٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

رێناس جانۆ: وەک پرەنسیپ، لایەنەکانی عێراق دژی ریفراندۆم نین

سەرچاوە: KDP.info


هەولێر-KDP.info-  پەرلەمانتارێکی کورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی فیدراڵ، ئاماژە بە دژ نەبوونی لایەنەکانی عێراق لەمەڕ پرسی ریفراندۆمی هەرێمی کوردستان دەکات و ئەو دژایەتیانەشی لە راگەیاندنەکانەوە دەکرێن، تەنها نمایشێکە بۆ رای گشتی.

(رێناس جانۆ) ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لەسەر لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، دوێنێ یەکشەممە، فراکسیۆنەکەیان سەردانی کۆنسووڵخانەکان و کەسایەتییەکانی بەغدایان کردووە، بە مەبەستی راگۆڕینەوەیان لەسەر پرسی ریفراندۆم و، گوتی: "وەک فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی فیدراڵ، چالاکی ئەنجام دەدەین کە سەردانیکردنی کۆنسووڵی وڵاتان لە بەغدا و کەسایەتییە سیاسییەکانی ناوخۆی عێراقە و، لەگەڵ کۆنسووڵخانەی ئوسترالیا و کوێت و میسر کۆ بووینەتەوە و، هاوکات سەردانی (ئیبراهیم جەعەفەری) وەزیری دەرەوەی عێراقیشمان کرد".

ئەو پەرلەمانتارە نایشارێتەوە، کە زۆربەی لایەنەکان وەک پرەنسیپ دژایەتیی دیاریکردنی مافی چارەی گەلی کوردستان نین، دەشڵێت: "ئەو دژایەتییەی کە هەیە، بیانووی (کات) و شەڕی دژی تیرۆریستانە."

(رێناس جانۆ) لای سەیر نییە کە لایەنەکانی عێراق بە ئاشکرا ددان بە مافی بڕیاردانی خەڵکی هەرێمی کوردستاندا نانێن، لەوبارەشەوە گوتی: "ئەستەمە لایەنێک هەبێت بوێرێت و بە ئاشکرا بڵێت (ریفراندۆم مافێکی رەوای گەلی کوردە)"، ناوبراو بە ئاشکرا قسەنەکردنی ئەو لایەنانە بۆ ترس لە رای گشتیی خۆیان دەگێڕێتەوە، "بەڵام ئەو پەرلەمانتار و کەسایەتییانەی، کە لەگەڵ ئێمە و دوور لە چاوی کامێراوە دادەنیشن، ددان بەو مافەدا دەنێن، تەنها ئەوانە نەبن، کە بیرکردنەوەیەکی توندی مەزهەبی و شۆڤێنییان هەیە."

وەها بڕیارە، ئەمڕۆ دووشەممە، ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم کۆ دەبێتەوە، تییدا لیژنەیەک بۆ سەردانی بەغدا و گفتوگۆ لەگەڵ گەورەبەرسان و بڕیاربەدەستاندا دەکەن سەبارەت بە ڕاپرسی بۆ سەربەخۆییی کوردستان.

خێڵان بەختیار

هەواڵی پەیوەندیدار