وەزارەتى خوێندنى باڵا دەرچووانى دوازدەى ئامادەیى ئاگادار دەکاتەوە

هەولێر-KDP.info- وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، ئاگادارى سەرجەم دەرچووانى پۆلى دوازدەى ئامادەیى دەکات، کە بۆ وەرگرتنى زانیارى، جگە لە پەیج و وێبسایتى فەرمیی وەزارەتەکەیان، پشت بە هیچ پەیج و ئەکاونتێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نەبەستن.
وەک (عەباس ئەکرەم) گوتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ماوەیەکە چەند پەیج و وێبسایتێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان زانیارى و ڕوونکردنەوەى نادروست بە دەرچووانى دوانزەى ئامادەیى دەدەن و، بە بڵاوکردنەوەى زانیاریى نادروست لەبارەى کۆنمرەى وەرگیراو لە زانکۆ و پەیمانگاکان، خوێندکاران دەخەنە دڵەڕاوکێوە و گوتی، "ڕایدەگەیێنین، سەرجەم ئەو زانیارییانەى لەو پەیج و سایتانە بڵاو دەکرێتەوە دوورونزیک پێوەندییان بە وەزارەتەکەمانەوە نییە و، هیچ بنەمایەکیان نییە و دورن لە ڕاستییەوە."
گوتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، هەروەها بە دەرچووانى پۆلى دوانزەى ئامادەیى ڕادەگەیێنێت، بۆ وەرگرتنى زانیارى لەبارەى مەرج و ڕێنماییەکانى وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگاکان لە هەرێمى کوردستان، تەنها پشت بە زانیارییەکانى وێبسایتى وەزارەت بە ناونیشانى (www.mhe-krg.org) و لاپەڕى ڕەسمى لە تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبووکى وەزارەت بە ناونیشانى (www.facebook.com/mhekrg) ببەستن و، دەتوانن لە ڕێگەى ئەو کەناڵانەوە بگەنە زانیارى دروست؛ "بە پێچەوانەوە ئێمە لە هیچ زانیاریێکى ئەو وێبسایت و پەیجانە بەرپرسیار نین، بەتایبەت بۆ پڕۆسەکانى وەرگرتنى خوێندکاران لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان."




