ڕاوێژکاری سەرۆککۆمار: سەردانی شاندی ھەرێم بیانووی بەغدا دەبڕێ

ھەولێر-KDP.info- (عەبدوڵا عەلیاوەیی) راوێژکاری سەرۆککۆماری عێراق دەڵێت، ھەفتەی دابێ، شاندی ھەرێمی کوردستان دەگاتە بەغدا و، بۆ گفتوگۆکردنە لەسەر پرۆسەی ریفراندۆم، تاوەکو بیانوویان نەمێنێت لەسەر ئاگادارکردنەوەیان.
بڕیار وایە، ھەفتەی دابێ، شاندێک کە ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم پێکی هێناوە، بە مەبەستی گفتوگۆکردن لە بارەی پرۆسەی ریفراندۆم، سەردانی بەغدا بکات و لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان گفتوگۆ لە بارەی بڕیاری هەرێمی کوردستان کە لە ٢٥ـی ئەیلوولی ئەمساڵ پرۆسەی دەنگدانی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی ئەنجام بدات.
(عەبدوڵڵا عەلیاوەیی) راوێژکاری سەرۆککۆماری عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "چوونی شاندی ھەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، بۆ ئەوەیە کە سبەی ریفراندۆم ئەنجام درا، ھیچ بیانوویان نەمێنێت و باس لە ئاگادارنەکردنەوەیان لە لایەن هەرێمەوە بکەن، شاندەکە لەگەڵ بەرپرسانی عێراق کۆبوونەوە ئەنجام دەدەن."
ناوبراو ئاماژە بە روونیی قسەکردنی شاندی باڵای ریفراندۆم لەگەڵ بەغدا دەکات و دەڵێت: "شاندی ھەرێمی کوردستان بە ڕوونی لەگەڵ بەغدا و لە بارەی ھەموو پرسەکان قسە دەکەن، پێئشیان رادەگەیێنن، کە ئێمە پرۆسەی ریفراندۆم ئەنجام دەدەین"، ئەو بە پێویستیشی دەزانێت، شاندەکەی هەرێم گفتوگۆ لەگەڵ ھەموو لایەنەکان بکات، بە تایبەت ئەو لایەنانەی کورسییان لە پەرلەمان ھەیە.
ئەو راوێژکارەی سەرککۆمار، ئەنجامدانی پرۆسەی ریفراندۆم بە درووستکردنی کێشە بۆ عێراق لە لایەن هەندێ لایەنی عێراقییەوە ناو دەبرێت، رەت دەکاتەوە، "ئەو بڕیارەی هەرێمی کوردستان کێشە بۆ عێراق دروست ناکات، بەڵکو دەیەوێت پاڵپشتیی عێراق بکات، بە کەمکردنەوەی کێشەکانی ھەردوولا".
لە درێژەی لێدوانەکەیدا (عەلیاوەیی) گوتیشی: "ھەرێمی کوردستان لە ڕووی یاساییەوە، مافی خۆیەتی پرۆسەی ریفراندۆم ئەنجام بدات، بەڵام لە عێراقدا شتێک بە ناوی یاسا بوونی نییە".
بڕیارەڕۆژی ٢٥ـی مانگی دابێ، پرۆسەی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆییی باشووری کوردستان ئەنجام بدرێت، بۆ ئەو مەبەستەش ھەموو ئامادەکاریەک کراوە.
بڵند ئیبراھیم




