پرۆسه‌ی ناونووسكردنی مووچه‌خۆرانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لە ده‌ره‌وه‌ی وڵات ده‌ستی پێ‌کرد

فه‌ڕه‌نسا-KDP.INFO- نوێنه‌رى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له وڵاتى فه‌ڕه‌نسا ڕایده‌گه‌یێنێت، لەمڕۆوە پرۆسه‌ی ناونووسكردنی مووچه‌خۆرانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان- دانیشتووانی ده‌ره‌وه‌ی وڵات بۆ ماوه‌ی یه‌ك مانگ ده‌ست پێ ده‌كات.
(د. عه‌لى دۆله‌مه‌ڕى ) نوێنه‌رى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له فه‌ڕه‌نسا، لە ڕێی ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانەوە، مووچه‌خۆری حكوومه‌تی هه‌رێم و دانیشتوانی ده‌ره‌وه‌ی وڵات ئاگادار دەکاتەوە كه حكوومه‌تی هه‌رێم ماوه‌ی یه‌ك مانگی ده‌ستنیشان كردووه بۆ تۆماركردنی سه‌رجه‌م مووچه‌خۆرانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه له ده‌ره‌وه‌ی وڵات نیشته‌جێن و ئه‌م پرۆسه‌یه له ١-٨-٢٠١٧ ده‌ست پێده‌كات و له‌به‌رواری ٣١-٨-٢٠١٧ كۆتایی پێدێت.
وەک (دۆله‌مه‌ڕى) ڕایگه‌یاند، ئامانج لە ئه‌م پرۆسه‌یه ته‌نها بۆ تۆماركردنه نه‌ك بایۆمه‌تری، ئامانج لێی كۆكردنه‌وه‌ی زانیارییه‌كانه سه‌باره‌ت به مووچه‌خۆرانی دانیشتووانی ده‌ره‌وه‌ی وڵات و گوتیشی، "هه‌نگاوی یه‌كه‌م به‌م شێوه‌یه ده‌ست پێده‌كات و بۆ هه‌نگاوی دووه‌م، ئاماده‌كاری ده‌بێت تاكوو لێژنه‌ی باڵای تۆماركردنی مووچه‌خۆرانی ده‌ره‌وه‌ی وڵات به‌ره‌و هه‌نگاوی دووه‌م به‌رێت، كه ئه‌وه‌ش چۆنیه‌تیی ئه‌نجامدانی بایۆمه‌ترییە بۆ تێكڕای مووچه‌خۆره‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستانه."
بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌م پرۆسه‌یه هه‌ندێك فۆرمی تایبه‌ت ده‌ستنیشان كراون و پێویسته به وردی پڕی بكه‌نه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی له كاتی دیاریكراودا بگاته ده‌ستی نوێنه‌رایه‌تیی حكوومه‌تی هه‌رێم له ده‌ره‌وه.
له‌باره‌ى ئه‌وه‌وە ئه‌م پڕۆسه‌یه کام لە توێژەکانی مووجەخۆران ده‌گرێته‌وه؟، (عەلی دۆله‌مه‌رى) گوتى: "پڕۆسه‌كه سه‌رجه‌م ئه‌و كه‌سانه ده‌گرێته‌وه كه مووچه‌خۆری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانن و له‌سه‌ر میلاكی حكوومه‌تن، یاخوود مووچه له حكوومه‌تی هه‌رێم وه‌رده‌گرن و له‌ده‌ره‌وه‌ی كوردستان نیشته‌جێن و ناتوانن له ئێستادا بگه‌رێنه‌وه كوردستان کە ئەمانەن:
١- خانه‌نشینانی شارستانی،سه‌ربازی و پێشمه‌رگه.
٢ -كه‌سوكاری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوه‌كان و زیندانییه سیاسییه‌كان.
٣- كه‌مئه‌ندامانی سه‌نگه‌ر.
٤- سوودمه‌ندانی پرۆگرامی تواناسازی و نێردراوان و هاوه‌ڵه‌كانیان.
٥- ئه‌و كه‌سانه‌ی مۆڵه‌تی خوێندنیان وه‌رگرتووه و مووچه‌كه‌یان به‌رده‌وامه.
٦- سه‌رجه‌م مووچه‌خۆرانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه دانیشتووی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتن."
حكوومه‌تى هه‌رێم چەندان تێبینى داوه بۆ جیبەجێکردنی ئەم پڕۆسەیە له‌وانه: یه‌كه‌م، سه‌رجه‌م ئه‌و مووچه‌خۆرانه‌ی كه شێوازی كاركردنیان هه‌میشه‌یی بێت یاخوود گرێبه‌ست و كاتی بێت، یان به‌خشین و مینحه بێت، ئه‌وا پێویسته فۆرمه‌كه پڕ بكه‌نه‌وه.
دووه‌م: هه‌ر مووچه‌خۆرێك فۆرمی ناونووسكردن پڕ نه‌كاته‌وه و له رێگه‌ی نوێنه‌رایه‌تیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه نه‌گاته ده‌ستی لێژنه‌ی باڵای بایۆمه‌تریی مووچه‌خۆران، ئه‌وا فۆرمی بایۆمه‌تری پێ‌نادرێت و، ئه‌و فۆرمانه ته‌نها له رێگه‌ی نوێنه‌رایه‌تییه‌وه په‌سه‌ند ده‌كرێن.
سێیه‌م: له سیسته‌می بایۆمه‌تریدا وه‌كیل ڕۆڵی نییه و قابیلی تۆماركردن نییه.
چواره‌م: هه‌ر کەسێک مووچه‌خۆری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه، پێویسته سه‌ردانی ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی نوێنه‌رایه‌تیی حكوومه‌تی هه‌رێم له ده‌ره‌وه بكات و فۆرمه‌كان لای خۆی دابه‌زێنێت و، پڕیان بكاته‌وه.
پێنجه‌م: بۆ زانینی شێوازی پڕكردنه‌وه‌ی فۆرمه‌كه‌یە، کە پێویستە لەو فۆرمی زانیارییە سوود وه‌ربگرن كه له‌سه‌ر سایته‌كه دانراوه.
بۆ تێبینى شه‌شه‌میش: پاش دڵنیابوون له تۆماركردنی گشت زانیارییه داواكراوه‌كان، پێویسته فۆرمه‌كه سكان بكرێن و به ئیمه‌یڵ بنێردرێته ئه‌م ناونیشانه له ئۆفیسی نوێنه‌رایه‌تیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له فه‌ره‌نسا ([email protected])، زانیارییش دراوە کە له ناونیشانی بابه‌تی ئیمه‌یڵه‌كه بنووسرێ: فۆرمی زانیاریی مووچه‌خۆرانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دانیشتووی ده‌ره‌وه‌ی وڵات.
نه‌شوان به‌رزنجى




