ناشناڵ ڕیڤیو: دەنگی كورده‌كان له سێپتامبه‌ردا بۆ سه‌ربه‌خۆیی و سه‌قامگیری و دیموكراسییه
__2017_08_02_h16m32s24__HK.jpg)
ئەمەریکا-KDP.info- میدیایەکی ئەمریکایی بڵاوی دەکاتەوە، کە هەریمی کوردستان بەرەو بەدەوڵەتبوون هەنگاو دەنێت و دەنگدانی کوردستانیانیش لە ٢٥ی سێپتامبەردا بۆ سەربەخۆیی و سەقامگیری و دیموکراسییە.
سایتی (ناشناڵ ڕیڤیو)، کە دامەزراوەیەکی سیاسی، کلتووری و ئابووریی ئەمریکایە، بابەتێکی شیكاریی، (سێس فراتزمان)، نووسەری ئەمریکی و شارەزا لە کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بڵاو كرده‌وه، كه تێیدا باس له‌وه ده‌كات، هەرێمی کوردستان ئاماده‌ییی سەربەخۆیی و بوون بە دەوڵەتی هەیە.
نووسەر لە بابەتەکەیدا وتەی باڵیۆزێکی پێشووی وڵاتەکەی دێنێتەوە، کە دەڵێت: ''خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان به تامه‌زۆرییه‌وه و به‌ئاشکرا سه‌ربه‌خۆییان ده‌وێت.'' ئەوە بەشێک بوو لە وتاری (پیته‌ر گالبرێس) له كۆنفرانسی 28ی ته‌مووزی واشنتۆندا و یەکێک بوو لەو وتارانە كه كوردستانیان به هاوپه‌یمانێكی ستراتیژیی ئەمریکا ده‌زانی و پلاتفۆرمێكیان پێشكه‌ش كرد، كه كوردستان شایانی ئه‌و مافه‌یه، بڕیار لەسەر چارەنووس و داهاتووی خۆی بدات، كه ڕه‌نگه ئەنجامی ئەو بڕیارە جیابوونه‌وه بێت له عێراق.
لە بابەتە شیکارییەکەیدا، (فراتزمان) ئاماژە بە بڕیاری هەرێمی کوردستان دەکات بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەسەر سەربەخۆیی، لە ٢٥ی مانگی داهاتوودا و دەڵێت، کورد داوای پشتگیریی ئەمریکا و وڵاتانی دیکە دەکات. لەو ڕووەوە نموونەی بەهێزی دۆسیەی کوردەکان دێنێتەوە، لەوانە بینینی ڕۆڵی سەرەکی لە شەڕی داعش و تێک‌شکاندن و شکست پێهێنانی ئەو ڕێکخراوەیە، ڕووبەڕووبوونەوەی جینۆساید و ستەم لەسەر دەستی ڕژێمی پیشووی (سەددام حوسێن) لە عێراق.
نووسەری بابەتەکە لەسەر سەربەخۆییی کوردستان پێی وایە، ڕیفراندۆم ئاسان نابێت و لەو بارەیەوە پشت بە لێدوانێکی (فەلاح مستەفا)، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەبەستێت، کە لە وەڵامی پرسیارێکیدا گوتبووی: ''"هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌ك به ئاسانی سه‌ربه‌خۆیی به‌ده‌ست نه‌هێناوه، ئه‌وه بڕیارێكی سه‌خت و جددییه و ئێمه ئاماده‌ین ئه‌و ڕیسكه بكه‌ین. بۆ كورده‌كان كه 30 ملیۆن كه‌سن، دابه‌ش كراوین به سه‌ر 4 وڵات‌دا، له جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانییه‌وه و ڕێگه‌كه‌مان زۆر سه‌خت بووه، سنووره داگیرکارییەکان ئێمه‌یان كردووەته كه‌مینه لە عێراق، ئێران، سووریا، توركیا. کوردەکان ڕووبه‌ڕووی ستەمی نەتەوەیی بوونه‌ته‌وه، كه ویستوویانە نكۆڵی له مافه‌كانیان بكەن، كورد توند‌وتیژترین ڕێگه‌ی به‌رامبه‌ر گیراوه‌ته‌به‌ر بۆ له‌ناوبردنی كلتوور و زمان و میدیای و تۆقێنه‌رترین سته‌میشیان له نێوان ساڵانی 1986 -1989 لێ کراوە، له ماوه‌ی ئۆپەراسیۆنەکانی ناسراو بە (ئه‌نفال)دا، كه (سه‌ددام حوسێن) ئه‌نجامی دا و بووە هۆی کوژران و بێسەروشوێنکردنی 180 هه‌زار هاووڵاتیی کورد و ڕووخاندن و وێرانکردنی ٤٥٠٠ گوندی ناوچەکە.''
