كه‌سوكاری ئه‌نفالكراوانی بارزان: بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌نفال و كیمیاباران دووباره نه‌بێته‌وه، دەبێ سه‌ربه‌خۆ بین
بارزان-KDP.info- كه‌سوكاری ئه‌نفالکراوانی بارزان باس له رۆژه ناخۆشه‌كانی خۆیان دوای پرۆسه‌ی ئه‌نفال ده‌كه‌ن و، سوپاسی خه‌ڵكی هه‌ولێریش ده‌كه‌ن كه له‌و ڕۆژه ناخۆشانه‌دا هاوكاریی ئه‌وانیان كردووە. ئەوان لەو بیرەوەرییە تاڵ و جەرگبڕەدا جەخت دەکەنەوە، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌نفال و كیمیاباران دووباره نه‌بێته‌وه، گرینگه حزب و لایه‌نه سیاسییه‌كان یەکڕیز و یەکهەڵوێست بن و پشتگیری له ئه‌نجوومه‌نی باڵای ریفراندۆم بكه‌ن و خه‌ڵك هان بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگ بۆ سه‌ربه‌خۆییی كوردستان بده‌ن.
ئه‌نفال تاوانێكی تری نامرۆڤانه‌یه كه رژێمی به‌عسی لەنێوچوو، بۆ قڕكردن و له ناوبردنی نه‌ته‌وه‌ی كورد به دڕندانه‌ترین شێوه به كاری هێنا؛ ئەنفالی بارزانییەکان به‌شێك بوو له پرۆسه‌ی جێنوسایدی نه‌ته‌وه‌ی كورد کە بە هۆی پرۆسەیەکی بەرنامەبۆداڕیژراوەوە 182 هه‌زار مرۆڤی بێتاوانی باشووری کوردستان به ده‌ستی رژێمی به‌عس ڕپێچی بیابانەکانی ناوەڕاست و خواری عێڕاق کران و زیندەبەچاڵ کران.
لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا، 31/7/1983، رژێمی به‌عس ئابڵۆقه‌ی ئۆردوگای قوشته‌په، به‌حركه، هه‌ریر و دیانای دا و سه‌رئه‌نجام 8 هه‌زار پیاوی بارزانیی شوێن‌بزر و زینده‌به‌چاڵ كردن.
"چۆن باسی ئه‌و ڕۆژه ناخۆش و پڕتاڵهتان بۆ بكه‌م!، ئێمه‌ی ئافره‌ت له‌گه‌ڵ منداڵه‌كان مابووینه‌وه، ژیانمان هه‌موو شین و گریان بوو"، ئەمە گوتەی پڕسوێی (عایشه نووری)ـیە كه دوو كوڕ و هاوسه‌ره‌كه‌ی له‌گه‌ڵ دوو برای و هاوسه‌ره‌كه‌ی ئه‌نفال کراون و، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی:
"ڕۆژێكی زۆر سه‌خت و دژوار بوو. له قوشته‌په، بۆ ماوه‌ی 3 مانگ له بن خێمه‌دا بووین، دواتر ئۆردوگایه‌كیان بۆ ئێمه دروست كرد. ئەم باسە هیی 34 ساڵ پێش ئێستایە کە ڕژێمی بەعس له به‌ره‌بانێكی زوودا به سوپایه‌كی گه‌وره‌ی سه‌ربازی و به هه‌لیكۆپته‌ر و تانكەوە هاتن و ده‌وری ئوردوگای قوشته‌په‌یان گرت و، هێرشیان كرده ناو ماڵه‌كان و هه‌موو ئه‌و پیاوه بارزانییانه‌ی له ته‌مه‌نی لاوی تا ته‌مه‌نی به سه‌ره‌وه بوون، بر‌دیانن. لەو چرکەساتەدا هاوسه‌ر و كوڕه‌كانم خەریک بوون نانی به‌یانی بخۆن و هاوشان لەگەڵ بارزانییەکانی دیکەدا بچنه سه‌ركار بۆ پەیداکردنی بژێوی، کەچی تێکڕا دەستبەسەر کران و ئه‌نفال كران."
ئه‌و دایكه جەرگسووتاوە وەک خۆی دەڵێ، نازانێ چۆن باسی ئه‌و رۆژه کارەساتبارە بکات کە كه‌س نه‌یده‌زانی چ به‌سه‌ر پیاوه‌كانیان دێ و چارەنووسیان چ دەبێ و دەگێڕیتەوە، "ئێمه‌ی ئافره‌ت له‌گه‌ڵ منداڵه‌كان مابووینه‌وه، ژیانمان بەس شین و گریان بوو. له‌م ئۆردوگایەدا نه‌مانده‌زانی چ بكه‌ین، بە بێ‌كه‌سی مابووینەوە. شیرازەی ژیانمان تێک‌چووبوو و کەس نەبوو خەمێکمان لێ بخوا و کارێکمان بۆ بکات. ئاخر ئاو و ئه‌رزاقیان له ئێمه بڕی و قوتابخانه و نه‌خۆشخانه‌یان وێران كرد، نه‌یانهێشت منداڵه‌كانمان بخوێنن."
