٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سبەی زیاتر لە یەک ملیۆن ئێزدی دڵیان لای شنگالە

سەرچاوە: KDP.info

شنگال-KDP.info- یادی کارەساتی کوردانی ئێزدی لە شنگال دەکرێتەوە، بەرپرسی ڕاگەیاندنی بنکەی ڕۆشنبیری کۆمەلایەتیی لالش لە پارێزگای دهۆک گوتی، ئەوان ئامادەکاریی خۆیان کردووە بۆ  یادی کارەساتی کوردانی ئێزدی لە شنگال، بە هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگای دهۆک.

ڕۆژی ٣/٨/٢٠١٤، کارەساتی کوردانی ئێزدی لە شنگال ڕووی دا، داعش دەستی بەسەر ئەو شارە و ناوچە ئێزدینشینەکاندا گرت، زیاتر لە ٦ هەزار کەسیان ڕفاند و ٣٦٠ هەزار کەس ئاوارەی کەمپەکانی پارێزگای دهۆک کران و ١٢٩٣ کەس کوژروان و ٢٧٤٥ کەس بێ سامان کران، ئەمەش بە پیی دوایین ئاماری بەڕێوبەرایەتیی کارواباری ئێزدییان لە وەزارەتی ئەوقافی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

سەرجەمی ئێزدییان  لە عێراق نزیکەی ٧٠٠ هەزار کەسن و لە جیهاندا زیاتر لە ملیۆنێک و  ١٠٠ هەزار کەسن،  لە وڵاتەکانی عیراق و سووریا و تورکیا و ئەڵمانیا و سوید و ڕووسیا و جۆرجیا و ئەرمینیا و .... هتد دەژین، بەڵام زۆربەی هەرە زۆریان دەکەونە عێراق و هەرێمی کوردستان و زیاتر لە ٩٠% دەکەونە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و ئێزدییان لە عێراقدا خاوەنی دوو قەزان، ئەوانیش قەزای شیخان و شنگالن و ١٠% دەکەونە پاریزگای دهۆک، کە لەسەر قەزای شێخان و سێمێل و زاخۆنە و میرگەی ئێزدییان، ناحیەی (باعەدرێ)یە.

لە ڕووی جوگرافیاوە ئێزدییان زۆربەیان دەکەونە دەشتی نەینەوا سەر بە پاریزگای مووسل، کاتێک داعش دەستی بەسەر مووسڵدا گرت، ناوچە ئێزدینشینەکانیش کەوتنە بەر پەلاماری چەکدارەکان، ئەوانیش (شنگال و باشیک و بەحزان و کۆمەڵگەی بابیرێ)، پاشان بە بڕیاری (سەرۆک بارزانی)، کە بەڵینی بە ئیزدییان دابوو هەموو ناوچە ئێزدینشینەکان پاک بکریتەوە و دواتر لە ژێر سەرپەرشتیی (سەرۆک بارزانی)دا، پێشمەرگە توانی قەزای شنگال لە دوو قۆناغدا پاک بکاتەوە؛ قوناغی یەکەم، باکووری شنگال پاک کرایەوە و لە قۆناغی دووەمدا باشووری شنگال، کە سەنتەری قەزای شنگالە ڕزگار کرا و (سەرۆک بارزانی) گۆتارێکی لەسەری چیای شنگال پێشکیش کرد و مزگینیی بە جیهان و ئێزدییان گەیاند، کە شنگال بەشێكی دانەبڕاوی کوردستانە.

لە دوایین ئاماری بەڕێوبەرایەتیی کاروباری ئێزدییان لە وەزارەتی ئەوقافدا دیاری کراوە، ئێستا زیاتر لە ٤٠ گۆڕی بەکۆمەڵ دۆزراونەوە و جگە لە گۆڕی تاک و چەکدارانی داعش، زیاتر لە ٦٨ مەزارگە و نیشانگەی ئیزدییان خاپوور کراوان و زیاتر لە ٩٠ هەزار ئێزدییش کۆچبەر بوونە بۆ دەرەوەی وڵات، لە دوای (٣-٨-٢٠١٤)ەوە.

(حسین قائیدی)، بەرپرسی نووسینگەی ڕفێنراوانی کوردانی ئێزدی لە پارێزگای دهۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''دوای ئەوەی کە داعش دەستی بەسەر شنگالدا گرت، نووسینگەیەک کرایەوە تایبەت بە ڕزگارکردنی ئەو ڕفێنراوانەی کە داعش بەدیلی گرتبوون، بە ناوی (نووسینگەی ڕفێنراوانی کوردانی ئێزدی لە پارێزگای دهۆک)، کە سەر بە نووسینگەی سەرۆکێ حکوومەتی هەرێم، (نێچیرڤان بارزانی) بوو، ئەم نووسینگەیە توانی زیاتر لە ٣٠٧٠ کەس ڕزگار بکات و تا ئێستا زیاتر لە ٣ هەزار کەسیش ماون و هەوڵ بەردەوامن بۆ ڕزگارکردنی ئەم کەسانە.''

لە لایەکی دیکەوە، (کەریم سلێمان)، ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ڕۆحانیی کوردانی ئێزدی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''ئێمە بە هەموو شێوەیەک پشتگیریی ڕیفراندۆم دەکەین، بە دیدی ئێمە ڕیفراندۆم پرۆسەیەکی زۆر زۆر گرنگە و ئەمە دەستپێکێکە بۆ چارەکردنی تەواوی کێشەکانی ناوچە ئێزدییەکان و پێوستە تەوای کۆمەڵگای ئێمە بەبێ جیاوازی پشتگیریی خۆی بۆ ئەم پرۆسەیە دیاری بکات.''

(کەریم سلێمان) ئەوەیشی گوت: ''ئێمە دەخوازین ناوچەکانمان سەر بە هیچ جیگایەک نەبن، جگە لە کوردستان و، ئێمە ناتوانین لەگەڵ عەرەبە شۆڤینییەکان بژین و دەمانەوێت ناوچەکانمان بگەڕێنەوە سەر هەرێم و چارەی ئێزدییان ئەوەیە، ڕیفراندۆم بکریت، بۆ ئەوەی ئێمە جودا بین لەو کەسانەی کە دەستیان هەبوو لە تاوانی ئێزدییاندا.''

(شێخ شامۆ)، سەرۆکی دەستەی باڵای بنکەی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتیی لالش لە دهۆک و نوێنەری کوردانی ئێزدی لە پەرلەمان و هاوکات ئەندامی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''پرۆسەی ڕیفراندۆم گرەنتیی چارەنووسی ئێزدییانە، زیاتر لە هەر پێکهاتەیەکی دیکە، چونکە زیاتر لە 90%ی ناوچەکانی کوردانی ئێزدی دەکەونە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و ئەمانە هەموویان دەگەڕێنەوە باوەشی هەرێم و ڕێژەی ئێزدییان دەگاتە 15%ی خەڵکی کوردستان.''

پێشتر چەندین کەسایەتیی ئێزدی و مامۆستای زانکۆ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانیان ڕاگەیاندبوو، کە ئەوان پشتگیریی ڕیفراندۆم دەکەن و هەموو هەوڵی خۆیان دەخەنە گەڕ بۆ ئەوەی ئەم پرسە سەر بکەویت، چونکە ئەوان لە کوردستان پاراستوو دەبن.

کاروان باعەدری
 

هەواڵی پەیوەندیدار