گۆڕان دەڵێ، لەسەر بنەمای ئەنجامی کۆبوونەوەیان لەگەڵ پارتیدا، بڕیار دەدەن

ههولێر-KDP.info- پەرلەمانتارێکی یەکگرتوو کاراکردنەوەی پەرلەمان بە بڕیارێکی چارەنووسساز ناو دەبات و، پەرلەمانتارێکی گۆڕانیش ئاشکرای دەکات، پاش کۆبوونەوەیان لەگەڵ پارتیدا بڕیار دەدەن.
(سوهام عومەر) ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لەسەر لیستی یەکگرتووی ئیسلامی، لە لێدوانێکی تایبەتیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، گوتی: "بڕیارەکان لە جێی خۆی بوو، چونکە دەبێتە پشتیوانییەک بۆ ریفراندۆم".
ئەو لەسەر ئەو باوەڕەیە، بە کاراکردنەوەی پەرلەمان هێزێکی زیاتر بە ریفراندۆم دەبەخشێت و دەڵێ، "چونکە پەرلەمان تەشریعییە و نوێنەری شەرعیی خەڵکی هەرێمە"، (سوهام) هیواخوازیشە وەک چۆن لایەناکانی تر بەو بڕیارە خۆشحاڵن و بە دەمیەوە دەچن، ئومێد دەکەین بزووتنەوەی گۆڕانیش بە هەمان شێوە پێشوازی لەو بڕیارە بکەن، بە هۆی بوونی پرۆسەیەکی چارەنووسسازی وەک ریفراندۆمەوە".
سەرۆکایەتیی پەرلەمان لەم خوولەدا بەدەست بزووتنەوەی گۆڕانەوە بووە و کاراکردنەوەیشی وابەستەی هەڵویستی فەرمیی ئەو بزووتنەوەیەیە کە هێشتا لەوبارەوە وەڵامی فەرمی نەبووە.
(قارەمان قادر) ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لەسەر لیستی بزووتنەوەی گۆڕان، لە لێدوانێکیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، نایشارێتەوە، کە هێشتا هیچ بڕیارێکیان لەسەر بە دەمەوەچوونی ئەو بڕیارە نەداوە و هۆکارەکەشی بۆ چاوەڕوانیی کۆبوونەوەی نێوان بزووتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموکراتی کوردستان دەگێڕێتەوە و دەڵێت: "پێشتر لە لایەن پارتییەوە داوای دانیشتن کرابوو، بەڵام بە هۆی هەڵبژاردنی خانەی راپەڕاندن نەتواندرا کۆبوونەوەکە بکرێت".
ئەو پەرلەمانتارەی بزووتنەوەی گۆڕان پێیوایە کاتێک پارتی و گۆڕان کۆ دەبنەوە، ئەوکات بڕیاری کۆتایی دەدرێت، "نەتیجەی کۆبوونەوەکە بڕیاری بزووتنەوەی گۆڕان بۆ بەدەمەوەچوونی کاراکردنەوەی پەرلەمان دەردەخات".
دوێنێ یەکشەممە، ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆییی باشووری کوردستان کۆ بووەوە و، یەکێک لەو سێ بڕیارە گرینگەی دای، ئەوەبوو کە لە ماوەی دوو حەفتەدا پەرلەمانی کوردستان دەست بە کار بکات بۆ چارەسەری کێشەکان و پشتیوانیی لە ڕیفراندۆم.
خێڵان بەختیار




