ئەبوکاروان: پێویستە گۆڕانیش بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان وەک پارتی ھەنگاو بنێت

ھەولێر-KDP.info- ئەندامێکی لیژنەی باڵای ریفراندۆم لە ھەرێمی کوردستان گوتی، ئیرادەیەکی زۆر بەھێز ھەیە بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و لەوبابەتەدا پارتی دیموکراتی کوردستانیش زۆر جیددییە و دەڵێ، ھەر چۆنێک بێت لە ماوەی ١٠رۆژدا پەرلەمان کارا دەکرێتەوە.
پارتی دیموکراتی کوردستان لە ماوەی رابردوودا چەندین دەستپێشخەریی کردووە بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان، کەچی هێشتا بزووتنەوەی گۆڕان وەڵامی فەرمی لەوبارەوە نەبووە.
بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوتی "پارتی دیموکراتی کوردستان زۆر جیددییە و پێویستیشە پێش ئەوەی پرۆسەی ریفراندۆم ئەنجام بدرێت، پەرلەمان کارا بکرێتەوە. ئێمە چاوەڕێی وەڵامی بزووتنەوەی گۆڕانین بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی دووقۆڵیش، بەڵام تاوەکو هێشتا وەڵامیان نەداوینەتەوە و ھۆکارەی وەڵامنەدانەوەش نازانرێت چییە."
دوێنێ یەکشەممە، ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم بە سەرپەرشتیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگرەکەی، کۆ بووەوە؛ تێیدا بڕیار درا، "لە ماوەی دوو حەفتەدا پەرلەمانی کوردستان دەست بە کار بکات بۆ چارەسەری کێشەکان و پشتیوانیی لە ڕیفراندۆم."
لەوبارەوە (ئەبوکاروان) ئەندامی لیژنەی باڵای ریفراندۆم لە ھەرێمی کوردستان بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند "پارتی دیموکراتی کوردستان ئەمجارە زۆر جیددییە بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و چارەسەرکردنی کێشەکان. سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی دوێنێدا گوتی کە ئامادەن بەبێ مەرج پەرلەمان کارا بکرێتەوە، خۆی ئەم هەڵوێستە جیددییەتی ئەو نیشان دەدات بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان ".
ئاماژە بەوەی کە پێشتر پارتیی دیموکراتی کوردستان چەندین مەرجی ھەبوو بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان، بەڵام ئێستا کە بێ مەرج ئامادەی کاراکردنەوەیەتی، (ئەبوکاروان) باوەڕی وایە، "ئەمە جیددییەتێکی زۆر گەورەیە و ئیرادەیەکی زۆر باشە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، بۆیە پێویستە گۆڕانیش بەھەمان شێوە ھەنگاو بنێت، چونکە دۆخی کوردستان پێویستی بەوە ھەیە لە پێناو بەرژوەندیی خەڵکی کوردستان هەمووان سازش بکەن."
لە کۆبوونەوەکەی دوێنێی لیژنەی باڵای ریفراندۆمدا لە ھەرێمی کوردستان، دوای تاوتووكردنی بارودۆخی سیاسی و دواپێشهاتەكان و هەڵسەنگاندنی هەڵوێستی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و پڕۆسەی سیاسیی ناوخۆی هەرێم، بڕیار لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە درا:
یەكەم: کۆبوونەوەکە بڕیاری دا بە ڕاسپاردنی بەڕێزان (مەسعوود بارزانی) و (کۆسرەت ڕەسووڵ عەلی) بۆ پێکهێنانی شاندی دانوستان لەگەڵ بەغدا.
دووەم: کۆبوونەوە بڕیاری دا لە ماوەی دوو حەفتە دا پەرلەمانی کوردستان دەست بە کار بکات بۆ چارەسەری کێشەکان و پشتیوانیی لە ڕیفراندۆم.
سێیەم: لەبارەی پڕەنسیپەکانی پێکهاتە و سکرتارییەتی ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم بیروبۆچوون ئاڵوگۆڕ کرا.
بڵند ئیبراھیم




