٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ناحیەی زوومار و ڕەبیعە و عیازیە بڕیاری بەشداریان لە ریفراندۆم دا

سەرچاوە: KDP.info

زوومار-KDP.info- سێ ناحیەی دیکەی سەر بە پارێزگای نەینەوا پشتیوانیی خۆیان بۆ سەرخستنی پڕۆسەی ڕیفڕاندۆم و سەربەخۆییی کوردستان ڕاگەیاند و داوایان لە (سەرۆک بارزانی) کرد، ناوچەکانیان لە پڕۆسەی ڕیفڕاندۆم بێبەش نەکرێت.

ئەمڕۆ ئەنجومەنی ھەرسێ ناحیەی زوومار و ڕەبیعە و عیازیە، کە سەر بە قەزای تەلەعفەری پارێزگای نەینەوان، کۆ بوونەوە و لە دوای کۆبوونەوەکەش بەیاننامەیەکیان بڵاو کردەوە، لە بەشێکی بەیاننامەکەیاندا داوا لە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەکەن، سنووری ھەرسێ ناحیەکە بێبەش نەکرێن لە پڕۆسەی ڕیفڕاندۆمی ھەرێمی کوردستان و بنکە و سندووقی دەنگدان لە ناوچەکانیان بکرێتەوە، تا ھاووڵاتییانی سنوورەکە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن.

لە شەڕی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعش لە ھەردوو ساڵەکانی ٢٠١٥ و ٢٠١٦دا ھێزی پێشمەرگەی کوردستان ئۆپەڕاسیۆنێکی بەرفراوانی بۆ ڕزگارکردنی ناوچەکانی ڕۆژھەڵات و ڕۆژئاوای دیجلە ئەنجام دا و توانی جگە لە پاککردنەوەی ھەرسێ ناحیەی زوومار و ڕەبیعە و عیازیە، سەدان گوند کۆنتڕۆڵ بکات.

ئەنجومەنی ناحیەکانی زوومار، ڕەبیعە و عیازیە ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن: ''ھێزی پێشمەرگەی کوردستان دەیان ڕۆڵەی کردووەتە قوربانی لە پێناو گرتنەوەی ناوچەکانیان لەژێر دەسەڵاتی تیرۆریستانی داعش و ئێستا باشترین چارەسەر بۆ یەکلاکردنەوەی ناوچەکانیان و زامنکردنی داھاتوویەکی گەش، بەشداریکردنە لە ڕیفڕاندۆم و چارەنووسی ناوچە و خەڵکی سنورەکە گرێ دراوە بە چارەنووسی خەڵکی کوردستانەوە، بۆیە پاڵپشتیی سەرخستنی پڕۆسەی ڕیفڕاندۆم و سەربەخۆییی کوردستان دەکەین.''

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار