یەكێتیی بەڵێندەران: برای بزنسمان، لەبری تێكدان، قەرزی حكوومەت و خەڵک بگەڕێنەوە

هەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆكی یەكێتیی بەڵێندەرانی كوردستان لەسەر ئەو باوەڕەیە كە، دەبوو لەبری دروستكردنی كەمپین و کاری تێکدەری، خاوەنی پڕۆژەكانی نالیا، قەرزەكانی حكوومەت و خەڵک بگەڕێنێتەوە.
(ئازاد حەسەن رەزا)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "خوزگە لەبری ئەوەی كەمپین لە دژی ریفڕاندۆم و سەربەخۆییی كوردستان بكات، (شاسوار عەبدولواحید) قەرزەكانی حكوومەتی بگەڕاندرابووایەوە بۆ ئەو بەڵێندەرانەی پارەیان لای حكوومەتە، كە بە ھۆی قەیرانی ئابوورییەوە لە دۆخێكی خراپدان."
كۆمپانیای نالیا بڕی ٤٠ ملیۆن دۆلاری لە سەردەمی كابینەی شەشەم، بە قەرز لە حكوومەت وەرگرتووە، بەڵام تا ئێستا ئەو قەرزەیشی نەداوەتەوە، بەو ھۆیەوە وەزارەتی دارایی بە واژۆی (رێباز محەممەد حەملان) وەزیری دارایی لەسەر پشكی بزووتنەوەی گۆڕان، لە نووسراوێكیدا، كە هەفتەنامەی (باس) لە ژمارەی ڕابردوویدا بڵاوی كردبووەوە و ژمارە ١٠٥٩٤ـی پێ دراوە، لە رێككەوتی ٥/٨/٢٠١٥، فەرمانی دەركردووە بە پێكھێنانی لیژنەیەك بۆ وەرگرتنەوەی ئەو پارەیە، كە لە ناوەڕۆكەكەیدا ھاتووە، "بەپێی ئەو دەسەڵاتەی كە پێمان دراوە، بڕیارمان دا بە پێكھێنانی لیژنەیەك بە سەرۆكایەتی و ئەندامێكی ئەو بەڕێزانەی كە ناو و ناونیشانیان ھاتووە، بە مەبەستی ھاوبەشی و ھەڵگرتنەوەی پشك لە كۆمپانیای نالیا، لەبری ئەو قەرزەی كە لە ئەستۆی كۆمپانیای ناوبراوە".
بەڵام بەپێی بەدواداچوونەكە، لەم رووەوە وەزارەتی دارایی ھیچ ھەنگاوێكی نەناوە و ئەو لیژنەیەیش كارەكانی راگرتووە.
ئەوكات، (رێكەوت زەكی) ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، بە هەفتەناكەی رایگەیاندووە، كۆمپانیای نالیا چەند ساڵێكە ٤٠ ملیۆن دۆلاری حكوومەت قەرزارە و نەیداوەتەوە، بۆیە وەزارەتی دارایی لە بەرانبەردا مامەڵە بە پشكەكانی پڕۆژەی چاڤییەوە دەكات.
(رێكەوت زەكی) گوتی، "كۆمپانیای چاڤی بەپێی دوو بەڵگەنامە، بڕی ٢ ملیار دینار قازانجی لە خاوەن پشكەكان شاردووەتەوە، یەكەمیان ژمێرەی كۆتاییی كۆمپانیاكەیە، كە لە ماوەی ٧ مانگی ٢٠١٣ـدا، بڕی قازانج بۆ كۆمپانیاكە ٦,٣٩٧,٦٣٦,٠٠٠ لەو قازانجەیش كە خراوەتە بەردەستی خاوەن پشكەكان، قازانجی ئەو ٧ مانگە بڕی ٤,٠١٩,٧٩١,٨٠٠ دینارە، بەوپێیەش بێت بڕی زیاتر لە دوو ملیار دینار لە خاوەن پشكەكان شاردراوەتەوە".
لەبەر ڕۆشنایی ئەم بەڵگەنامانە، جێگری سەرۆكی یەكێتیی بەڵێندەرانی كوردستان ڕووی دەمی دەكاتە ئەو بازرگانە قەرزدارە و دەڵێ، "پێی دەڵێم برای بزنسمان، كاری تۆ تێكدان نییە، وەبیر خۆتی بێنەوە ئەم وڵاتە بریندارە و ھانی خەڵك مەدە بۆ كاری نابەجێ."
ئەو دەڵێ، "مافی خەڵكی كوردستانە دەنگ بۆ سەربەخۆیی بدەن تا ئێمەیش ببین بە خاوەنی كیانێكی سەربەخۆ و دەوڵەتی كوردستان، ھەتا چیتر لە عێراقدا حیسابی كرێچیمان بۆ نەكەن و، بەڵێ بۆ ریفڕاندۆم و سەربەخۆیی كوردستان، تا رزگارمان بێت لە زوڵم داگیركاری."
پێشتر (شاسوار عەبدولواحید) وەك بازرگان و وەبەرھێنەر لە ھەرێمی كوردستان دەركەوت، بەڵام وەك زۆرێك لە چاودێران دەڵێن، روون بووەوە نیازی كاری سیاسی ھەیە و دەیەوێ بە دژایەتیكردنی ریفڕاندۆم نێوبانگ دەربكات.
(ئازاد حەسەن رەزا) جەخت دەكاتەوە، "ئەگەر مەبەستی (شاسوار عەبدولواحید) پشتگیریكردنی خەڵكی بەشمەینەتی كوردستانە، بە كردەوە با بیسەلمێنێت تەنیا لە ٢٠%ـی قەرزی ھاوبەشەكانی خۆش بێت، چونكە ئێستایش نرخی یەكەكەكانی پڕۆژەكەی بە نرخی ساڵی ٢٠١٢ـیە بۆ ھاوبەشەكانی، ھیوادارم چیتر گەنجانی كوردستان بۆ دروستكردنی پشێوی ھان نەدات و گۆشت بۆ قەساب و نان بۆ نانەوا، بازرگانی بۆ ئەو و ریفڕاندۆمیش بۆ سەربەخۆییی كوردستان."
قائید میرۆ




