٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سیرینی بۆ كۆنفڕانسی ئاشتیی: له‌ وڵاتی پێشمەرگەوە هاتووین.. ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی ئەنجام دەدەین

سەرچاوە: KDP.info

 

ژاپۆن-KDP.info- بە بەشداریی نوێنەری شارەكانی نزیكەی 160 وڵاتی جیهان، كۆنفڕانسی (شارەكانی ئاشتیی جیهانی) لە وڵاتی ژاپۆن دەستی بە كارەكانی كردووە و، شاندێكی هەرێمی كوردستانیش بەشدارن.

(د.سیروان سیرینی)، ئەندامی شاندەكەی هەرێمی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانـی ڕاگەیاند، "‌وەك شاندێكی هەرێمی كوردستان بەشدارین لە كۆنفڕاسی (شارەكانی ئاشتیی جیهانی) لە شاری هێرۆشیما و ناكازاكی لە وڵاتی ژاپۆن كە ماوەی سێ رۆژ بەردەوامی دەبێت و، ئەمڕۆ كۆتا ڕۆژی كۆنفڕاسەكەیە و تێیدا 7500 سەرۆك شارەوانی لە نزیكەی 162 وڵاتی جیهان بەشدارن، ئامانجیش لەو كۆنفڕانسە ئەوەیە كە لە ساڵی 2020ـدا چەكی ئەتۆمی قەدەغە بكرێت ."

 

(د. سیروان) گوتیشی، " تەنیا چوار وڵات لەو كۆنفڕانسەدا گوتاریان هەبوو (فەڕەنسا، هیندستان و ژاپۆن) و ئەوەی تریش هەرێمی كوردستان بوو و، بەندە گوتارێكم پێشكەش كرد و سەرەتا بە زمانی ژاپۆنی سڵاوی پێشمەرگەمان پێیان ڕاگەیاند و گوتمان لە وڵاتی پێشمەرگەوە هاتووین كە لەجیاتی هەموو جیهان شەڕ دەكات و، باسمان لە جینۆساید و ئەنفال و كیمیابارانكردنی كورد كرد، هەروەها باسیشمان لەم چەند ساڵەی كۆتایی كرد كە لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2014ـدا تووشی تراژیدیایەكی تر بووین و بە درێژایی 1500 كم سنوورمان لەگەڵ تیرۆریستانی داعش هەبوو و زۆر كەسمان لە دەست دا لە پێكهاتەكانی ئێزدی و مەسیحی و نەتەوەكانی تر و شەهیدمان داوە، دوای هەڵەبجەیش جارێكی تر شنگال و كوردانی ئێزدی تووشی جینۆساید بوون، دواتریش باسمان لەو قەیرانانە كرد كە عێراق بۆ هەرێمی كوردستانی دروست كردوون و لەگەڵ ئەوەیشدا نزیكەی 2 ملیۆن ئاوارە روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە و لە باوەشمان گرتوون".

(سیرینی) ده‌شڵێ، "باسیشمان لە ئەنجامدانی ریفراندۆم كرد كە حكوومەتی عێراق هیچ دەرفەتێكی تری بۆ كورد نەهێشتووەتەوە و لە 25ـی ئەیلوولی ئەمساڵ ئێمەی كورد ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی ئەنجام دەدەین و ئەوەمان ڕاگەیاند كە دەبێت رێز لە بڕیاری گەلی كوردستان بگیرێت و ئەوانیش گوشار بخەنە سەر حكوومەت و كاربەدەستانیان رێز لە ئیرادەی خەڵكی كوردستان و ئاكامەكانی ڕیفراندۆم بگرن و ددانی پێدا بنێن بۆ ئەوه‌ی كوردیش وەك هەر نەتەوەیەك بتوانێت سەربەخۆ بێت".

وەك (سیروان سیرینی) باسی كرد، "لەو كۆنفڕانسەدا داوایشمان كرد شنگال ببێتە دەستەخوشكی هیرۆشیما و ناكازاكی و ببێتە ئەندامی دەستەی باڵا لەو كۆنفڕانسەدا، لای خۆیشیانەوە داوایان كرد بە فەرمی رێكارەكان تەواو بكەین بۆ ئەوەی شنگالیش ببێتە دەستەخوشكی هیرۆشیما و ناكازاكی و ساڵانە لەو كۆنفڕانسەدا بەشدار بێت".

 

نەشوان بەرزنجی

هەواڵی پەیوەندیدار