٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دەزگای خێرخوازی بارزانی بە هانای ئاوارەکانی کەرکووک و مووسڵ دەچێت

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info-  لە دوو چالاکی کاری خێرخوازیدا، دەزگای خێرخوازی بارزانی هاوکاری دەگەیەنێتە چەندین خێزانی دانیشتووی شاری کەرکووک و موسڵ.

 

دەزگای خێرخوازیی بارزانی هەڵمەتێکی دیکەی هاوکارییەکانی بە هەماهەنگی وڵاتی کوێت لە ناو شاری موسڵ بەڕێوەبرد، کە تێیدا ١٠٠٠ خێزان لێی سودمەند بوون، لە لایەکی تریشەوە چەندین فێنککەرەوەیان بۆ ئاوارەکانی شاری کەرکووک دابین کرد.

رێکەوتی ٨/٨/٢٠١٧ دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە مەبەستی دابینکردنی خۆراک بۆ دانیشتوانی شاری موسڵ، کاروانێکی هاوکارییەکانی دەوڵەتی کوێتی گەیاندە شارەکە و هەزار خێزان سودمەند بوون، هاوکات تیمێکی تری دەزگا خێرخوازییەکە، لە کەرکووک  بە هۆی وەرزی گەرماوە، هاوکاری ٥٩ خێزانی ئاوارە و کەمدەرامەتی شاری کەرکووکی کرد، کە بریتی بوو لە ئامێری فێنک کەرەوە.

 

جێگای ئاماژەیە بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکانەوە دانیشتوانی موسڵ پێداویستییە سەرەتاییەکانیان بەدەست ناکەوێت، بەردەوامی دان بە ژیان بەبێ هاوکارییەکانی رێکخراوە مرۆییەکان بۆ دانیشتوانی شارەکە ئەستەمە، هاوکات لە دەستپێکی ساڵی ٢٠١٧ەوە زیاتر لە ٣٠ هەزار خێزانی موسڵ لە لایەن (دەزگای خێرخوازیی بارزانی)یەوە هاوکاری جۆراوجۆرییان پێشکەش کراوە و رۆژانە هاوکاری زیاتر دەگەیەندرێتە شارەکە.

 

جێگای ئاماژەیە دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە مانگی ٧دا، کاروانێکی بەرفروانی هاوکارییەکانیان بۆ مەسحییەکان لە تەلسقۆف دابین کرد و ٨٠٧ خێزان ئامێری موبەریدە و پارسێلی خۆراکیان بۆ دابین کرا.

 

خێڵان بەختیار

هەواڵی پەیوەندیدار