٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پارتی چاكسازیی توركمان: ریفراندۆم چەندە بۆ كورد گرینگە، ھێندەیش بۆ پێكھاتەكانی دیكە

سەرچاوە: KDP.info

 

ھەولێر-KDP.info- سەرۆكی پارتی چاكسازیی توركمان دەڵێت، ناوچە توركماننشینەكان بەشێكی دانەبڕاوی ھەرێمی كوردستانن و، ھەرێمی كوردستانیش شوێنی پێكەوەژیانی پێكھاتەكانە و ھیچ كات جیاوازیی نەكردووە، بۆیە پرۆسەی ریفراندۆم چەندە بۆ كورد گرینگە، ھێندەیش بۆ پێكھاتەكانی دیكە جێی بایەخە.

 (عەبدولقادر بازرگان)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "ئەنجامدانی پرۆسەی ریفراندۆم سوودی بۆ ھەموو پێكھاتە و نەتەوەكانی كوردستان ھەیە، چونكە وامان لێ دەكات سەربەخۆ بین و، ھەر میللەتێكیش سەربەخۆ بێت، لە وڵاتانی جیھاندا پێگەی بەھێزتر دەبێت، جگە لەوەش مافی ھەر میللەتێكە ریفراندۆم ئەنجام بدات و لەوڵاتان بۆ كارێكی ئاسایی ریفراندۆم ئەنجام دەدەن، بۆیە مافی خۆمانە ئێمەیش ئەو پرۆسەیە مومارەسە بكەین، بۆ ئەوەی ھەرێمی كوردستانیش سەربەخۆ بێت".

(بازرگان) گوتیشی، "سەدان ساڵە ئێمە و كورد بەیەكەوە دەژین و لە خۆشی و ناخۆشییەكان پێكەوە بووینە و ھیچ جیاوازییەك لە نێوان ئێمە و كورددا نەكراوە، ھەرێمی كوردستانیش شوێنی پێكەوەژیانی ھەموو پێكھاتە و نەتەوەیەكە، بۆیە ھەستمان نەكردووە ئێمە جیاین لە ھەرێمی كوردستان و خۆمان بە بەشێك لەھەرێم زانیوە".

سەرۆكی پارتی چاكسازیی توركمان ده‌شڵێ، "ئەنجامدانی پرۆسەی ریفراندۆم و سەربەخۆیی، هەروەك چۆن بۆ گەلی كورد گرینگە، بۆ پێكھاتەكانی دیكەیش بە ھەمان شێوە بایەخی خۆی ھەیە، چونكە ئێمە بەشێكی دانەبڕاوی ھەرێمی كوردستانین كە بە ھەموو شێوەیەك پشتگیری لە پرۆسەی ریفراندۆم دەكەین و بەشداریی تێدا دەكەین و بە بەڵێ دەنگی خۆمان دەدەین".

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار