕاپۆرتێكی تیروتەسەلی سیاسی و دیپلۆماسیی ئابوورییە بە مەبەستی ئەوەی كەوا بەرچاوی ڕوون بێ بۆ چۆنیەتیی بڕیاردان لە ڕۆژھەڵاتی ناویندا و، تا ئێستا ئەم ڕاپۆرتە ئامادە نەكراوە و نەگەیشتووەتە بەردەست و ناو پرۆگرام و پلانی ئەمەریكاوە، تا (دۆناڵد ترامپ) بەرچاوی ڕوون بێت و بتوانێـت بڕیاری سیاسی بدات، یاخود بڕیارێكی وەھا بدات كێشەكان لایەك بە لایەكدا بخات، ئەمە خاڵێكە، خاڵێكی تر كە دەربارەی ستراتیژییەتی ئەمەریكا هەیە، ئەوەیە كە ئەمەریكا ئەمڕۆ بە دوای ئەو ناوچانەدا دەگەڕێ كە ناوچەی وزەن لە ھەموو دنیادا و، بە تایبەتی دەیەوێ بتوانێ لە ژێر كۆنتڕۆڵ و ھەیمەنەی خۆیدا بن، ئەگەر بەراوردێكیش لەگەڵ بەرژەوەندییە ئابوورییەكانی ئەمەریكا لە عێراق بكەین لەگەڵ ھەرێمی كوردستاندا، دەگەینە ئەو بڕیارەی كە وا بەرژەوەندییە ئابوورییەكانی ئەمەریكا لە ھەرێمی كوردستان زیاتر پارێزراون وەك لە عێراق، ڕاستە لە عێراق كۆمپانیای گەورەی نەوتی بەدەستەوەن، بەڵام ئەو بەرژەوەندیانە پارێزراو نین، لەبەر ئەوەی عێراق دەوڵەتێكی فاشیلە، چونكە دەوڵەتێكە توانای پاراستنی بەرژەوەندیی ئابووریی دەوڵەتانی گەورەی وەك ئەمەریكای نییە، بەڵكوو ھێزە میلیشیاكان ھەركات بیانەوێ كێشەی گەورە دروست دەكەن، ئەم كێشانەی لە ڕووی ئەمنییەوە لە عێراق ھەن، لە ھەرێمی كوردستاندا نین و زیاتر ھێزێكی ئەمنی ناوخۆیی پارێزگاری لەم بەرژەوەندییانە دەكات كە لە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەت و یاسادایە، ئەمەیش بۆ ستراتیژییەتی ئەمەریكا گرینگە".
فایزە كۆیی




