كوڕان و كچانی شەهیدان دادەمەزرێنرێن

هەولێر-KDP.info- كوڕان و كچانی شەهیدان كە دەرچووی زانكۆ و پەیمانگاكانن، دادەمەزرێن و ئەوەی داوای دامەزراندیش بكات، دەبێت كۆپیی ناسنامە، كارتی مووچەی شەهیدان و نووسراوی پێشكەشكردنی داواكارییەكانیان بۆ مەبەستی دامەزراندنیان لەگەڵ خۆیان ببەن.
(ئەشقی مەلا) بەڕێوەبەری شەهیدان و ئەنفالكراوانی سۆران، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند، "هەوڵەكانمان بەردەوامن بۆ خزمەتكردنی زیاتری كەسوكاری شەهیدان و داوا لە سەرجەم ئەو كچ و كوڕانەی شەهیدان دەكەین، كە دەرچووی زانكۆ و پەیمانگان و بێكارن، بە مەبەستی تۆماركردنی ناوەكانیان و دۆزینەوەی هەلی كار بۆیان یاخود دامەزراندنیان لە هەندێ شوێنی تایبەت، سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی شەهیدانی سۆران بكەن."
(مەلا) گوتیشی، "هەر یەك لەوانە داوای دامەزراندن بكات، پێویستە كۆپیی ناسنامە، كارتی مووچەی شەهیدان و نووسراوی پێشكەشكردنی داواكارییەكانیان بۆ مەبەستی دامەزراندنیان لەگەڵ خۆیان بهێنن، ئەمە لە كاتێكدایە لە ساڵی رابردوویشدا توانیومانە دەیان كوڕ و كچی شەهیدان لە شوێنە تایبەتەكان دابمەزرێنین و هەلی كاریان بۆ بدۆزینەوە".
رابین شێروانی




