٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

باعەدری: چۆن جارێکی دیكه‌ لەگەڵ عێراق بژین.. ریفراندۆم دوژمنەکانمان ده‌وەستێنێت

سەرچاوە: KDP.info
 
 
دهۆک-KDP.info- کەسایەتیەکی کوردانی ئێزدی دەڵێت، تەنیا رێیەک ئێمە لە کوشتن و تاڵانکردن و وێرانکردن رزگار بکات، ریفراندۆمە، "بۆ ئەوەی بە دوژمنەکانمان بڵێین بوەستن، پێویستە ریفراندۆم ئەنجام بدرێت".
 
(شێخ زێدۆ باعەدری)، کەسایەتیەکی کوردی ئێزدییەکانە، لە میانەی لێدوانێکی تایبەتیدا بە ماڵپەری فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان، رایگەیاند، ئەوان نایانەوێت جارێکی دیکە بگەرێنەوە ناو کاولکاری عێراق، هۆکارەکەشی بۆ لاوازی حکوومەتی عێراق دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت: "حکوومەتی عێراق ناتوانێت بەغدا بپارێزیت، چۆن دەتوانێت ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئێدارەی هەرێم بپارێزیت، بۆیە بە هەموو شێوەیەک دەمانەوێت بگەڕێینەوە سەر هەرێمی کوردستان"، پێیوایە بە گەڕانەوەیان بۆ سەر ئیدارەی هەرێمی کوردستان پارێزراو دەبن.
 
٣-٨-٢٠١٤ کاتێک کارەساتی شەنگال بە سەر کوردانی ئێزدیدا هات، عێراق هیچ هاوکارییەکی کوردە ئێزدییکانی نەکرد، لەوبارەوەش (شێخ زێدۆ) گوتی، ''ئەو کارەساتە گەورەی بەسەر ئێمەدا هات، حکوومەتی عێراق، نە ئەوکات و نە ئێستاش هیچ هاوکارییەکی نەکردووین"، ئەو ئاماژە بە نەهامەتی و ناسۆری ژیانیان لە چوارچێوەی عێراق دەدات، کە عێراق جگە لە زیان و کوشتن و تاڵانکردن، هیچ شتێکی بۆیان نەبووە، دەشڵێت، "چۆن بتوانین جارێکی دیکە لەگەڵ عێراق بژین، بۆیە هەموو هەوڵێک دەدەین تاوەکو ریفراندۆمی ٢٥ ئەیلوول سەربکەوێت، لەپێناو دووبارە نەبوونەوەی ئەو کارەساتەی بەسەرماندا هاتووە".
 
(باعەدری) گوتیشی، ''ئێستا عێراق تەنیا بە ناو ماوە و بوەتە جێگای میلیشیا و کێشەی تایفگەری و گرووپە توندڕەوەکان"، ناوبراو ئەمەش بە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر پێکهاتەکان بە گشتی، بە تایبەتیش پێکهاتە ئێزدی دادەنێت، "ناوچەکانمان زیاتر ٩٠%ی  دەکەونە ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، ئێمە ناتوانین بە ئاسوودەیی بژین" (شێخ زێدۆ) داواکارە ناوچەکانیان بگەرێندرێنەوە سەر هەرێمی کوردستان''.
 
کاروان باعەدری
 

هەواڵی پەیوەندیدار