ئیبراھیم برۆ: پەیەدە هیچ پڕۆژەیەكی نەتەوەیی نییە

رۆژئاوای كوردستان-KDP.info- سەرۆكی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كورد لە سووریا دەڵێت، پەیەدە نەك هەر داوای سەربەخۆیی ناكەن، بگرە ھیچ پڕۆژەیەكی نەتەوەییان نییە.
(ئیبراھیم برۆ)، سەرۆكی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كورد لە سووریا، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "ھیچ كاتێك سەربەخۆییی رۆژئاوای كوردستان لە بەرنامەی پەیەدەدا نەبووە، كێشەی پەیەدەیش ئەوەیە، نەك سەربەخۆیی ناوێت، بگرە ھیچ پڕۆژیەكی نەتەوەیی نییە بۆ میللەتی كورد باش بێت، چونكە ناوی پارتەكەیان، بەڕێوەبەری خۆسەریی ئەوان و ھێزی سەربازییان و ھیچ دەزگایەكی ئەوان و تەنانەت دەستوورەكەیشیان وشەی كوردیی تێدا نییە، بۆیە باس لەوە دەكەن كە سەربەخۆییان ناوێت، چونكە كاری بۆ ناكەن".
جیا لە بەرسانی دیکەیان کە چەندان جار و لە بۆنەی جیادا بە ئاشکرا ڕایانگەیاندووە کە تیکۆشانی ئەوان بۆ سەربەخۆیی ڕۆژئاوای کوردستان نییە، ناوی کوردستانیشیان لە حزب و کانتۆەکانی ئەو بەشەی کوردستان کردووەتەوە و ئاڵای کوردستانیشیان قەدەغە کردووە، بەم دوواییەش ھاوسەرۆكی پەیەدە رایگەیاندووە، ئەوان بۆ سەربەخۆیی خەبات ناكەن و ھیچ كاتێكیش بۆ ئەوە خەباتیان نەكردووە.
(برۆ) دەڵێ، "ئێمە كە لەنێو ئۆپۆزسیۆنی سووریا داوای ھەرێمێكی فیدراڵیی نەتەوەیی دەكەین، زۆر زەحمەت دەبێت بۆ ئێمە، چونكە ئەوان باس لەوە دەكەن كە نەك سەربەخۆییان ناوێت، بەڵكوو ھیچ ھەنگاوێك بۆ ھیچ كارێكی نەتەوەی ناھاوێژن و بە ئاشكرا دەڵێن، ئێمە كاری نەتەوەیی ناكەین و باس لەوە دەكەن كە فیدراڵی بۆ باكووری سووریا، سەر بە سووریا دەبێت، نەك جیا بێت، بەڵام ئێمە دەمانەوێت فیدراڵیی رۆژئاوای كوردستان ھەبێت".
سەبارەت بە بەشداریكردنی ئەنەكەسە لە ھەڵبژاردنەكانیشدا، گوتی، "ئێمە بەشداری لە ھەڵبژاردنەكانی ئەواندا ناكەین، چونكە تاكلایەنە بڕیاریان لەسەر داوە و لە خزمەتی رۆژئاوای كوردستاندا نییە، رۆژئاوای كوردستان بەعەرەب كراوە و زۆرینەی بووەتە عەرەب، بۆیە ئێمە نامانەوێت بەشداری لەو جۆرە ھەڵبژاردنانەدا بكەین، لەبەر ئەوەی ئەوان بە زەبری چەك خەڵك دەبنە دەنگدان، ئەمەیش ھیچ شەرعییەتی نییە".
بڵند ئیبراھیم




