٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

جێگری داواكاری گشتی: پێشێلكارییەكانی عێراق رێگەدانە بە جیابووەنەوەی هەرێم.. کودەتا بەسەر دەستووردا کراوە

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info- دادوەر و جێگری داواكاری گشتی (عەبدولستار رەمەزان)، لە لێدوانێكی تایبەتیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی تایبەتی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەو پێشێلكارییە دەستووریانەی حكوومەتی عێراق بەرانبەر هەرێمی كوردستانی كردووە، بە چەند خاڵێك دەخاتە روو، وەك ئەوەی پەیوەست بە پێكهێنانی سوپای عێراقی، ماددەی 9 لە دەستووری هەمیشەیی عێراق دەڵێ: یەكەم/ (سوپای عێراق و هێزە ئەمنییەكانی لە رۆڵەكانی گەلی عێراق پێكدێت، هەر پێكهاتەیە و بەقەد قەبارەی خۆی بێ جیاوازی و دوورخستنەوە)، هەروەها دەشڵێت: "دەستوور رێگا نادات میلیشیای چەكدار لە ‌دەرەوەی چوارچێوەی هێزە چەكدارەكان پێك بهێندرێت"، ئەم دادوەرە بە سەرسووڕمانەوە ئاماژە بۆ بوونی دەیان گرووپی چەكداری جۆراوجۆر لە عێراقدا دەكات، كە هیچ پەیوەندییان بە سوپای عێراقەوە نییە.

‌جێگری داواكاری گشتی، ئاماژە بە پشتگوێخستنی پێكهێنانی ئەنجوومەنی فیدراڵی لە ماددەی 59ـی دەستووری هەمیشەییدا دەكات‌، كە ئەنجوومەنێكی یاسادانانە ‌و نوێنەرانی هەرێمەكان و ئەو پارێزگایانەیش لەخۆ دەگرێت كە لە چوارچێوەی هەرێمدا نین، كە تا ئێستا هیچ یاسایەكیشی بۆ دانەنراوە، ئەو بەردەوام دەبێت لەو پێشێلكارییانەی كە (مالیكی) و هاوشێوەكانی كردوویانە، كە وەك كودەتایەك وایە بەسەر دەستووردا و، گوتی: "حكوومەتی عێراق ئەوەیشی نەكردووە كە ماددەی 110ـی دەستوور فەرمان دەكات سەبارەت بە پسپۆڕییەتیی دەستەڵاتداریی ئیتتیحادی لە پسپۆڕییەتیی (حەسری)ـی پەیوەست بە دانوستان لەسەر پەیماننامە ‌و رێككەوتنە نێودەوڵەتییەكان"، نموونەیشی بە گرتنەوەی ئاوی زێی بچووك و زێی ئەڵوەن لە لایەن ئێرانەوە هێنایەوە، كە زیانێكی زۆری بە هەرێمی كوردستان و بەشێكی زۆری ناوچە كشتوكاڵییەكانی عێراقیش گەیاند، كەچی حكوومەتی فیدراڵ هیچ لێدوانێكی سەبارەت بەو كردەوەیە نەداوە و فززەی لێوە نەهاتووە، لە كاتێكدا دەبووایە هەڵوێستی هەبووایە.

سەبارەت بە پێشێلكاری و‌ كودەتا لەسەر دەستووریش، دادوەر(عەبدولستار رەمەزان) گوتی: "ئەوەی كە دەیبینین كودەتایە و باشترین نموونەیش بەندەكانی ماددەی 140ـی دەستوورە، بە تایبەتی ئەوەی پەیوەستە بە ناوچە كوردستانییەكان، وەكوو ئاساییكردنەوەی دۆخەكە ‌و سەرژمێری و دواتر ریفراندۆم، كە حكوومەتە یەك لە ‌دوای یەكەكان كەمتەرخەمییان تێدا دەكرد، بە بیانووی جۆراوجۆر خۆیان لە جێبەجێكردنی دەدزییەوە".

