باس: بە 87 ملیۆن دۆلارەکەی مالیکی دژایەتیی سەربەخۆیی دەکا.. "بەپێی یاسا، شاسوار عەبدولواحید ١٥ ساڵ زیندانی دەکرێ"

هەولێر-KDP.info- پارێزەری خاوەن پشکەکانی پرۆژەی (چاڤی لاند)ی گەشتیاری ئاشکرای دەکا، تا ئێستا زیاتر لە ١٠ ھەزار کەس، کە پشکیان لەو پڕۆژەیەدا کڕیوە، مافەکانیان نەدراوەتێ و پشکەکانی ئەو کۆمپانیایە یەک سەنت ناکەن و خاوەنەکەیشی نایانکڕێتەوە. لەلایەکی دیکەشەوە، خاوەنی ئەو پڕۆژەیە لە سەردەمی کابینەی شەشی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا، بڕی ٤٠ ملیۆن دۆلاری بە قەرز وەرگرتووە و نەیداوەتەوە، ھاوکات بەپێی بەڵگەیەکیش ٨٧ ملیۆن دۆلاری لە نووری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق وەرگرتووە.
"کاری ئەو پیاوە زۆر ناشەفافە"
(جەمال حەمەڕەشید) پارێزەری خاوەن پشکەکانی (چاڤی لاند)ی گەشتیاری، کە خۆیشیان خاوەنی ٥ پشکن بە بڕی ٥ ملیۆن دینار، بۆ (باس) رایگەیاند، لە ماوە رابردوودا چەند داوایەکیان لەسەر ئەو کۆمپانیایە تۆمار کردووە، بەڵام بەھۆی ئەوەی (شاسوار عەبدولواحید) خاوەنی کۆمپانیای نالیا، ھەموو بەڵگە و دکیۆمێنتی پشکەکانی دەست بەسەردا گرتووە و رێگەی نەداوە بکەوێتە دەستی خاوەن پشکەکان، کە ئەوەش نایاساییە کردوویەتی، سکاڵاکان دەرەنجامیان نەبووە. بەڵام ھەر بێئومێد نەبوون لە ھەوڵەکانیان بۆ گەڕاندنەوەی پارەی خوراوی ئەو خەڵکە و بەردەوام دەبن.
گوتیشی: "لەلایەن داواکاری گشتییەوە پشتگیریی کراین و نووسراو کرا بۆ بەڕێوبەرایەتیی کۆمپانیاکانی سلێمانی لەگەڵ وەبەرھێنان، بەڵام ئەوەی تێبینیمان کرد، لەو شوێنانەدا ئاسانکاریی زۆر بۆ (شاسوار عەبدولواحید) کراوە، وا بڕیار بوو لیژنەی لێکۆڵینەوە بنێردرێ بۆ ئەو سەرپێچییانەی کە کراوە، بەڵام ئەو لیژنەیە تا ئێستا ھیچی بۆ ئەو خەڵکە نەکردووە."
ئەو پارێزەرە ئاماژەیشی دا، ئەوەندەی ئاگادار بن، نزیکەی ١٠ ھەزار کەس کە زۆرینەی خەڵکی سلێمانین، پشکیان لە چاڤی لاند کڕیوە، گوتی: "کەمترین پشک یەک ملیۆن دینارە، ھەیە دەیان پشکی کڕیوە، من خۆم پێنج پشکم کڕیوە، کە تا ئێستا لە ماوەی ئەو چەند ساڵەدا جارێکیان ٣٠ ھەزار دینار بۆ ھەر پشکێک و جارێکی دیکەش ٥٠ ھەزار دینارم بۆ ھەر پشکێک وەرگرتووە، ئیتر نازانم ھەمووان وەریانگرتووە یان نا، بەڵام ئەو بڕە پارەیە لەبەرامبەر بەو پشکانە ھەر پارە نییە، ئەوە ھەر بۆ رازیکردن و بێدەنگکردن بووە."
