شارەزایەکی یاسایی: دەنگی بەڵێ لە ڕیفراندۆمدا زۆر زیاتر لە ڕێژەی یاسایی بەدەست دێنێت
_-_Copy__2017_08_09_h15m34s19__HK.jpg)
هەولێر-KDP.info- شارەزایەکی سیاسی و ڕاپرسی لە ھەرێمی کوردستان ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، خەڵکی کوردستان زۆرینەیان لەگەڵ ڕیفڕاندۆم و سەربەخۆییی کوردستاندان و ئەوانەیشی دژی ڕیفڕاندۆمن دروستکراوی وڵاتانی ناوچەکەن، تا ئاستەنگ بخەنە بەردەم پڕۆسەکە.
(نەسرەت سۆفی)، بەڕێوەبەری پەیمانگەی کوردستان بۆ پرسە سیاسییەکان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: '' کەس ناتوانێ گرەو لەسەر دەنگی ڕیفڕاندۆم و سەربەخۆییی کوردستان بکات، چونکە بە پێی ئەو ئەزموونەی ئێمە وەک پەیمانگەی کوردستان بۆ ڕاپرسی و پرسە سیاسییەکان ھەمانە، زۆرینەی خەڵکی کوردستان بە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیشەوە دەنگ بۆ سەربەخۆیی دەدەن، ھەر کەناڵ و دەزگەیەکیش ڕاپرسی بەپێچەوانە بڵاو بکاتەوە، ئەوە پڕوپاگەندەیەکی سیاسییە بۆخۆی دەکات و کوردستانیان دەزانن چۆن و بۆچی دەنگی خۆیان لە ڕیفڕاندۆمدا دەدەن، ئەوانەیشی دژی ڕیفڕاندۆم وەستاونەتەوە، دیارە دەستی دەرەکییان لەپشتە و وڵاتانی ناوچەکە ھانیان دەدەن بۆ ئەوەی کێشە و ئاستەنگ بخەنە بەردەم پڕۆسەکە.''
بە گوێرەی ڕاپرسییە نافەرمییەکان دەنگی (بەڵێ) بۆ ڕیفڕاندۆم و سەربەخۆیی زۆر زیاترە و بڕیارە ژمارەیەکی بەرچاو لە چاودێرانی نێودەڵەتی بۆ ئەوەی سەرپەرشتیی پڕۆسەی ڕیفڕاندۆم بکەن، بێنە ھەرێمی کوردستان. پێشتریش (وەحیدە یاقوو)، ئەندامی کۆمیتەی باڵای ڕیفڕاندۆم ئەوەی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیاندبوو: ''پەرلەمانی یەکێتی ئەورووپا، خۆی داوای لە (سەرۆک بارزانی) کردووە، چاودێر بۆ ڕیفڕاندۆم بنێرنە ھەرێمی کوردستان.''
(نەسرەت سۆفی) ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ناوچە کوردستانییەکانی وەک کەرکووک و شنگال و نەینەوا بە یەک بازنە بەشداریی ڕیفڕاندۆم دەکەن، واتە لە سەرتاسەری کوردستان یەک بازنەی ڕیفڕاندۆم دەبێت و پێشبینی دەکرێت تا ٨٠%ی دەنگەکان (بەڵێ) بێت بۆ سەربەخۆیی، ئەگەر ٥٠%یش (بەڵێ) بێت، ئەوە لە ڕووی یاسایییەوە ھەر دروستە و شەرعییەتی ھەیە، بەڵام زۆریش لەو ڕێژەیە زیاتر دێنێت.
قائید میرۆ