(عەبدولستار رەمەزان)  بە سەرسووڕمانەوە ئاماژە بەوە دەكات، كە‌ مەتنی ئەو ماددە دەستوورییە ‌لە بڕگەی دووەمیدا دەڵێت: (ئەو بەرپرسیارەتییەی كە لەسەر شانی دەستەڵاتی جێبەجێكار بوو لە حكوومەتی ئینتیقالی و لە ماددەی 58، یاسای ئیدارەدانی وڵاتدا هاتبوو بەپێی ئەم دەستوورە دەگوازرێتەوە بۆ دەستەڵاتی جێبەجێكردنی هەڵبژێردراو و دەبێ بڕگەكانی جێبەجێ بكرێن، لە كەركووك و ناوچەكانی دیكەی كێشە‌لەسەر، بە ‌مەبەستی دیاریكردنی ویستی هاووڵاتیانی)، كە دەبێت تا 31 ـی كانوونی یەكەمی 2007 كۆتایی پێ بێت. گوتیشی: "ئێستا لە ناوەڕاستی ساڵی 2017ـداین و دوای 10 ساڵ لە دەرچوونی ئەو بڕیارە، هێشتا وەك خۆی ماوەتەوە".

وەك ئەو گوتی، (مالیكی) و هاوشێوەكانی بڕوایان بە هاوبەشی نییە،‌ نە لە وڵات، نە لە حوكم و ئیدارەدان، بەڵكوو دەیانەوێت لایەنەكانی دیكە كار لای ئەوان بكەن، وەكوو كرێگرتە! ئەم دادوەرە پێی وایە سیاسەتی حكوومەتی عێراق، وەلانان و دوورخستنەوەی هەردوو پێكهاتەی كورد و عەرەبی سوننە دەگەیەنێ و، بەپێی دیباجەی دەستوور، ئەگەر سەرجەم ماددەكانی ئەم دەستوورە وەكو خۆی جێبەجێ نەكرێت، ئەوە هیچ واتایەك بۆ پێكەوەژیان و یەكێتیی خاكی عێراقیش نامێنێت.

 هەر بەپێی دیباجەی دەستووری عێراق، (كۆماری عێراق، دەوڵەتێكی فیدراڵە ‌و سەربەخۆییەكی تەواوی هەیە، سیستمی حوكمڕانی تێیدا كۆماری، پەرلەمانیی دیموكراتییە ‌و ئەم دەستوورە گەرەنتییە بۆ مانەوەی ئەكپارچەیی عێراق)، دادوەر (عەبدولستار) بۆچوونی وایە، كە عێراق لە ‌سایەی زاڵبوونی حیزب و میلیشیا سەربازییەكان، هاوكات ئەنجوومەنی نوێنەرانیش ئەركەكانی خۆی بەپێی دەستوور جێبەجێ نا‌كات، هەروەها یاسا گرینگەكانی وەك نەوت و گاز و دادگای فیدراڵ و هیی تر، ئەو راستییەی سەلماندووە، كە دەیانەوێت كار بە دەستوور نەكەن.

هەموو ئەو پێشێلكارییە دەستوورییانەی كە ناوەند لە چەند سالێ رابردوودا بەرانبەر هەرێمی كوردستانی كردووە، هۆكار بوون بۆ گرتنەبەری رێگەچارەی تر، ئەویش ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی و هەوڵدان بۆ جیابوونەوە لە عێراق، ئەویش لە لایەن دەسەڵاتی هەرێمی كوردستانەوە، بۆیە ئەم دادوەرە لە رونگە یاساییەكەوەیە پێی وایە ئەو هەموو پێشێلكارییە دەستوورییانە رێگە بە كورد دەدەن جیا ببێتەوە و، گوتی: "ئەم خەرقە دەستووری و یاساییانە لە ‌لایەن حكوومەتی فیدراڵەوە دۆخەكەی گەیاندە ئەمڕۆ، لەوانە نەدانی مووچە و موستەحەقاتی پێشمەرگە بۆ ماوەی چەند ساڵ، كە سەرەڕای ئەوەی‌ بەپێی یاسا پێشمەرگە بەشێكە لە مەنزوومەی بەرگریی عێراق"، گوتیشی: "بڕینی بوودجەی تایبەتی هەرێم كە 17%ـی بوودجەی عێراقە، بووە هۆی بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان".

 

خێڵان به‌ختیار 

هەواڵی پەیوەندیدار