لە بەشێکی دیکەی بابەتە شیکارییەکیدا باس لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، کە خاوەن ناسنامەیەکی تایبەتی یەکگرتووە و فڕۆكه‌خانه‌ی مۆدێرنی هه‌یه و بە پێشمەرگە، وەک هێزە سەربازییەکەی، توانیویەتی سنوورەکانی خۆی بپارێزێت. هەروەها چه‌ندین ده‌یه‌یه پشتگیریی ئه‌مریكای هه‌یه و به کردەوە له به‌غدا جیا بووەتەوە. له دوای پرۆسەی ئازادیی عێراق، لە ساڵی ٢٠٠٣دا، هەرێمی کوردستان سه‌قامگیر و ئاشتیخواز بووه و دوور بووه له ده‌ستی تیرۆر، كاتیكیش داعش له 2014دا چه‌ند به‌شێكی عێراقی داگیر كرد، كورده‌كان زیاتر لە هەزار كیلۆمه‌تر سنووری هاوبەشیان له‌گه‌ڵ داعش هه‌بوو، حکوومەتەکەی شانی دایه به‌ر قه‌یرانه دارایی و سه‌ربازییه‌كانی شه‌ڕێكی دژوار، بۆیە ئێستا ده‌یانه‌وێت به‌رپرسیاریی سیاسی هه‌ڵبگرن بۆ گەیشتن بە سه‌ربه‌خۆیی. هەروەها تیشک دەخاتە سەر لێدوانێکی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەوەی کە ''کوردەکان لە دوای پڕۆسەی ئازادیی عێراقەوە، وڵاتیکی فیدڕاڵی، دیموکراتی و پلورالییان هه‌ڵبژاردووه و ڕۆڵێكی گرنگیان هه‌بووە له نووسینه‌وه‌ی ده‌ستوورێكی گونجاو بۆ وڵاته‌كەدا.'' (فەلاح مستەفا) و چه‌ندین به‌رپرسی دیکە ده‌ڵێن، ''به‌غدا ده‌ستووری جێبه‌جێ نه‌كردووه.'' نووسەر دەڵێت، بەغدا بوودجه‌ی كوردستانی بڕیوه و به به‌رفراوانی تاكڕه‌و بووه به‌رامبه‌ر به هه‌ولێر.
لە بابەتەکەدا هاتووە: دوای ئه‌وه‌ی كوردستان ڕایگه‌یاند، ڕیفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی ئه‌نجام ده‌دات، یه‌كه‌مین وڵات كه به ئاشكرا دژی وه‌ستایه‌وه، ئێران بوو. ئۆفیسی ئایه‌توڵڵا (عه‌لی خامەنەیی)، ڕێبەری ڕۆحیی ئێران گوتی: ''سه‌ربه‌خۆییی كورده‌كان مه‌ترسییه له‌سه‌ر ناسنامه‌ی عێراق و ده‌بێت به یه‌كگرتوویی بمێنێته‌وه.'' ئەو ناسنامه‌یەی عێراق کە بە ڕای نووسەر، له لایه‌ن حەشدی شەعبی و ئه‌و میلیشیایانه‌وە كۆنترۆڵ كراوه کە پاڵپشتیی ئێرانیان هەیە. ڕه‌تكردنه‌وه‌ی سه‌ربه‌خۆییی كورده‌كان له لایه‌ن ئێرانه‌وه خستنه‌ڕووی هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی نوێیه له‌وه‌ی ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌بیی (سه‌ددام حوسێن) لێی ده‌كردن. هەروەها لە زاری (پیتەر گالبرێس)ەوە دەڵێت: ''تای تەرازووی ڕیسکی مانه‌وه له‌گه‌ڵ عێراقێكدا كه زۆربه‌ی پیاوانی ئایینیی شیعه‌ی به‌ستراوه به ئێرانەوە حوكمی دەکەن، قورسترە لە ڕیسكی سه‌ربه‌خۆییی کوردستان.'' (فه‌لاح مسته‌فا)ش باس له چەند ئاستەنگێک ده‌كات کە ''ده‌بێ هەرێمی کوردستان ڕووبه‌ڕوویان بێته‌وه، بەڵام جگه له‌و به‌ربه‌ستانه، ده‌بێ ئێمه دڵنیابین، كه یه‌كڕیز و به‌هێزین، بۆ ئه‌وه‌ش پارتی دیموکراتی كوردستان كاری كردووه له‌گه‌ڵ یه‌كییه‌تیی نیشتمانیی كوردستان و یه‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستان و چه‌ند لایه‌نێکی دیکە تا پشگیریی ڕیفراندۆم بكه‌ن.''
سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغداش، بەرپرسەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەخت لەسەر پێویستیی بەردەوامبوونی پەیوەندیی حکوومەتەکەی لەگەڵ بەغدا دەکاتەوە، ''هه‌ولێر پێویستی به په‌یوه‌ندییه له‌گه‌ڵ به‌غدا تا دڵنیابین له ئامانجەکانمان تێده‌گه‌ن، بەوەی كه تێكهه‌ڵچوونمان ناوێت و خوازیاری دۆستایەتی و پەیوەندیی بازرگانین لەگەڵیان.'' دەربارەی هەڵوێستی وڵاتانی دراوسێی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت: ''زۆر گرنگه كه دڵنیایان بكه‌ینه‌وه ئه‌و هه‌نگاوەی ئێمه دژی به‌رژه‌وه‌ندیی هیچ له‌و نه‌ته‌وانه نابێت.'' (فه‌لاح مسته‌فا) هیوایشی خواستووە ئه‌مریكا یارمه‌تییان بدات له دیالۆگ له‌گه‌ل به‌غدا و دڵنیابێت له دیموكراتییه‌تی پرۆسه‌ی ڕیفراندۆم.
(سێس فراتزمان)، کە نووسەرێکی ئەمریکاییە و شارەزایە لە کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە بابەتە شیکارییەکەیدا لە سایتی (ناشناڵ ڕیڤیو)ی ئەمریکادا پێی وایە، وه‌ڵامی دەسەڵاتدارانی توركیا بۆ ده‌نگدان لەسەر سەربه‌خۆییی هەرێمی کوردستان ئاسایییە و زۆر توند نه‌بووە، هه‌رچه‌ند ئەنقەرە له‌گه‌ڵ هه‌ولێر دۆستایه‌تی نیشان ده‌دات و له‌و ساڵانه‌ی دواییدا، هاوبه‌شی سه‌ره‌كی بووە لە بازرگانی لەگەڵ كوردستان، له نه‌وت و پێداویستییەکان، وه‌زیری ده‌رەوه‌ی توركیا ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆمی به خۆكوشتن وه‌سف كرد، به‌ڵام كاردانه‌وەی له‌و شێوه‌یه له توركیا چاوه‌ڕوانكراو بوو . لەو پەیوەندییەدا لێدوانێکی (نێچیرڤان بارزانی)، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانی هێناوەتەوە، کە بە میدیاکانی گوتبوو: ''ئه‌وه‌ی تا ئیستا ده‌یبینین كاردانه‌وه‌ی وڵاته‌كان لەسەر ڕیفراندۆم زۆر نۆرماڵ و ئاسایین، هیچ شتێكی تیدا نییه، كه نیگه‌رانمان بكات.''
كورده‌كان ده‌ستیان گه‌یشتووه به یه‌كییه‌تیی ئه‌وروپا و كۆنگرێسی ئه‌مریكا و ئه‌و كۆنفرانسه‌ی واشنتۆن تایمز و كوردستان 24 و دامه‌زراوه‌ی له‌نده‌ن ڕێكیان خستبوو و كه‌سانی وه‌ك (گالبرێس) قسه‌یان تێدا كرد، په‌یامه‌كه‌ی ئه‌وه بوو كه ''كوردستان مافی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی هەیە، وه‌ك سكۆتله‌ندا، كبیك و باشووری سوودان و، دوای 100 ساڵ كاتی ئه‌وه‌یه كوردستان خۆی بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات.''
لە بەردەوامیی بابەتەکەی (فراتزمان)دا هاتووە، له كاتیكدا به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی ده‌ڕۆن، كوردەکان ئامانجیانه چه‌ندین چاكسازیی جددیی ئابووری و كۆمه‌ڵگه‌ی سڤیل بكه‌ن، ئێستا كه شه‌ڕی داعش به‌ره‌و کۆتایی ده‌چێت، به‌ڵام هێرشه‌كانی مانگی ته‌مووز بۆ سه‌ر ڕۆژئاوای كه‌ركووك پیشانی ده‌دات، كه داعش به ته‌واوی له‌ناو نه‌چووه، به‌رپرسانی هه‌رێمی كوردستان، ته‌نانه‌ت ڕاوێژكاره‌كانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ش له چاوپێكه‌وتنه‌كانیاندا باسیان لەوە کردووە، كه هه‌رێمی کوردستان به به‌رفراوانی سه‌رقاڵی پرۆفێشناڵكردنی هێزه‌كه‌یه‌تی له ڕێگه‌ی مه‌شق و ڕاهێنان و باشترکردنی باری ژیان و گوزەرانی پێشمه‌رگەوە. وەک ئەوەی (فه‌لاح مسته‌فا) دەڵێت: ''هه‌رێمی کوردستان ده‌كەینه مناره‌یه‌كی هیوا بۆ سه‌قامگیری و ئه‌منییه‌تی زیاتر له ناوچه‌كه‌دا.'' نووسەر لە کۆتاییی بابەتەکەیدا دەڵێت، هه‌ركه‌سیك سەردانی كوردستانی کردبێت، به‌تایبه‌ت به به‌راورد له‌گه‌ڵ هه‌موو بەشەکانی دیکەی عێراق، ئه‌منییه‌ت و بنیادنانی مۆدێرن و وه‌به‌رهێنان ده‌بینێت، هه‌رێم بووەته لانه‌ی ئارامی بۆ ئەو كه‌مینانه‌ی کە له شەڕ و دەستی داعش ڕایان كردووه.