ئەو دەڵێ، کاری ئەو پیاوە (کە مەبەستی شاسوار عەبدولواحید بوو)، زۆر ناشەفافە و ھیچ شتێک دیار نییە، گوتیشی: "من پێم وایە ئەو پارەیەم لێ خوراوە، ئەوەی دراویشە ھەر لە پارەی خۆمان بووە، ئێستاش پشکەکان یەک سەنت ناکات و خۆیشی ئامادە نییە بە پارەکەی خۆی لێمان بکڕێتەوە."
"٤٠ ملیۆن دۆلاری لە کابینەی شەشەم وەرگرتووە"
بەگوێرەی بەدواداچوونێکی هەفتەنامەی (باس) کە لە ژمارەی ئەمڕۆ سێشەممەدا بڵاو کراوەتەوە، کۆمپانیای نالیا بڕی ٤٠ ملیۆن دۆلاری لە سەردەمی کابینەی شەشەم، کە (بەرھەم ساڵح) سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران بووە، بە قەرز لە حکوومەت وەرگرتووە، بەڵام تا ئێستا ئەو قەرزەیشی نەداوەتەوە، بەو ھۆیەوە وەزارەتی دارایی بە ئیمزای (رێباز محەممەد حەملان) وەزیری دارایی لەسەر پشکی بزووتنەوەی گۆڕان، لە نووسراوێکیدا، کە کۆپییەکی دەست (باس) کەوتووە، کە ژمارە ١٠٥٩٤ی پێ دراوە، لە رێکەوتی ٥/٨/٢٠١٥، فەرمانی دەرکردووە بە پێکھێنانی لیژنەیەک بۆ وەرگرتنەوەی ئەو پارەیە، کە لە ناوەڕۆکەکەیدا ھاتووە: "بەپێی ئەو دەسەڵاتەی کە پێمان دراوە، بڕیادمان دا بە پێکھێنانی لیژنەیەک بە سەرۆکایەتی و ئەندامێکی ئەو بەڕێزانەی کە ناو و ناونییشانیان ھاتووە، بە مەبەستی ھاوبەشی و ھەڵگرتنەوەی پشک لە کۆمپانیای نالیا، لەبری ئەو قەرزەی کە لەئەستۆی کۆمپانیای ناوبراوە".
بەڵام بەپێی بەدواداچوونەکە، لەم رووەوە وەزارەتی دارایی ھیچ ھەنگاوێکی نەناوە و ئەو لیژنەیەش کارەکانی راگرتووە.
ئەوکات، (رێکەوت زەکی) ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە هەفتەناکەی رایگەیاند، کۆمپانیای نالیا چەند ساڵێکە ٤٠ ملیۆن دۆلاری حکوومەت قەرزارە و نەیداوەتەوە، بۆیە وەزارەتی دارایی لەبەرامبەردا پشکەکانی پرۆژەی چاڤی مامەڵە پێوە دەکات.
"٢ ملیار دینار قازانجی لە خاوەن پشکەکان شاردووەتەوە"
(رێکەوت زەکی)، گوتیشی: "کۆمپانیای چاڤی بەپێی دوو بەڵگەنامە، بڕی ٢ ملیار دینار قازانجی لە خاوەن پشکەکان شاردووەتەوە، یەکەمیان ژمێرەی کۆتاییی کۆمپانیاکەیە، کە لە ماوەی ٧ مانگی ٢٠١٣دا، بڕی قازانج بۆ کۆمپانیاکە ٦,٣٩٧,٦٣٦,٠٠٠ لەو قازانجەیش کە خراوەتە بەردەستی خاوەن پشکەکان، قازانجی ئەو ٧ مانگە بڕی ٤,٠١٩,٧٩١,٨٠٠ دینارە، بەوپێیەش بێت بڕی زیاتر لە دوو ملیار دینار لە خاوەن پشکەکان شاردراوەتەوە”.
ھاوکات، (عیزەت سابیر) پەرلەمانتاری یەکێتی و سەرۆکی لێژنەی داراییی پەرلەمانی کوردستان پێشتر ئاماژەی بەوە داوە، لەسەر داواکاریی گشتییە کە سکاڵا لەسەر ئەو کۆمپانیایە تۆمار بکات.
گوتویشیەتی: "پرۆژەی چاڤی پشکداری نەبووە، پێی دەگوترا کۆمپانیای نالیا، گۆڕینی کۆمپانیاکە لە سنووردارەوە بۆ پشکدار، نایاساییە و ھەر لەسەرەتاوە بە نایاسایی دروست کراوە."
سەبارەت بە بڕی ئەو پارەیەش کە ئەو کۆمپانیایە لە خاوەن پشکەکانی خواردووە، بە لێکدانەوەی ئابووریناسان بە بڕی ٣٠ ملیار دینار دەقەبڵێنرێ.
لەلایەکی دیکەشەوە، بەپێی بەڵگەیەکی دیکە کە لە میدیاکانی کوردستاندا بڵاو کراوەتەوە، (نووری مالیکی) سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق، لەژێر ناوی قەرز بۆ کۆمپانیای چاڤی لاند، بڕی ٨٧ ملیۆن دۆلاری بە نووسراوی ٦٤١ لە ٢٥ی ٥ی ٢٠١٤، داوەتە (شاسوار عەبدولواحید)، کاتێک کۆمپانیاکە داوای لە (نووری مالیکی) کردووە بە پێدانی ئەو قەرزە، (نووری مالیکی)ـیش لە نووسراوەکەیدا رەزامەندیی دەربڕیوە لەسەر خەرجکردنی ٨٧ ملیۆن دۆلار بۆ ئەو کۆمپانیایە، کە (شاسوار عەبدولواحید) خاوەنیەتی و رەتی دەکاتەوە.
"شیرینیی دژایەتیی ڕیفراندۆم پێشەکی وەرگیراوە"
لەمبارەوە (سۆران سێوکانی) نووسەر و شارەزای سیاسی لە سلێمانی، ڕاگەیاندووە، ئەو ھەڵمەتی پڕوپاگەندەیەی (شاسوار عەبدولواحید) خاوەنی کۆمپانیای (نالیا)، دژی سەربەخۆییی کوردستان دەستی پێ کردووە: "ئاشکرایە دەستێکی لەپشتە و بیروڕا نییە و بە دڵنیاییەوە شیرینییەکەی پێشەکی وەرگیراوە، ھەروەھا ئەو قسە و ھەڵوێستەی ئەو دەبێتە بەڵگەی ڕاستبوون و سەلماندنی ھەموو ئەو قسانەی کە دەکران، سەبارەت بەوەی (شاسوار عەبدولواحید)، لەلایەن (نووری مالیکی)ـیەوە پشتگیری دەکرێت و پارە لەو وەردەگرێت و ئاشکرایە دەستێک یاریی پێ دەکات".
بە بڕوای (سێوکانی)، مەبەست لەو کارەی (شاسوار عەبدولواحید): "تێکدانی بارودۆخی کوردستان بە گشتی و سلێمانییە بە تایبەتی".
لای خۆشیانەوە، ماڵپەڕی (خواکوڕک)، باسی سەردانی (شاسوار عەبدولواحید) خاوەنی کۆمپانیای نالیا بۆ ئەمەریکا کردەوە و ئاماژەی بەوە داوە، کە رێکخستنی دیدارێکی لەو وڵاتە بە بڕی ٣ ملیۆن دۆلار بووە، بەڵام پارەکەی بەفیڕۆ رۆیشتووە و ئامانجەکەی کە بۆی چووە نەھاتووەتە دی، چونکە لە رێگەیNRTـییەوە ھەواڵێکی بەپەلەی بڵاو کردووەتەوە، کە لەگەڵ کۆنگرێسمانێکی ئەمەریکایی کۆ بووەتەوە، بەناوی (ترینت فرانکس) و باسی دۆخی کوردستان و نەگونجاویی کاتی ریفراندۆمیان کردووە، بەڵام ھەر چەند رۆژێک بەسەر ھەواڵەکەدا تێپەڕ نەبوو، (ترینت فرانکس)، لە کۆنفراسی (کوردستان ھاوپەیمانی ستراتیژیی ئەمەریکایە)، پشتگیریی سەرسەختانەی لە سەربەخۆییی کوردستان کردووە.
لە کۆنفرانسەکەدا کۆنگرێسمان (ترینت فرانکس)، گوتی: "پێویستە ئەمەریکا ھاوکاریی سەربەخۆییی کوردستان بکات، چونکە کوردستان بەزۆر لکێندراوە بە عێراقەوە و ناوچەیەکی جیاوازە لە عێراق و شایستەیە بە سەربەخۆیی."
"بەپێی یاسا بێ، (شاسوار عەبدولواحید) ١٥ ساڵ زیندانی دەکرێ"
سەبارەت بە کێشەی خاوەن پشکەکانی (چاڤی لاند)، (کرمانج عوسمان) راوێژکار لە دەستەی مافی مرۆڤ لە ھەرێمی کوردستان بە (باس)ـی راگەیاندووە، وەکوو دەستەی مافی مرۆڤ لەناو دیوانی دەستە، یان لە نووسینگەکانیان کە ١٢ نووسینگەیان ھەیە لە سلێمانی و ھەڵەبجە و راپەڕین و ئەوانی ترەوە، بەشی سکاڵایان کردووەتەوە کە ھاووڵاتییان دەتوانن لەو بەشەیە سکاڵا تۆمار بکەن، گوتیشی: "ئێمە لەگەڵ داواکاری گشتی، نووسراوی فەرمییان بۆ دەکەین و کاری لەسەر دەکەین، لە پرۆسەی یاسایی و دادگاییدا ھاوکاریان دەبین و لە راپۆرتەکانی خۆشماندا ئاماژەی بۆ دەکەین و لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بڵاویان دەکەینەوە، کە کۆپییەکیشی دەدرێتە کونسووڵخانەکان."
سەبارەت بەو بەرەیەشی کە (شاسوار عەبدولواحید) بۆ دژایەتیی سەربەخۆیی و ریفراندۆم رایگەیاندووە، کە (سەعدی ئەحمەد پیرە) ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بە مردوویی لەدایک بووە، پارێزەر (دانەر عەبدولغەففار)، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، ئەوان وەکوو کۆمەڵە پارێزەرێکی خۆبەخش، سکاڵایان لەسەر (شاسوار عەبدولواحید) خاوەنی کۆمپانیای نالیا تۆمار کردووە، داوایان لە داواکاری گشتی کردووە، بەپێی یاسا ڕێکاری یاسایی لەبەرامبەر ئەو کەسەدا بگیرێتە بەر.
ئەو پارێزەرە گوتیشی: ''بەپێی ماددەی ١٥٦ی یاسای سزادانی عێراق، ھەر کەسێک کارێک بکات کە دژی پیرۆزییەکانی ھەرێمی کوردستان بێت، سزا دەدرێت، بە بەندکردن بۆ ماوەی ١٥ ساڵ، یان زیندانیکردنی ئەبەدی، مەبەستمان لە تۆمارکردنی ئەو سکاڵایە، وەکوو ھەنگاوی یەکەم، بۆ ئەوەیە ڕێگرییەک بێت، تا لە داھاتوودا کەس بیر لەوە نەکاتەوە دژی سەربەخۆییی کوردستان بوەستێتەوە و سووکایەتیی بەو پرسە نیشتمانییە بکات کە لە پرسە بالاکانی خەلکی کوردستانە."







