٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزارەتی ڕۆشنبیری: ڕێگە بە ھیچ کەناڵێک نادەین دژایەتیی پرۆسەی ڕیفراندۆم بکات

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی ڕۆشنبیریی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، ڕێگە بە ھیچ کەناڵێک نادەین لە ھەرێمی کوردستاندا دژایەتیی پرۆسەی ڕیفراندۆم بکات، بەڵکو ھەوڵ بۆ سەرخستنی ئەو پرۆسەیە دەدەین و جگە لەوەش ھەرکەناڵێک دژایەتیی ئەو پرۆسەیە بکات لێپێچینەوەی لەگەڵ دەکەین.

(محەمەد گەردی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئەو کەناڵەی باسی لێوە دەکرێت، کە گوایە کراوەتەوە بە ناوی نەخێر بۆ ڕیفراندۆم، ئێمە لێی ئاگادار نین و ڕێگەش بە کردنەوەی کەناڵێکی لەو جۆرە نادەین و بەدواداچوونیشی بۆ دەکەین، بۆ ئەوەی بزانێن ئەو کەناڵە چۆن کراوەتەوە، چونکە لە ھەرێم ئێمە ڕێگە بە کردنەوەی ئەوجۆرە کەناڵانە نادەین و ڕەنگە ئەمە لە دەرەوەی وڵات کرابێتەوە.''

(گەردی) ڕوونیشی کردەوە: ''ئێمە جگە لەوەی ڕێگە بە کردنەوەی ئەو جۆرە کەناڵانە نادەین، بگرە ئەوانەی لە ناوخۆی ھەرێمی کوردستانیشدا کراونەتەوە، ھەرکەناڵێک دژایەتیی ڕیفراندۆم بکات، لێپێچینەوەی لەگەڵ دەکەین، چونکە پێچەوانەی ڕێنمایییەکانی ئێمەیە و نابێت ھیچ کەناڵێک بانگەشە بۆ تێکدانی ئاشتەواییی نیشتمانی بکات و کارەکەی دژەنەتەوەیی بێت، چونکە ئێمە ھەوڵی سەرخستنی ڕیفراندۆم دەدەین.''

ئەمشەو کەناڵێکی ئاسمانی لەسەر مانگی دەستکردی نایلسات کراوەتەوە، بە ناوی نەخێر بۆ ڕیفراندۆم و تا ئێستاش نەزانراوە کێ خاوەنی ئەو کەناڵەیە.

بڵند ئیبراھیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار