٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دادگاییکردنی ڕێبوار تاڵەبانی دوا خرا

سەرچاوە: KDP.info

کەرکووک-KDP.info-  دادگا بڕیاری دا جارێکی دیکە دۆسیەی دادگاییکردنی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک دوا بخرێت بۆ ڕۆژی ١٦ی ئاب، شارەزایەکی یاسایی ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، دادگا بێلایەنیی لەدەست دا و پرسەکە سیاسییە، نەک یاسایی.

ئەمڕۆ، جارێکی دیکە بڕیاردان لەبارەی کەیسی (ڕێبوار تاڵەبانی)، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بە وەکالەت، لە لایەن دادگای ئیدارەی بەغداوە دواخرا بۆ ڕۆژی ١٦ی ئاب، ئەمە لە کاتێکدا بوو پێشتریش ڕۆژی ٣ی حوەزیران یەکەم دانیشتنی دادگاییکردنی (ڕێبوار تاڵەبانی) بەڕێوە چوو، دادگا بڕیارەکەی دواخست بۆ ئەمڕۆ ٢ی ئاب.

(کەریم بەحری)، شارەزای یاسا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''پرسی دادگاییکردنی (ڕێبوار تاڵەبانی)، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، پرسێکی سیاسییە، نەک یاسایی، چونکە خۆی بڕیاری نەداوە بەڵکۆ ئەوە بڕیاری ئەنجومەنی پارێزگایە لەبارەی ھەڵکردنی ئاڵای کوردستانەوە لە کەرکووک، لەبەر ئەوەش، من وەک شارەزاییم لە یاسا و دەستوور ھەبێت، ئەمە پرسێکی سیاسییە، نەک یاسایی، کە لە بەرامبەر سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووکدا گیراوەتە بەر.''

(کەریم بەحری) دەڵێت: ''دادگا لە عێراق بێلایەنیی خۆی لەدەست داوە و کەوتووەتە ژێر کاریگەریی لایەن و سەرکردە سیاسییەکان، ھەر بڕیارێک لەو دادگایە دەربچێت، من بە بڕیارێکی سیاسی دەزانم، نەک یاسایی، چونکە بێلایەنیی ھەر دادگایەک دیارە و لایەنگریی دادگای عێراقیش دیارە، ھەتا چەندین جار کورد سکاڵای تۆمار کردووە لەبارەی ماددەی ١٤٠ و لەبارەی بڕینی بوودجە و زۆر شتی دیکەش، دادگا نەیتوانیوە ھیچ بڕیارێکی دروست دەربکات.''

لە ماوەی رابردوودا ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بڕیاری دا ئاڵای کوردستان بە شێوەیەکی فەرمی لە کەرکووک ھەڵبکرێت و پێنج ئەندامی ئەنجومەن، سەر بە بەرەی تورکمانی لە دادگا سکاڵایان لەسەر (ڕێبوار تاڵەبانی)، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بە وەکالەت تۆمار کرد.

قائید میرۆ
 

هەواڵی پەیوەندیدار