ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم، لیژنەیەك بۆ سەردانی بەغدا پێك دەهێنێت

هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم ڕایدەگەیێنێت، سەردانیان بۆ بەغدا گرینگ دەبێ و، لەگەڵ حكوومەت و لایەنە سیاسییەكاندا كۆ دەبنەوە و، پەیامی خەڵكی كوردستانیان پێ دەگەیێنن.
ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم، رۆژی 8ـی تەمووزی 2017 بە سەرپەرشتیی (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان، یەكەم كۆبوونەوەی خۆی ئەنجام دا و، رۆژی سێشەممە 11ـی تەممووزی 2017 شاندێكی ئەنجوومەنەكە بە سەرۆكایەتیی (سەرۆك بارزانی) گەییشتە برۆكسلی پایتەختی بەلجیكا و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حكوومەتی بەلجیكا، هەرێمی فلاندەرز و پەرلەمانی ئەورووپا كۆ بوونەوە و پەیامی خەڵكی كوردستانیان بە بەرپرسانی باڵای ئەورووپا گەیاند، لە دواكۆبوونەوەیشدا كە ڕۆژی یەكشەممە ٣٠ـی٧ـی٢٠١٧ لە پیرمام بە سەرپەرشتیی سەرۆك (مەسعوود بارزانی) و بەشداریی (كۆسرەت ڕەسووڵ عەلی)، (نێچیرڤان بارزانی) و نوێنەری پارتە سیاسی و پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی ئەندام لەو ئەنجوومەنە بەڕێوە چوو، بڕیار درا شاندێك سەردانی بەغدا بكات.
(ماجد بازرگان) ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، "سبەی یان دووسبەی، شاندی ئەنجوومەنی باڵای ڕیفرانۆدم بۆ دانوستان سەردانی بەغدا دەكات و، بەندەیش وەكو نوێنەری توركمان دیاری كراوم بەشدار بم لەگەڵ شاندەكەدا، ئەمڕۆیش كۆبوونەوەی فراوان بەڕێوە ناچێت و تەنیا كۆبوونەوە بۆ دیاریكردنی لیژنەكەی بەغدا دەبێت".
(بازرگان) ڕاشیگەیاند، "سەردانەكەمان بۆ بەغدا سیاسی دەبێت و تەنیا لەگەڵ حكوومەتی عێراق نابێت، بەڵكوو لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانیش كۆبوونەوەمان دەبێت، دیارە لایەنەكانی عێراقیش ڕاوبۆچوونی جیاوازیان دەبێ، هەموویان یەك ڕایان نابێت و هەندێكیان بەشێوەیەك لە شێوەكان پشتگیریمان دەكەن، لەوانەیە هەندێك لە لایەنەكانی دیكەیش ڕەتی بكەنەوە و سەربەخۆییان پێ پەسەند نەبێت، بەڵام دەتوانین متمانەی هەندێك لایەن بەدەست بێنین" .
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم هەروەها دەڵێت، "سەردانی بەغدا زۆر گرینگ دەبێت، لەبەر ئەوەی تاوەكو ئێستا بەشێكین لە عێراق و دەست بە گفتوگۆ دەكەین لەگەڵیان و زۆر بە ورەیەكی بەرزەوە دەڕۆین، بڕیاریشمان پاشگەزبوونەوەی بۆ نییە. هەڵبەت بۆ ئەوە ناچین بزانین ڕازی دەبن یاخوود نا، بەڵکوو ئێمە پەیامی گەلی كوردستان دەگەیێنین و پێیان ڕادەگەیێنین كە تا ئێستا كێشەمان هەبووە کە وەكو برا نەمانتوانیوە بە ئازادی و سەربەستی بەیەكەوە بژیێن و، دەمانەوێت وەكو دوو دراوسێی باش لەگەڵ یەكدیدا بژین".
نەشوان بەرزنجی




