٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پارتی و یەکێتی لە رانیە جەخت لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم دەکەنەوە

سەرچاوە: KDP.info

رانیە-KDP.info- بەرپرسێکی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، ئەوانەی دەیانەوێت دژایەتیی پرۆسەی ڕیفراندۆم و دەوڵەتی کوردستان بکەن، سەرکەوتوو نابن و لە شوێنی خۆیان دەخنکێن..هاوکات بەرپرسێکی یەکێتییش لە رانیە دەڵێ، گرینگە ریفراندۆم لە وادەی خۆیدا بەڕێوەبچێ.

ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی ژمارەیەک کەس کەمپینێکیان بە ناوی نەخێر بۆ ڕیفراندۆم دروست کرد، بۆ ئەوەی خەڵک دەنگی خۆی بە (بەڵێ) نەدات، چاودێرانی سیاسیش پێیان وایە، ئەمانە دەنگێکی کەمن و ھیچ کاریگەرییان بەسەر پرۆسەی ڕیفراندۆمەوە نابێت و خەڵکی ھەرێمی کوردستانیش بەشداری لەو پرۆسەیەدا دەکەن و بە (بەڵێ) دەنگی خۆیان دەدەن.

(نەجات حەسەن)، بەرپرسی لقی١١ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕانیە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''لە ھەرێمی کوردستان بۆچوونێکی گشتی ھەیە، زۆرینەی خەڵک لەگەڵ پرۆسەی ڕیفراندۆمدانە و بەشداری لەو پرۆسەیەدا دەکەن، بۆ ئەوەی دەوڵەتی کوردستان دروست بکرێت، ئەمەش ڕای زۆرینەی خەڵکی کوردستانە و سەرکەوتن بەدەست دێنێت و ئەوەی کە ھەوڵی دژایەتیی ئەو پرۆسەیە دەدات، ھێشتا لە دۆخەکە نەگەیشتووە، کە چەند قوربانیی بۆ دراوە و چەند گیانی بۆ بەخت کراوە و چ زەحمەتی بۆ کێشراوە، بۆیە ئەو دەنگە نەشازانە بە درێژایی کات دەتاوێنەوە و ویژدانیان محاسەبەیان دەکات و ڕۆژێک دێت پەشیمان دەبنەوە.''

(نەجان حەسەن) گوتی: ''ئەوانەی دەیانەوێت بە پارە خەڵک ھان بدەن و لە شاشەی کەناڵەکانەوە قسە دژی ئەو پرۆسەیە دەکەن، ھیچ نین و کاریگەریشیان نابێت، چونکە لە ئاستی حکوومەتی ناوەندی و ھەندێک وڵاتانی ھەرێمییەوە کار دەکرێت، بۆ ئەوەی ئەو کەسانە، کە ژمارەیان زۆر کەمە، بە گەورە نیشان بدرێن، بۆیە نابێ گەورە بکرێن و گرنگیشیان پێ بدرێت، لەبەر ئەوەی ڕەقمێکی وا گرینگ نین.''

(حەسەن) ڕاشیگەیاند: ''ھەندێک کەناڵ پێشتر خۆیان وا نیشان دەدا، کە کەناڵی کراوە و سەردەمیانەن، بەڵام ئێستا دەرکەوت ئەمانە خەنجەرێکی دووسەریان پێیە، ھەم دەیانەوێت لە پرۆسەی نەتەوەییی گەلی کورد بدەن و، ھەمیش دەیانەوێت لە پارتی بدەن. بەڵام ئەوەی ئەوان دەیکەن بابەتێکی بێبایەخ ومایەپووچە و سەرکەوتووش نابێت و لە شوێنی خۆی دەخنکێت، چونکە میللەتی ئێمە ئەو خیانەتە لە ئەوان قبووڵ ناکات کە دژایەتیی ڕیفراندۆم و دەوڵەتی کوردستان بکەن.''

لای خۆیشیەوە، (ئەحمەد قەدەفری)، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی شارەزووری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئێمە لەگەڵ ئەنجامدانی پرۆسەی ڕیفراندۆمداینە، لە ھەرکاتێک ئەنجام بدرێت، لەبەر ئەوەی ٤٠ ساڵە خەبات بۆ ئەوە دەکەین، کورد سەربەخۆ بێت، بەڵام ھەندێک باس لەوە دەکەن، کاتی نییە، بە ڕای من ھەموو کاتێک، کاتی سەربەخۆییی کوردستانە.''

(ئەحمەد قەدەفری) گوتی: ''ڕاستە ئێستا خەڵک گلەیی ھەیە لەسەر ژیان و گوزەران، بەڵام من پێم وایە، ئێمە ئەزیەیت بکێشین بۆ ئەوەی سەربەخۆیی ببینین، نەک نەوەی داھاتوومان. بۆیە تا ڕۆژێک زووتر سەربەخۆ بین باشترە.''

(قەدەفری ) ڕاشیگەیاند: ''پێویستە پرۆسەی ڕیفراندۆم لە کاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت و ناکرێت دوا بخرێت، چونکە کات بۆ ئێمە وەکو یەکە و ھیچ جیاوازیی نییە، بۆیە باشترە، ئێستا پرۆسەی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆییی کوردستان ئەنجام بدرێت.''

بڕیارە ٢٥/٩ی ئەمساڵ پرۆسەی ڕیفراندۆم لە ھەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم ئەنجام بدرێت و ئێستا ھەموو ئامادەکارییەک بۆ ئەو پرۆسەیە کراوە.

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار