٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

شەشۆ: لە ژێر دەستەڵاتی پەکەکەدا گەنجە کوردەکەی گەرگەری کوژراوە

سەرچاوە: KDP.info

شنگال-KDP.info-  فەرماندەی فەرماندەییی ھێزی پێشمەرگەی شنگال گوتی، ئەو دوو کەسەی کوردی گەرگەریی زوممار، کە لە خانەسۆر تەقەیان لێ کراوە، پەکەکە لەوێ دەستەڵاتدارە و دوور و نیزیک پەیوەندیی بە ئێمەوە نییە، بۆیە بە ھیچ شێوەیەک نامانەوێت، کێشە لە نێوان کوردانی ئێزدی و گەرگەری دروست بێت.

(قاسم شەشۆ)، فەرماندەی فەرماندەییی ھێزی پێشمەرگەی شنگال لە ڕوونکردنەوەیەکدا، کە کۆپییەکی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان نێردراوە، ڕایگەیاند: ''پێش دوو ڕۆژ، گەنجێکی گەرگەریی سنووری زوممار لە ناوچەی خانەسۆر کوژراوە، کە ئەو ناوچەیە لە ژێر دەسەڵاتی پەکەکەدایە و ئێمەی لێ نین، بۆیە ئەو دەنگۆیانەی لەبارەی ئێمەوە بڵاو دەکرێنەوە و ئێمەی پێ تۆمەتبار دەکرێین، بە ھیچ شێوەیەک ڕاست نین و ھیچ بنەمایەکیان نییە، بۆیە گومانیان لە ھەرکەسێکی ئێمەیە، با ناوەکان ئاشکرا بکەن و دەیاندەینە دەست بەرپرسانی ئەمنیی ناوچەکە بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ بکەن و سزایان بدەن.''

(قاسم شەشۆ) گوتیشی: ''خانەسۆر سێ ساڵە لە دەستی پەکەکەدایە و ھەموو جۆرە خەڵکێکی بۆ دێت، قاچاخچی و تەنانەت ئەو داعشانەی تەعداشیان لە ئێمەی کوردانی ئێزدی کردووە، بۆیە بەڕێوبەری ئاسایشی ڕۆژئاوای دیجلەم ئاگادار کردووەتەوە، گومانتان لە ھەرکەسێکی ئێزدی بێت، کە ئەوکارەی کردبێت، ئێمە ڕادەستی ئێوەی دەکەین.''

(شەشۆ) ڕوونیشی کردەوە: ''ئێستا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ھەوڵی ئەوە دەدرێت، کێشە لە نێوان کوردانی ئێزدی و کوردانی گەرگەری دروست بکرێت، بۆیە ئێمە بە ھەموو لایەک ڕادەگەیەنین، کە پەیوەندیمان بەو ڕووداوەوە نییە، ڕێگەش نادەین کەس کێشە دروست بکات.''

ئەمەش لەکاتێکدایە، دوێنێ بەرپرسی ناوچەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە زوممار، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''پەکەکە لە خانەسۆر تەقەی لە دوو کوردی گەرگەریی زوممار کردووە و یەکێکی کوشتووە و ئەوەی دیکەشیان بە برینداری بردووە بۆ حەسەکە.''

بڵند ئیبراھیم 

هەواڵی پەیوەندیدار