٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لیژنەی نەوت و غازی کەرکووک: هەر رێككەوتنێکی بێ ئاگاداریی ئێمە، شکست دەبات

سەرچاوە: KDP.info

 

كەركووك-KDP.info-  لیژنەی نەوت و غازی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك دەڵێت، رازی نابن ھیچ رێككەوتنێك بە بێ ئەوان بكرێت و، ئەوەی حكوومەتی عێراقیش دەیكات وەكو كارتێكی گوشارە بۆ سەر كورد؛ چونکە هیچ ڕێککەوتنێک بێ رەزامەندیی ئەوان شکست دەبات.

(فوئاد حوسێن) ئەندامی لیژنەی نەوت و غازی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی دەڵێ، ئەوان ئاگاداری وا ڕێککەوتنێک نین و پێی وایە "ئەوەی ئێستا عێراق دەیكات كە خۆی خواستی زۆر لەسەر نەوتی كەركووك نەماوە، وەكو كارێتكی گوشار دژی كورد بەكاری دێنێت، چونكە گوایە ئەو نەوتە لە رێگەی بۆرییەوە رەوانەی ئێران دەكەن كە ئەمە ئاسان نییە و زۆر قورسە و كاتی زۆری دەوێت، ئەمەیش وەك خۆیان باسی دەكەن بۆ پاڵاوتنە، كە گواستنەوەكەی زۆری پێویستە."

(حوسێن) گوتی، زیاتر لە ١١ساڵە داوایان كردووە پاڵاوتەیەك لە كەركووك دروست بكرێت و وەزارەتی نەوتیش رەزامەندیی داوە، كە رۆژانە ١٥٠ھەزار بەرمیل نەوت دەپاڵێوێت و ئەو كاتە كەركووك و شارەكانی دیكەیش پێویستیان بە سووتەمەنی نەدەما، بۆیە ئەوان گەر لە خەمی كەركووكدا بان، ئەو پاڵاوتەیەیان دروست دەکرد، نەك نەوت بۆ ئێران ھەناردە بكەن و لەوێ بیپاڵێون.

بەگوێرەی مێدیای ئێرانی، (بیژەن زەنگەنە) وەزیری نەوتی ئێران دوای دیداری لەگەڵ (عەبدولجەبار لعێبی) وەزیری نەوتی عێراق، لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە، ئێران و عێراق لەسەر ڕاکێشانی بۆریی نەوت لە کەرکووکەوە ڕێککەوتوون، هەروەک چۆن لەبارەی هێڵەنەوتی بەسرە – ئەبادانەوە ڕێککەوتوون و لە ڕێی کۆمپانیایەکی ڕاوێژکارییەوە دەیانەوێ پڕۆسەکە بخەنە بواری جێبەجێکردنەوە.

(فوئاد حوسێن) ڕوونی كردەوە، "بەپێی ماددەی ١٢ـی دەستوور، ھەر ڕێككەوتنێكی نەوتی بكرێت، پێویستە بە ھەماھەنگیی پارێزگا و حكوومەت بێت، بۆیە ھەر رێككەوتنێك بەبێ ئێمە بكرێت، سەركەوتوو نابێت و شكست دەبات، ئێمەش پێی رازی نابین و جگە لەوەیش ئەمڕۆ بەغدا دەستەڵاتی بەسەر بەشێكی كەمی نەوتی كەركووكدا ھەیە و ئەگەر نەوتیش ھەناردە بكرێت، پێویستە لە رێگای ھەرێمەوە بێت، بۆیە لەمەیشدا سەركەوتوو نابن و شكست دەبەن".

بڵند ئیبراھیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار