٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

باوكی یەكەم شەهیدی دەڤەری سۆران: تەنیا بە سەربەخۆیی برینەكانمان ساڕێژ دەبن

سەرچاوە: KDP.info

سۆران-KDP.info- باوكی یەكەم شەهیدی دەڤەری سۆران دەڵێت، بۆ ئەوەی خوێنی ڕۆڵەكەم و هەموو شەهیدانی دیكە بەفێرۆ نەچیت، داوا لە هەموو خەڵكی كوردستان و حزب و لایەنەكان دەكەم، ڕۆژی 25/9 ڕوو لە سندووقەكانی دەنگدان بكەن و دەنگ بۆ سەربەخۆییی كوردستان بدەن، چونكە تەنیا بە سەربەخۆیی، برینی ئێمە ساڕێژ دەبێت.

شەهید (شاخەوان چەتۆ)، یەكەم پێشمەرگە بوو لە بەرەكانی پێشەوەی شەڕ لە دەڤەری سۆران بە دەستی تیرۆریستانی داعش شەهید بوو.

(چەتۆ حالی)، باوكی یەكەم شەهیدی دەڤەری سۆران، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: ''ئێمە وەكو كەسوكاری شەهیدان چاومان لە هیچ نییە، تەنیا چاومان لەوەیە كە خوێنی شەهیدانمان بەفیڕۆ نەچێت، بۆیە داوا لە هەموو خەڵكی كوردستان، حزب و لایەنەكان دەكەین، ڕۆژی 25/9 هەموومان پێكەوە ڕوو لە سندووقەكانی دەنگدان بكەین و پێكەوە دەنگ بۆ سەربەخۆییی كوردستان بدەین، بۆ ئەوەی خوێنی شەهیدانمان بەفیڕۆ نەچێت و بەو ئاواتە بگەین، كە ڕۆلەكانمان خۆیان لەپێناویدا كردووەتە قوربانی.''

باوکی شەهید (شاخەوان) ڕوونیشی كردەوە: ''باب و باپیرانمان خۆیان قوربانیی خاكی كوردستان كردووە، منداڵەكەشم هەر لە پێناو خاكی پیرۆزی كوردستاندا گیانی بەخت كرد، من و ڕۆڵەكانی دیكەشم ئامادەین، هەر لەو پێناوەدا شەهید بین، بەس بۆ ئەوەی خاكی كوردستان لە دەستی داگیركەران ڕزگار بێت و منداڵەكانمان بە سەربەخۆیی بژین.''


ڕابین شێروانی

هەواڵی پەیوەندیدار