برینی ئەنفال هێشتا ئازاری لە دڵ و ناخی (عایشه نووری)ـدا ماوە و ئەوەی بیر نەچووەتەوە، کە پاش ئەنفالکردنی کەسوکارەکانیان، سه‌ربازانی رژێمی به‌عسی عێراق، ناوبەناو هەڵیاندەکوتایە سەر ماڵەکانیان و کونوکەلەبەر نەدەما نەیپشکنن، کەلوپەلی ناوماڵەکانیان لێ دەشکاندن و، ئازاری منداڵە جێماوەکانیسیان دەدا، "چونکە ئاویان لەسەر بڕیبووین، هه‌ندێكجار كه منداڵه‌كانمان ده‌چوون بۆ ئەوەی لە شوێنی دیکەوە ئاو پەیدا بکەن، جه‌لاده‌كانی به‌عس له‌سه‌ر رێگا ئاوەکەیان لێ ده‌ڕشتن و بە دەستبەتاڵی و دڵبەئازار دەگەڕانەوە، کە مردوویەکیشمان هەبایە،، پیاوێك نه‌بوو بیباته قه‌برستان و ئێمه ناچار ده‌بووین خۆمان(ئافرەتان) مردووی خۆمان بشارینه‌وه."
ئەم ئێوارەیە و وەک نەریتێک، لە گۆرستانی بارزان، ٣٤ـەمین ساڵیادی ئەنفالکردنی هەشتهەزار بارزانی بڕێوە دەچێت و تێیدا چەندان چالاکیی جۆراوجۆر پێسکەش دەکرێن.
(میرزا سه‌عید) كه دوو برا و 10 له خزم و كه‌سانی دیكەی ئه‌نفالن، هەرچیی ئازار هەیە لە ناخی خۆیدا هەڵی گرتووە و بێئەوەی هیچ باسێکی ڕۆژانی تاڵ و بەئازاریان بگێڕێتەوە، لە ڕێگەی ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە، ئەم بۆنە پڕلەئازارەی قۆزتەوە و گوتی "ئیتر كاتی ئه‌وه هاتووه كۆتایی به نه‌هامه‌تییه‌كانمان بهێنین و، هه‌موومان له رۆژی 25/9 ڕوو له سندووقه‌كانی ده‌نگدان بكه‌ین. با بەدەنگدانمان بۆ سه‌ربه‌خۆییی كوردستان، برینەکانمان ساڕ‌ێژ بن، با ئێمەش وه‌ك وڵاتانی جیهان وڵاتی خۆمانمان هه‌بێت، ئاخر ئه‌گه‌ر وڵاتی خۆمان هه‌بێت، جارێكی دیكه كه‌س ناتوانێت ئه‌نفال و كیمیابارانمان بكاته‌وه."
(فاتیما عه‌بدوڵڵا)ـیش سێ برا و دوو كوڕی ئه‌نفالن، سوپاسی خوا دەکات کە (سه‌ددام) و داروده‌سته‌كه‌ی هه‌موویان به سزای خۆیان گه‌یشتوون.
(فاتیما عه‌بدوڵڵا) لەم دەرفەتەدا کە یادی ئەنفالی بارزانییەکانە، دەزانێ کە ئه‌و نه‌هامه‌تیه‌ی كه به‌سه‌ر خێزانه ئه‌نفالكراوه‌كانی بارزانییه‌كاندا هاتووە، بۆ هه‌موو ئه‌نفالكراوه‌كانی ناوچه‌كانی كوردستانیشدا به هه‌مان شێوه و بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، "ئێمه باش ده‌زانین ماڵێك كه چه‌ند كوڕ و كه‌سوكاری ئه‌نفال كراون، چ ده‌ردی سه‌رییان چەشتووە، هه‌موومان وه‌ك یه‌كین. بۆیە لێرەوە پێیان ده‌ڵێم، خوێنی ئه‌وان به‌فیڕۆ نه‌چووه و له‌ژێر سایه‌ی ئه‌وان و پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌كاندا خاوه‌ن په‌رله‌مان و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانین و، ئێستایش کە حزب و لایه‌نه‌كان به‌ره‌و ئه‌و ئامانجه گه‌وره‌یه هه‌نگاو ده‌نێن كه باب و براكانی ئێمه لە پێناویدا بوونەتە قوربانی، کە سه‌ربه‌خۆیی و ده‌وڵه‌تی كوردستانه، ئەو برینە قووڵەمان ساڕ‌ێژ دەکات."
ڕابین شێروانی




