٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"دۆخی بازاڕ باشە و نەهاتنی خۆراک و گرانیی بازاڕ دوورە لە ڕاستییەوە"

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info-شارەزایەکى ئابوورى دەڵێت، دۆخى ئابووریى کوردستان زۆر باش و لەباره و دەتوانین بەبێ عێراق و ئێران و تورکیاش پێداویستییه خۆراکییەکانمان دابین بکەین و ئەو دەنگۆیانەش کە باس لە گرانى دەکەن، دوورن لە ڕاستییەوە.

ماوەیەکە دەنگۆى ئەوە لە نێو خەڵکدا بڵاو بووەتەوە گوایە بە هۆى ئەنجامدانى ڕیفراندۆمەوە قەیرانى خۆراک و قاتوقڕى دروست دەبێت و وڵاتان خۆراک و کەلوپەل هاوردەى هەرێمى کوردستان ناکەن، بە مەش خۆراک و کەلوپەلى ڕۆژانە لە بازاڕەکاندا گران دەبن
.
لەم بارەیەوە شارەزاى ئابوورى و مامۆستاى زانکۆ، (هیوا عەلى)، بە ماڵپەڕى فەرمیى پارتى دیموکراتى کوردستانى ڕاگەیاند: ''هیچ وڵاتێک دەرگا لە سەر هەرێمى کوردستان داناخات، چونکە وڵاتان لەو سنورانەدا بەرژەوەندییان لە هەرێمى کوردستان زیاترە و پرۆسەى ڕیفراندۆم کاریگەرییەکى نەرێنیى لەسەر ئابووریى کوردستان نابێت، چونکە ئەو پرۆسەیه ڕاستەوخۆ نابێتە هۆى ڕاگەیاندنى سەربەخۆیى، بۆیه پێویستە حکوومەت زیاتر بێتە سەرخەت و ئەو بازرگانانە سزا بدات، کە نرخى کەلوپەل لە بازاڕەکانى کوردستاندا بەرز دەکەنەوە، چونکە ئەمە لە لایەن هەندێک بازرگانى بێویژدانەوە دروست کراوە و دەیانەوێت زیان بە ئابووریى کوردستان و خەڵکەکەى بگەیەنن.''

ئەو شارەزای ئابوورییه دەڵێت: ''پێویستە خەڵکى کوردستان باش ئەوە بزانێت، نە تورکیا، نە ئێران و نە عێراق دواى سەربەخۆییش سنوورەکانى خۆیان قەپات ناکەن، چونکە بەرژەوەندییان لەگەڵ کوردستان هەیه و بریارێکى نێودەوڵەتییش نییە، کە بێت و سەربەخۆیى ڕابگەیەنیت، گەمارۆى ئابوورى بخرێتە سەرت، چونکە دۆخى ئابووریى کوردستان باشە و دەتوانین پێداویستییەکانى خۆمان دابین بکەین.''

بۆ زیاتر ڕوونکردنەوەى ئەم بابەتە کاسبکارێکى بازاڕى شێخەڵلاى هەولێرمان وەرگرت، کە ناوى (ئومێد مەجید)ە، بە ماڵپەڕى فەرمیی پارتى دیموکراتى کوردستانى گوت: ''نەبوونى خۆراک و پێداویستیى ڕۆژانە لە بازاڕەکان و گرانى شتومەکەکان دوورە لە ڕاستییەوە، ئەو دەنگۆیانە تەنیا بۆ ترساندنى خەڵکە و هیچی تر، ئەگینا تا ئێستا ئەو پڕوپاگەندانە هیچ لە گۆڕێ نینە و دەستى هەندێک بازرگانى تێدایه، ئەویش تەنیا بۆ بەرژەوەندیى تایبەتى خۆیانە.''

جێى ئاماژەیە، ئەمڕۆ ئەنجومەنى پارێزگاى هەولێر لە کۆبوونەوەدایه لەگەڵ لیژنەکانى قایمقامییەتى ناوەندى هەولێر، دەربارەى گرانکردنى نرخى شتومەک لە بازاڕەکاندا و بە پێى ئەو زانیارییانەى دەستمان کەوتوون، لیژنەکانیان ڕۆژانە سەردانى بازاڕەکان دەکەن و هەرکەسێک لە ڕووى بەرزکردنەوەى نرخەوە سەرپێچى بکات، سزا دەدرێت .


هه‌ڵكه‌وت محه‌مه‌د

هەواڵی پەیوەندیدار