٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دایکانی شەهید: ئاواتى ڕۆڵەکانمان سەربەخۆیى بوو

سەرچاوە: KDP.info



هەولێر-KDP.info-  دایکە شەهیدێک دەڵێ، ''با دەنگمان بۆ سەربەخۆیى کوردستان بێت''، دایكێكی دیكه‌ش داوا دەکات، هەموو کەس و لایەنێک تەبا بن و تا بە سه‌رخستنی پرسی سەربەخۆییى کوردستان ئازارەکانیان کەمتر بێت و خوێنی رۆڵەکانی ئەم گەلەش بە فیڕۆ نەڕوات.

(رووناک برایم)، ئەو ئافرەتەیه کە کوڕەکەى لە شەڕى بەرەنگاربوونەوەى تیرۆریستانى داعش شەهید بووە، بە چاوى پڕ فرمێسکەوە قسەى بۆ ماڵپەرى فەرمیى پارتى دیموکراتى کوردستان کردوو، گوتى: "ڕۆڵەى من لە پێناو ئەم کوردستانە خوێنی ڕژاوە و شەهید بووە. ئێستایش زیندوو بێتەوە هەرهەمان پیشەى خۆی کە پێشمەرگایەتییه دەیگریتەوەبەر"، وه‌ك ئه‌و گوتی، کوڕە شەهیدەکەی هەردەم بە پەرۆشەوە بەرەو سەنگەرەکانى بەرگرى رۆیشتووە، تاکو بەرگری لە خاکەکەی بکات و ده‌ڵێ، "لە ریزى پێشەوە شەڕى دەکرد، قەت لەو داعشانە نەترساوە، هەردەم دەیگوت من پارێزگارى لە ماڵ و خێزانى خۆم دەکەم کە نیشتیمانەکەمە."

ئەو دایکە شەهیدە دوای هەڵکێشانی هەناسەیەکی قووڵ گوتی: "داوام له کوردستانیانه‌ ئەوانەى کەمێک خوێنى شەهیدەکانیان لا گرینگە، با هەموومان دەنگ بۆ سەربەخۆییى کوردستان بدەین"، دەشڵێت ''با بە دروستبوونى ده‌وڵه‌تی سەربەخۆى کوردستان ئازارەکانمان کەمتر بێت، تاکو خەم بۆ خوێنى رۆڵەکانیان نەخۆن، چونکە ئەوان لەبەر ئێمه سنگى خۆیان خستە بەر تفەنگی تیرۆریستانی داعش، تا کوردستانى خۆشەویست بپارێزن".

(سەبرى ئەحمەد) کە هاوسەرى شەهیدى دەستى تیرۆریستانى داعشە، وێڕای ئازاری لە دەستدانی هاوسەرەکەی، بە داخەوە دەڵێت: "ئازارى ئێمە زۆر زۆرە، لەوەش ناخۆشتر ئەوەیە کە دەبینى لە ناو خۆماندا تەبا و راستگۆ نین"، خاتوو (سەبری) وەک هاوسەرەشەهیدێک سەری سووڕ ماوه‌، لە ئێستادا خەڵکانێک هەبن دژ بە سەربەخۆیی وڵاتەکەیان بن! "سەیرە کەسانێک ئەو هەمووە نەهامەتییەی ئەم گەلەیان لە دەست ئەم عێراقە دیبێت، کەچی بە درووستبوونی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆمان دڵ خۆش نەبن".

"تکاتان لێدەکەم با هەموومان لە 25-9 روو لە سندووقەکانى دەنگدان بکەین و کۆتایى بە ئازارەکانمان" ئەمە قسەی (ئامینە رەسووڵ)ە، کە هاوسەر و کوڕەتاقانەکەی ئەنفال و جینۆساید کراون، (ئامینە)خان، ئاماژە بە ئازاری لەدەستدانی هاوسەر و رۆڵەکەی دەکات، کە چەندین ساڵە پێوەی دەتلێتەوە، "چەندین ساڵە لە تاو ئازارى ڕۆڵەکانمان فرمێسک دەڕێژین، ئیتر کاتى ئەوە هاتووە سەربەخۆییى خۆمان رابگەیەنین"، ئەو تکا دەکات، کە لە پێناو خوێنی رۆڵە دلێرەکانی گەلی کوردستان و ساڕێژکردنی برینی کەسوکاری شەهیدان و قوربانیانی ئەنفال و کیمیاباران، تێکڕا دەنگ بە بەڵێ بۆ سەربەخۆیی کوردستان بدرێت، "تکاتان لێدەکەم با هەموومان لە 25-9 روو لە سندوقەکانى دەنگدان بکەین و کۆتایى بە ئازارەکانمان بێنین و با دەنگمان بۆ سەربەخۆیى کوردستان بێت، بۆ ئەوەى برینەکانمان سارێژ بێت و خوێنى رۆڵەکانمان بە فیڕۆ نەڕوات".

هه‌ڵكه‌وت محه‌ممه‌د

هەواڵی پەیوەندیدار