٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

عەرەفات کەرەم: لەسەر پرسی ریفراندۆم، عێراق بووەتە سێ ئاڕاستە

سەرچاوە: KDP.info


هەولێر-KDP.info-   لە میانەی کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا، سه‌رۆكوه‌زیرانی‌ عێراق (حەیدەر عەبادی) رایگەیاند، پێشوازی‌ له‌ شاندی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌كه‌ن، كه‌ به ‌نیازن سه‌ردانی‌ به‌غدا بكه‌ن و گوتیشی: "هه‌ر كارێك له‌ چوارچێوه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانی‌ حكوومه‌تی‌ ناوه‌ندی بێت، گفتوگۆی‌ له‌سه‌ر ده‌كه‌ین"، لە بەرامبەریشدا سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گوتی، ئەو لێدوانەی عەبادی مایەی خۆشحاڵییە.

دوێنێ سێشەممە، ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم لە کۆبوونەوەیەکیاندا، ئەجێندای ئەو شاندەیان بۆ گفتوگۆ لەسەر پرسی ریفراندۆم لەگەڵ بەغدا دیاری کرد، وەهایش بڕیارە هەفتەی دابێ، شاندەکە سەردانی بەغدا بکات.

(عەرەفات کەرەم) سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، تایبەت بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەمەڕ لێدوانە رۆژنامەوانییەکەی دوێنێی سەرۆکوەزیرانی عێراق، رایگەیاند: "ئەو لێدوانەی سەرۆکوەزیران مایەی خۆشحاڵییە بۆ ئێمە، واڵاکردنی دەرگای گفتوگۆیە لەسەر پرسی ریفراندۆم و لێکتێگەیشتنمان لە یەکتر".
ئەو سەرۆکفراکسیۆنە نایشارێتەوە، لە ئێستادا کەسایەتی و لایەنە سیاسییەکانی عێراق، لە بۆچوونیان بۆ پرسی ریفراندۆم، دابەشی سێ ئاڕاستەی جیا بوون، ئاڕاستەی دژەکان بە دەوڵەتی یاسا و بە تایبەت (مالیکی)، ئەو میلیشیایانەی کە بوونیان هەیە و ئەجێندای وڵاتی ئێران جێبەجێ دەکەن، (عەمار ئەلحەکیم)، ناو دەبات، هاوکات (جەعفەری) و (موقتەدا سەدر)یش بە ئاڕاستەیەکی تر ناو دەبات و دەڵێت: "ئەوانە دژی کاتن، نەک ریفراندۆم، ئێمە داوەتی (ئیبراهیم جەعفەری) بووین، گوتی، مافی خۆتانە ریفراندۆم بکەن، بەڵام کاتەکەی گونجاو نییە و ئێمە وەک عێراق پێویستمان بە کورد هەیە"، ئاماژەش بە ئاڕاستەی سێیەم دەکات و دەڵێت: "ئەو لایەن و چینە رۆشنبیرەن کە شۆڤێنیانە بیر ناکەنەوە و پێمان دەڵێن: ریفراندۆم و سەربەخۆیی مافی خۆتانە، ئێمە فەشەلمان هێنا و ئێوە سەرباری قەیران و شەڕی دژ بە تیرۆریستان و ئەو هەموو ئاوارانەشتان گرتە خۆتان، هەر بەرەوپێشەوە دەچن، بۆیە شایانی سەربەخۆیین"، نموونەش بە سەرکردەیەکی سوننە دەهێنێتەوە، کە گوتوویەتی خۆزگە هاووڵاتییەکی ئاسایی کوردستان بوومایە، نەک پلەدارێکی ئەم عێراقە شێواوە."

فراکسیۆنی پارتی لەسەر پرسی ریفراندۆم، سەردانی چەندین کۆنسووڵخانەی وڵاتانیان لە بەغدا کردووە، وەک (کەرەم) گوتی: "سەردانی هەر یەکە لە کۆنسووڵخانەکانی وەک ئوسترالیا و بەرازیل و کوێت و میسرمان کردووە و لارییان لەسەر پرسی ریفراندۆم نییە".
(عەرەفات کەرەم) کێشەکانی حیزبی دەعوە روون دەکاتەوە، بە تایبەت لە نێوان (عەبادی و مالیکی)ـدا، کە بوونەتە دوو بەش، لە هەڵبژاردنی دابێیشدا بە دوو لیستی جیا دادەبەزن، "(عەبادی) پێچەوانەی (مالیکی) دەیەوێت پەیوەندییان لەگەڵ وڵاتانی کەنداو باش بێت، عێراق بەرەو وڵاتانی عەرەبی ببات، وەک لە وڵاتانی ئایدۆلۆژی وەک ئێران"، ناوبراو پێی وایە (عەبادی) مەدەنیانە بیر دەکاتەوە و هەندێ لێدوانیش گەر توند بن، بۆ رای گشتیی شیعەی عێراقی دەگێڕێتەوە و ترسی لەدەستدانی دەنگەکانی دابێی هەیە، "ئەو ناتوانێت بە ئاشکرا بڵێت: ئێمە رازین لەسەر ریفراندۆم، چونکە لە هەڵبژاردنی دابێ، لیستی جیای دەبێت و ئاواتی بوونەوەیەتی بە سەرۆکوەزیران".


خێڵان بەختیار

هەواڵی پەیوەندیدار