پیاوانی ئایینیی موسڵمان و مەسیحی پەردەیان لەسەر لۆگۆی ڕیفراندۆم لادا
__2017_08_03_h14m28s58__HK.jpg)
هەولێر-KDP.info- لە ساڵیادی كارەساتی شنگال و بۆ دووپاتكردنەوەی پاڵپشتی و پشتیوانیی پرۆسەی ڕیفراندۆم بەڕێوەبەرایەتیی ئەوقافی سۆران بە بەشداریی پیاوانی ئایینیی موسڵمان و مەسیحی مەراسیمێكی ساز كرد و لەو مەڕاسیمەدا پەردە لەسەر لۆگۆی ڕیفراندۆم لادرا.
(وەیسی سەعید)، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی ئەوقافی سۆران بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، باسی لە یادی كارەساتی شنگال كرد، كە سێ ساڵ بەر لە ئێستا، لە ٣/٨/٢٠١٤دا ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش هێرشی كردە سەر قەزاكە و كارەساتێكی گەورەی بەسەر كوردانی ئێزدیدا هێنا، كە ئەمەش وای كرد شنگال ببێتە هێمایەك بۆ دڕندایەتیی داعش، بەڵام لە سایەی قارەمانەتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، بە سەرپەرشتیی (سەرۆك بارزانی) جارێكی تر ئازاد كرایەوە.
بەڕێوەبەری ئەوقافی سۆران گوتیشی: ''بە ناوی مامۆستایانی ئایینیی موسڵمان و مەسیحی پاڵپشتی و پشتیوانیی خۆمان دەردەبڕین بۆ سەرخستنی ڕیفراندۆم، وەك سەرەتایەك بۆ سەربەخۆییی كوردستان بۆ ئەوەی بە یەكجارەكی لە كۆیلایەتی و چەوساندنەوە و جینۆساید ڕزگار بین و مافی سەربەخویی و دەوڵەتبوونیش بەر لەوەی مافێكی نەتەوەیی بێت، مافێكی ئایینییە، كە خودای پەروەردگار وەك هەموو گەلانی دنیا بە گەلی كوردستانیشی بەخشیوە، كە خاوەن كیانی سەبەخۆ بێت، هەروەك داواشی لە مامۆستایانی ئایینیی ئیسلام و مەسیحی كرد، ڕۆڵی گرینگی خۆیان ببین لە هاندانی هاووڵاتیاندا بۆ دەنگدان بە (بەڵێ) بۆ سەربەخۆییی كوردستان، كە تەنیا بەمە مافی هەموو پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی كوردستان پارێزراو دەبێت، هەروەها داوا لە هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان دەكەم یەكڕێزیی نیشتمانی و یەكهەڵوێستیی نێو مالی كورد بەهێزتر بكەن و هەر هەموومان لەم قۆناغەدا پاڵپشت و پشتیوانی هەنگاوەكانی (سەرۆك بارزانی) بین، تا لە سەرخستنی ئەم دەرفەتە زێڕینەدا هەموومان بەشدار بین.''
لە كۆتاییدا لەبەردەم مزگەوتی سەروەران، لە لایەن هەریەك لە مەلا (خالید مەلەكی)، بەرپرسی لقی سۆرانی یەكێتیی زانایان و قەشە (یەترون یۆنان)، قەشەی كلێسای دیانا و هاودیان و بێدیال پەردە لەسەر لۆگۆی ڕیفراندۆم لا درا.
ڕابین شێروانی




