وەزارەتی بازرگانیی ھەرێم: ڕێگە نادرێت نرخ بەرز بکرێتەوە

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی ھەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''بەرزبوونەوەی نرخی گەنم لە بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستاندا پەیوەندیی بە پارێزگای مووسڵەوە ھەیە، چونکە بە ھۆی شەڕی داعشەوە مووسڵ بەرھەمی گەنمی نەبووە و کاری کردووەتە سەر ڕەوشی بازاڕی گەنم و نرخەکەی ھەندێک بەرز کردووەتەوە.''
ماوەیەکە دەنگوی بەرزبونەوەی نرخی خۆراک و کەلوپەل لە نێو ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستاندا بڵاو دەکرێتەوە، لایەنە پەیوەندارەکانیش ڕەتی دەکەنەوە، ھیچ گۆڕانکارییەک بەسەر بازاڕدا ھاتبێت.
(د. عەبدولڕەزاق ناوەندەیی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ھەموو ساڵێک دوای وەرگرتنی گەنمی جووتیاران بۆ پێداویستیی دیکە مۆڵەت بە ھێنانی گەنمی ھاوردە دەدرێت و بۆ ئەمساڵیش بڕیاریمان داوە گەنم بۆ مەبەستەکانی خواردن و ئالیک و ھەر جۆرێکی دیکە ھاوردەی ھەرێمی کوردستان بکرێت، ئەمەش لەبەر بازاڕ و دەنگۆیانەی لەنێو خەڵکدا بڵاو بونەتەوە نییە، بەڵکۆ ساڵانە مۆڵەت بە ھاوردەکردنی بەرھەمی گەنم دەدرێت.''
(عەبدولڕەزاق ناوەندەیی) گۆتیشی: ''لیژنەکانی وەزارەت بەردەوام چاودێری و پشکنین بۆ کەلوپەل و خۆراکی نێو بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان دەکەن و لەسەر بەرزکردنەوەی نرخ و خراپیی کوالێتیی کەلوپەلەکان سزای سەرپێچیکاران دەدرێت و پێشتریش ھەر ھەبووە.''
قائید میرۆ




