کەسوکاری ئەنفالکراوان: سەربەخۆیی لە ئەنفالێکی دیکە دەمانپارێزێت
__2017_08_01_h14m51s37__HK.jpg)
سۆران-KDP.info- كەسوكاری ئەنفالەكان دەڵێن: ''ئەگەر سەربەخۆ بین، كەس ناتوانێت دەست بۆ ئێمە درێژ بكات و كیمیاباران و ئەنفالمان بكات، بەڵام ئەگەر سەربەخۆ نەبین و دەوڵەتی خۆمان نەبێت دوژمنەکانمان هەر كاتێك بیانەوێت ئەنفالمان دەكەن، بۆیە داوا لە هەموو خەڵكی كوردستان دەكەین، ڕۆژی ٢٥/٩ هەموویان ڕوو لە سندووقەكانی دەنگدان بكەن و دەنگ بۆ سەربەخۆیی كوردستان بدەن.''
(خەدیجە سەلیم)، كە كوڕێك و سێ برا و هاوسەرەكەی ئەنفالن، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: ''دوو لە كوڕەكانم بەژن بوون، پاش ئەنفال ناخۆشییەكی زۆرمان بینی، بۆ بەخێوكردنی منداڵەكانم، هەموو ڕۆژێك دەچووینە كرێكاری و كارمان دەكرد، پاش ساڵی ١٩٩١ و گەڕانەوەی خەڵكی ئێمە لە ئێران و دروستبوونی حكوومەتی هەرێم و پەرلەمان ژیانمان كەمێك بەرەو خۆشی چوو و توانیمان بە شێوەیەكی دیكە منداڵەكانمان بەخێو بكەین.''
(خەدیجە) گوتیشی: ''ئەو وتارەی (سەرۆك بارزانی) لێرە پێشكەشی ئێمەی كرد، ئێمە وەكو كەسوكاری ئەنفالەكان زۆر پێی خۆشحال بووین، كە باسی ڕیفراندۆم و سەربەخۆییی كوردستانی كرد، هیوادارم بەو سەربەخۆیییە بگەین، كە دەریایەك خوێنمان بۆ داوە.''
(موحسێن ڕەسووڵ)، هاووڵاتییەكی دیكەیە، كە پاش مردنی بابی لەدایك بووە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕوون كردەوە: ''زۆر پێی خۆشحال بووینە، كە ڕۆژی ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستان دیاری كراوە، وا هەست دەكەین لەو ڕۆژەدا تۆڵەی كەسوكاری خۆمان لە ڕژێمی بەعس دەكەینەوە و بە مافەكانی خۆمان دەگەین.''
(موحسێن ڕەسووڵ) دەڵێت: '' داوا لە هەموو لایەنەكان و خەڵكی كوردستان دەكەم، لەو ڕۆژەدا ڕوو لە سندووقەكانی دەنگدان بكەن و دەنگ بۆ سەربەخۆییی كوردستان بدەن، بۆ ئەوەی جارێكی دیكە ئەنفال و كیمیاباران نەكرێن، چونكە ئەگەر سەربەخۆ نەبین، دوژمنانی ئێمە هەر كاتێك بیانەوێت ئەنفالمان دەكەن، بەڵام ئەگەر بووینە دەوڵەت، ئەو كات كەس ناتوانێت دەست بۆ ئێمە درێژ بكات.''
(ناز سادق)، ئافرەتێكی دیكەیە، كە ١٠ کەس لە خزم و كەسەکانی ئەنفالن، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی دركاند: ''ئێمە پاش ئەنفال تووشی ناخۆشییەكی زۆر بووین، بەڵام خوا خێری خەڵكی هەولێر بنووسێت، كە لەو ڕۆژانەدا زۆر هاوكاری ئێمە بوون و زۆر یارمەتیی ئێمەیان دەدا، بەس بۆ ئەوەی ئێمە منداڵەكانی خۆمان بەخێو بكە.''
ڕابین شێروانی




