وەزارەتی كشتوكاڵ ئامادەكاری بۆ ریفڕاندۆم و سەربەخۆیی دەكات

هەولێر-KDP.info- لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی بەڕێوەچوونی ریفڕاندۆم و سەربەخۆیی كوردستان، وەزارەتی كشتوكاڵ پلانێكی بۆ كەرتی كشتوكاڵ ئامادە كردووە و لە رۆژانی داھاتوودا دەخرێتە ڕوو.
دكتۆر (ئەنوەر عومەر)، بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان لە وەزارەتی كشتوكاڵ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان پلانێكی بۆ كەرتی كشتوكاڵ تایبەت بە پرسی ریفڕاندۆمی ھەیە و بڕیارە لە رۆژانی داھاتوودا وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا بیخاتە ڕوو، لەبەر ئەوە من نامەوێ وردەكاریی پلانەكە ئاشكرا بكەم تا بە شێوەیەكی فەرمی رایدەگەیێنین، بەڵام وەزارەت پلانی خۆی ھەیه بۆ كەرتی كشتوكاڵ لە كاتی راگەیاندنی ریفڕاندۆم و سەربەخۆیی كوردستاندا".
ماوەی چەند رۆژێكە دەنگۆی ئەوە لەنێو ھاووڵاتیانی ھەرێمی كوردستاندا بڵاو دەكرێتەوە كە، گوایە بە ھۆی ریفڕاندۆمە سنوورەكان دەگیرێن و كەلوپەل لە بازاڕدا گران دەبێت، بەڵام لایەنە پەیوەندارەكان ئەوەیان پشتڕاست كردووتەوە كە بە ھیچ شێوەیەك نرخی كەلوپەل بەرز نابێـتەوە.
لەبارەی گرانیی نرخی خۆراكەوە، دكتۆر (ئەنوەر) گوتی، "ئەو خۆراكانەی دەكەونە چوارچێوەی كشتوكاڵ و چاندنەوە، نرخیان ھەر وەك خۆیەتی و بەرز نەبووەتەوە، ھەتا بەرھەمی ناوخۆیش ھەبێت بە ھیچ شێوەیەك باجی گومركی لەسەر ھێنانی بەرھەمی دەرەكی ھەڵناگیرێت".
پێشتر (عەبدولسەلام ستوونی)، بەرپرسی پەیوەندییەكانی نێوان ھەرێم و توركیا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، "بە ھیچ شێوەیەك سنووری نێوان ھەرێمی كوردستان و وڵاتی توركیا داناخرێت و بەرژەوەندیی ھاوبەش لە نێوانماندا ھەیە."
قائید میرۆ




