پارتی پۆستێکی دیکەی رادەستی یەکگرتوو کرد

دھۆک-KDP.info- لە پارێزگای دھۆک پارتی و یەکگرتوو پێکەوە حکوومەتی خۆجێییان پێکھێنا و بەرپرسێکی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگا کە روونیکردەوە، ١٠٠% رێكکەوتنی نێوانمان جێ بەجێکراوە.
(ھوشیار فەریق)، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای دھۆک بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، "بە تەواوی رێكکەوتنی نێوان پارتی و یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە بارەی پێکھێنانی حکوومەتی خۆجێیی پارێزگای دھۆک جێبەجێ کراوە.
لەسەر چۆنییەتی دابەشکردنی پۆستەکانی ئەو پارێزگایە (هوشیار) گوتی، "تا ٩٠%ی پۆستەکان رێكکەوتنی لەسەر کراوە و رادەستی یەکگرتووی ئیسلامی کراون، ئەو نایشارێتەوە کە بە هۆی کێشەی کارگێڕی کاندیدەکانی یەکگرتوو تا خۆیان لە فەرمانگەکانی دیکە دەگوازنەوە، ئەو پۆستانەشی کە ماون وەریدەگرن.
(ھوشیار فەریق) دهشڵێ، "سێ بەڕێوەبەری شارۆچکە و دوو بەڕێوەبەری گشتی و چەند پۆستێکی دیکە دەدرێتە یەکگرتووی ئیسلامی و دوێنش وەک پارتی پۆستێکی دیکەمان رادەستی یەکگرتوو کردووە ئەویش بەڕێوەبەری خانەنشینی قەزای زاخۆیە".
لە بارەی رێكکەوتن لەگەڵ لایەنەکانی دیکە ئەو بەرپرسەی پارتی، ئاشکرای دەکات، کە بە هۆی بێ بەشکردنی پارتی لە حکوومەتی خۆجێی سلێمانی و هەڵەبجە، کاریگەری لەسەر دابەشکردنی پۆستەکانی پارێزگای دهۆکیش کردووە و گوتی، "پێشتر ھەوڵدراوە بۆ ئەوەی لەگەڵ گۆڕان و یەکێتیش رێكکەوین، بەڵام بە ھۆی بێبەشکردنی پارتی لە ھەڵەبجە و سلێمانی، کاریکردۆتە سەر بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە".
قائید میرۆ




