٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"ئەمڕۆ پەکەکە ویستی کێشە لە شنگال بنێتەوە؛ پێشمەرگە و ئاسایش زوو گەیشتن"

سەرچاوە: KDP.info

شنگال-KDP.info-  دەزگای خێرخوازیی بارزانی، دەزگایەکی خێرخوازییە و کارەکەی ھاوکاریکردنی خەڵکی لێقەوماو و ئاوارەیە و لە سەرەتای ھاتنی داعشەوە، لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا ئەو دەزگایە ھاوکاریی ئاوارەکانی شنگال دەکات. بەڕێوبەری ئاسایشی ڕۆژئاوای دیجلە دەڵێ، ئەمڕۆ ھێزێکی پەکەکە ھێرشیان کردووەتە سەر تیمێکی ئەو دەزگایە، بەڵام ئەوان چوونەتە سەریان و ڕێگرییان لێ کردوون و کێشەکە چارەسەر بووە.

عەمید (ئاشتی کۆچەر) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئەمڕۆ لە ساڵوەگەڕی کارەساتی شنگالدا چەکدارانی پەکەکە لە شنگال ھێرشیان کردووەتە سەر تیمێکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بەڵام ئێمە وەکو ئاسایش چووینە سەریان و ڕێگریمان لێ کردن و دەرسێکی باشیشمان پێ دان، بۆیە نەیانتوانی ھیچ کارێک بکەن.''

عەمید (ئاشتی کۆچەر) گوتی: ''ئێستا کێشەکە چارەسەر بووە و کۆتایی پێ ھاتووە، چونکە کاری دەزگای خێرخوازیی بارزانی، تەنیا خزمەتکردن و ھاوکاریکردنی کوردانی ئێزدییە، بۆیە ئەوان ئەو کارەیان کردووە بۆ ئەوەی لەو ڕۆژەدا کێشە لە ناوچەکەدا دروست بکەن، بەڵام ڕێگەمان نەدا ئەو کارە بکەن.''وتیشی، کوردانی ئێزدی خۆشیان لەکاتی کێشەکە لەوێ بوون وباسیان لەوەکرد ئەو دەزگایە تەنھا ھاوکاری ئێمە دەکات وخزمەتی زۆری کردووینە.

لای خۆیشییەوە، (پیر ڕەیان)، بەرپرسی نووسینگەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە شنگال بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئەمڕۆ یادی کارەساتی شنگال بوو، پەکەکە نیزیکەی ٢٠ کۆستەری پر لە خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستانی ھێنابوو بۆ سەر نووسینگەکەی ئێمە لەسەر چیای شنگال و ھێرشیان کرد و داوای ھێنانە خوارەوەی ئاڵای کوردستانیان کرد و ئێمەش ڕەتمان کردەوە و ئەوانیش جنێو و قسەی ناشرینیان کرد و ویستیان تەعدا بکەن، ئێمەش پەیوەندیمان بە (قاسم شەشۆ) و عەمید (ئاشتی کۆچەر)ەوە کرد و ئەوانیش ھێزێکی زۆریان ھێنا و ڕێگرییان لێ کردن، چونکە ئەو ئۆتۆمبێلانەی ھاتبوون ژمارەی حەسەکەیان لەسەر بوو.''

(پیر ڕەیان) گوتیشی: ''ئەوان ھاتبوون بۆ ئەوەی کێشە دروست بکەن و ڕێگری لە یادکردنەوەی کارەساتی شنگال بکەن، کە لە مەزاری (شێخ شەرفەدین) بەڕێوە چوو، بەڵام ھێزی پێشمەرگە ڕێگرییان لێ کردن و ڕێگەیان نەدا ئەو کارە بکەن.''

بڵند ئیبراھیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار